باشووری کوردستان و فرۆکەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی ئێران

باشووری کوردستان و فرۆکەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی ئێران
لە دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم حزبە کوردستانیەکانی رۆژهەڵات بە هەموو شێوەک و وەک پیویست رەچاوی بارودۆخی حکومەتی هەریم و ئەزموونی باشووری کوردستانیان کردووە، بۆ ئەوەش کە بیانوو دەست کۆماری ئیسلامی ئێران نەکەوێ سونوورەکانیان چۆڵ کردن و بارەگاکانیان گواستنەوە بۆ قۆڵایی خاکی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا رژێمی ئێران لە تیرۆر کردنی تێکۆشەرانی رۆژهەڵات و بۆردومان کردنی بارەگاکانیان لە شاری کۆیە دەستی نەپاراستووە.
بە پێچەوانەوە پەکەکە هەوڵیداوە زۆرترین کێشە بۆ حکومەتی درووست بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی لە ئاژاوە نانەوە نەپاراستووە و بە ئەنقەست هەوڵیداوە چۆن کێشە بۆ حکومەتی هەرێم درووست بکات، لەمدیو سنوورەوە چەند تەقەیەک لە سوپای تورکیا دەکەن و رادەکەنەوە ناو خاکی هەرێم.
ئەوەی جێگای سەرنج و سەرسووڕمانە چەند حزبێکی سلێمانی و هەندێ بەناو رۆشنیری بە رواڵەت بێلایەن و لە ناخدا حزبی، بۆ بۆردوومانی فرۆکەکانی تورکیا دەیکەن بە هەرا و موزایەدە و ئەویان شتێکی باشە، بەڵام بۆ بۆردوومانی تۆپخانەکانی ئێرانیش لێفەی بێدەنگی بەسەر خۆیان هەڵدەکێشن، ئەوەیان جێگای گومان و پرسیارە، ئەوە لە کاتێکدایە تورکیا و ئێران دوو دوژمنی کوردن و کورد دەکوژن و هەر یەکەشیان داگیرکاری بەشێکی کوردستانە، بەڵام ئەو حزب و بەناو رۆشنبیرانە کوشتنی کورد لە لایەن ئێرانەوە بە رەوا دەزانن و تۆپبارانەکەشی بە نیعمەت.
لێرەدا روو لەو حزب و بەناو رۆشنبیرانە دەکەم و پێیان دەڵێم: ئایا ئێران داگیرکار و کوردکوژ نییە؟! ئایا تیرۆرکراوەکانی دەستی ئێران کورد نین؟! ئایا پەنابەرانی دانیشتووی کۆیە و ئەو ژن و منداڵانەی بە سارۆخبارانەکانی ئێران دەکوژرێن کورد نین؟! ئایا ئەو کچ و کوڕانەی بە بۆردومانی تۆپخانەکانی ئێران شەهید دەبن کوردی باشوور نین؟! یان ئەو حزب و بەناو رۆشنبیرانە چاوی لای زوڵم و ستەمی ئێران و ئەو کوردانەی رۆژهەڵات و باشوور کە بە بۆردوومانەکانی ئێران شەهید دەبن نووقاندووە و نایانەوێ بیانبینن.
Top