پەکەکە و فەلسەفەی بە دیموکراتیزە کردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
July 8, 2019
وتار و بیروڕا
پەکەکە تا ئێستا نەیتوانیوە گوندێک یان لوتکەی چیایەکی باکوور ئازاد بکا و لەو ناوچانە حەواوەتەوە کە بە خوێنی پێشمەرگە و خەباتی نەپساوەی کوردانی باشوور ئازاد کراون، کەچی دوژمنایەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم و ئەزموونی باشووری کوردستانی پێش دوژمنانی کورد و هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان خستووە و روون و ئاشکرا دەڵێن: دژی دەوڵەتی کوردین و لە هەر بەشێکی کوردستان دەوڵەتی کوردی دابمەزرێ بە گژیدا دەچینەوە.
پەکەکە پرۆسەی بنیاتنانی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش پرۆسەی رزگاری نیشتیمانە داگیرکراوەکی و ئازادی گەلە ژێردەستەکەی خستووە و بانگەشەی ئەوەش دەکات: لە رێگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتەوە کورد رزگار بکات، لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیدانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمەریکا و روسیا و بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپایە، ئەوە جگە لە بەرژوەندی وڵاتانی ناوچەکە و لە ناویشیاندا بەرژەوەندی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان.
ئەو درووشمەی پەکەکە بۆ حزبێک کە وڵاتەکەی دابەشکراو و داگیرکراو و گەلەکەشی ژێردەستە و چەوساوەیە و تا ئێستاش نەیتوانیوە هیچی بۆ بکات، بە تایبەتیش لە ناوچەیەک کە سەرچاوەی کلتووری تیرۆر و توندڕەوی نەتەوەیی و سەرەڕۆیی ئایدۆلۆژیە، نەک خەیاڵی و ئەقڵانی نییە، بەڵکو بۆ وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا و روسیاش خەیاڵی و ئەقڵانی نییە،
ئاخر پەکەکە بەو فەلسەفەی هەڵیگترووە تا ئێستاش نەیتوانیوە تورک و عەرەب و فارس دەستبەردای کوردکوشتن بکات، یان لانی کەم وا بکات واز لە کلتووری پاوانخوازی نەتەوەیی و توندڕەوی ئایدۆلۆژی و خواستی تیرۆریستی و سەربڕین بێنن و فێری پێکەوەژیانیان بکات، چۆن دەتوانێ هەموو بەرژەوەندیە ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لە نێو ئەو درووشمە خەیاڵئامێزەی خۆیدا کۆ بکاتەوە؟!