بارزانی و رێبازەکەی، زیاتر لە دوژمنێک
July 2, 2019
وتار و بیروڕا
ئەوە یاسایە و بە درێژایی مێژوو پەیڕەو کردنی سیاسەتی داگیرکاری داگیرکاران و خەبات و تێکۆشانی داگیرکراون بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە شەڕ و بەیەککەوتنی بەردەوامدا بوون، لێرەوە سەرەداوی ئەو نهێنیەمان دەست دەکەوێ کە بارزانی و رێبازەکەی بۆچی زیاتر لە دوژمنێکیان هەبووە، دیارە دوژمنانی کورد وەک داگیرکار بە دوای بەدیهێنانی تێرکردنی خواستی داگیرکاری خۆیاندا گەڕاون، بارزانی نەمریش وەک هەڵگری ئامانجی سەربەخۆیی بەرپەرچی ئەو خواستەی داگیرکارانی کوردستانی داوەتەوە، بە هەموو پێوەرە سیاسی و مێژووییەکانیش ئەو دوو هەڵوێستە دژ و پێچەوانە دەبنە دوژمنی سەرسەختی یەکتری، هەر ئەوەش وایکردووە داگیرکارانی کوردستان بارزانی و رێبازەکەی بە دوژمنی خۆیان بزانن، جۆری دووەمی دوژمنانی بارزانی و رێبازەکەی ئەو کەس و دەستە و گرووپە کوردە خیانەتکارانەن کە هاوسۆزی داگیرکارانی کوردستانن و لە زۆر قۆناغدا لەگەڵیان هاوهەڵوێست و هاوسەنگەر بوون.
یەکگرتنەوەی داگیرکارانی کوردستان لە دوژمناکاری بۆ بارزانی و رێبازەکەی مەبەستیان ئەوە بووە بەردەوامی بدەن بە سیاسەتی داگیرکاری خۆیان و هێشتنەوەی کورد بووە بە ژێردەستەیی، تا لەو رێگەیەوە بتوانن حەز و ئارەزووی شۆڤێنیستی خۆیان تێر بکەن و درێژە بە سیاسەتی داگیرکاری بدەن، هەرچی کەس و دەستە و گرووپە خیانەتکارەکانی کوردش بوون، راوی بەرژەوەندیەکانی خۆیان کردووە و بەرژەوەندیەکانیان لە کوێ بووبن خزمەتی ئەو شوێنەیان کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش زۆرترین جار و لە قۆناغی زۆر هەستیاردا ئەو کەس و دەستە و گرووپانە چوونە ژێر رکێفی داگیرکارانی کوردستان و بە فەرمانی ئەوان جووڵاون.
ئێستا ئەوەی گرنگە دوژمنەکانی بارزانی و رێبازەکەیمان ناسین، هۆکاری دوژمنکاریەکە و ئامانجەکانیشمان دەست نیشان کردن، بەوەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە داگیرکارانی کوردستان و کەس و دەستە و گرووپە خیانەتکارەکانی کوردیش، بارزانی نەمریان لەسەر سیاسەتی داگیرکاری و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بە مەترسی زانیوە و ئێستاش هەمان مەترسی لە رێبازەکەیدا دەبینن، ئەوەش ئەو پرسیارە لای خوێنەر درووست دەکات، کە چی وایکرووە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان و کەس و دەستە و گرووپە خیانەتکارەکانی کورد لە دوژمنایەتی کردنی بارزانی و رێبازەکەیدا یەکبگرنەوە؟
داگیرکارانی کوردستان ترسیان لەو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیە بوو کە بارزانی نەمر دەنگە شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرەکانی پێ لە کارنامەیەکی سیاسی و خەباتی رزگاری نیشتیمانیدا کۆکردنەوە، چونکە باش دەیانزانی ئەوە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانن کورد بە مافی سەربەخۆیی دەگەیەنن، گەیشتنی کوردیش بە مافی سەربەخۆیی کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکاری ئەوان دێنێ و حەزی شۆڤێنیستیان لە گۆڕ دەنێ، بۆیە لە پرۆسەی دوژمنایەتی کردنی بارزانی و رێبازەکەی هەموو کێشە مێژوویەکانی خۆیان بەلاوە دەنان و یەک دەنگ و یەک بڕیار دژی دەوەستان و پیلانی هاوبەشیان لە دژی دەگێڕان.
کەس و دەستە و گرووپە خیانەتکارەکانی کوردیش کە بەرژەوەندی و نانیان لە خۆفرۆشی و خزمەت کردنی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دایە، ئەگەر کورد بە ئامانجی سەربەخۆیی بگات کە تاکە ئاواتی بارزانی نەمر بووە، ئەوکات بازاری خۆفرۆشیان بەسەردا دادەخرێ و کەس نامێنێ وڵاتیان لێ بکرێ و دەستکەوت و ئیمتیازاتی خۆفرۆشیان پێ بدات.
ئەوەی زۆر گرنگە و لەو شرۆڤەیەی سەرەوە دەرکەوت و دەمەوێ لەم بەشەی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە کە بارزانی نەمر تا لە ژیاندا بوو ویستگەیەکی گرنگی لە ژیانی سیاسی و خەباتی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا درووست کرد و لەو وێستگەیەدا سەربەخۆیی کوردستانی کردە دوا ئامانجی هەموو کوردپەروەر و شۆڕشگێڕانی کورد، دوای ئەوەی کۆچی دواییشی کرد، هەمان ئەو وێستەگە گرنگەی بۆ بە رێباز کردین و ئێستاش کوردپەروەر و شۆڕشگێڕان لەو رێبازەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد و گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی دەڕوانن، لە بەرامبەر ئەو وێستگە گرنگەش هەموو داگیرکارانی کوردستان و کەس و دەستە و گرووپە خیانەتکارەکانی کوردیش، لە دژایەتی کردنی بارزانی و رێبازەکەی هاوڕا و هاوئامانجن و بە دوژمنی خۆیانی دەزانن.