٣١ی ئابی پارتی و ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتی وەڵامێک بۆ وەستا رەسوڵ

٣١ی ئابی پارتی و ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتی وەڵامێک بۆ وەستا رەسوڵ
وەستا رەسوڵی تەمەنناخواز دەڵێ: ئەگەر یەکێتی خاوەنی ١٦ی ئۆکتۆبەر بێ، ئەوا پارتیش خاوەنی ٣١ی ئابە، وەستا رەسوڵ راست دەکات و کەس گلەیی لەو راستی گوتنەی کاک وەستا رەسوڵی تەمەنناخواز نییە، بەڵام دەبێ وەستا رەسوڵ و هەموو وەستا رەسوڵەکانی تر ئەو راستییە بزانن، کە ٣١ی ئاب کاردانەوەی ئەو پیلانگێڕیەی نێوان حزبەکەی و سوپای پاسدارانی ئێران بوو، کاردانەوەی بۆردوومان کردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هێنانی چەندین خەبیری سەربازی ئێران بوو بۆ شاری هەولێر، ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتیش کاردانەوەی ریفراندۆم و دەنگ بڕیاری خەڵک و خواستی سەربەخۆیی کوردستان بوو، کاردانەوەی خۆزگەی لە مێژینەی شۆڕشگێڕان و بەری رەنجی خوێنی شەهیدان بوو.
لە ٣١ی ئابدا من وەک پێشمەرگەیەکی بەشدار بوو لە لوت شکاندنی سوپای پاسداران، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی گوتمان: یەکێتی بەژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیدا سوپای پاسدارانی ئێرانی هێنا و لە کۆیە حزبی دیموکراتیان پێ بۆردوومان کرد، لە گەڕانەوەیاندا دەکرێ بەسەر لاشەی ئێمەدا بڕۆن، وەستا رەسوڵیش لە ١٦ی ئۆکتۆبەر گوتی: تەمەننا دەکەم حەشدی شەعبی و سوپای عیراق بێن.
ئێمەی پێشمەرگە و وەستا رەسوڵ لەگەڵ بەڵێن و پەیمانی خۆمان راستگۆ بووین و هەردوو لاشمان بەڵێنی خۆمان بردەسەر، ئێمە لوتی سوپای پاسدارانمان شکاند و وەک ماڵی قەڵب بەسەر ئەوانەمان دادایەوە کە پێشقەتاریان بۆ کردبوو، وەستا رەسوڵیش تەمەنناکەی هاتەدی و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هاتن و کەرکوکیان بەو دەردە برد کە ئێستا دەیبینین و راکان جبوری تەعریبی دەکاتەوە.
Top