کێشەی کەرکوک

کێشەی کەرکوک
بە درێژایی مێژووی درووست بوونی دەوڵەی عێراق ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک کێشەی نێوان کورد و رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بووە، لە هەموو وێستگەکانی گفتوگۆی نێوان شۆڕش و حکومەتی بەغدا تا ئەو کاتەی باس هاتۆتە سەر یەکلا کردنەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک گفتوگۆکان زۆر ئاسایی چوونە پێش، بەڵام کاتێ باس هابۆت سەر کەرکوک گفتوگۆکان بە بنبەست گەیشتوون، لە دوای رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر کێشەی کەرکوک رێڕەوی راستەقینەی خۆی بەرداو کێشەکە لە نێوان کورد و حکومەتی بەغدا کرا بە کێشەی نێوان پارتی یەکێتی و ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوکیش گۆڕا بۆ پۆستی پارێزگارێکی کورد و یەکێتی.
هەرچی پارتی بوو پێی وابوو کێشەی کەرکوک لەگەڵ بەغدایە و بە دانانی پارێزگارێکی کورد و یەکێتی یان هەر لایەنێکی تر، کێشەکە چارەسەر ناکرێ و لە خەم و ئازاری کەرکوکیەکانیش کەم ناکرێتەوە، چونکە بەلای پارتییەوە لە پۆست گرنگتر دیاری کردنی چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ کێشەی کەرکوک، لە پۆستی پارێزگارێکی کوردی بێدەسەڵات گرنگتر ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک و نەهێشتنی ئەو دۆخە سەربازیەیە کە بە زۆر و لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەسەر کەرکوک و کەرکوکیەکاندا سەپێنراوە، لە پۆستی پارێزگارێکی بە کۆیلەکراو گرنگتر جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و یەکلا کردنەوەی ناسنامەی کەرکوکە.
یەکێتی بە پێچەوانەی پارتی و حزبیانە لە کێشەکەی دەڕوانی و کێشەی کەرکوکی لە کێشەی نێوان کورد و حکومەتی عێراق بچووک کردەوە و کردیە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، ئاسایی کردنەوەی دۆخی شڵەژاوی شارەکە و کێشەی یەکلا کردنەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوکیشی لە دانانی پارێزگارێکی کورد و یەکێتیدا کورت هەڵێنا.
گریمان وەک یەکێتی دەڵێ پارێزگارێکی کورد و یەکێتی بۆ کەرکوک دانرا، ئایا کێشەی کەرکوک چارەسەر دەبێ؟ ئایا بەغدا رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ئەو پارێزگارە کورد و یەکێتیە جێبەجێ دەکات؟ گریمان رێوشوێنە یاساییەکانیش جیبەجێ کران! ئەوکات پرسیارە گرنگرگە ئەوەیە: ئەو پارێزگارە کورد و یەکێتیە لەو دۆخە سەربازیەی بەسەر کەرکوکدا سەپێنراوە و لەژێر هەژموونی سەربازی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق چی دەکات و چی پێدەکرێ؟؟؟
Top