مەترسیە گەورەکە و تووشبوون بە ڤایرۆسی خیانەت
May 23, 2019
وتار و بیروڕا
لە قۆناخی خەباتی رزگاری نیشتیمانی مەترسی گەورە ئەوکاتە دەردەکەوێ کە لە درزی دابین کردنی بەرژەوەندی حزبی یان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیە حزبی و کەسیەکان مامەڵە لەگەڵ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بکرێ، چونکە زۆر جاران وا رێدەکەوێت بەرژەوەندیە حزبی و کەسیەکان ئاراستەی پێچەوانەی بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان وەربگرن، ئەوکاتیش هێڵە سوورەکانی بەردەم ئاسایشی نەتەوەیی پێشێل دەکرێن و هیچ شتێک نامێنێ بەناوی رێزگرتن لە پیرۆزیەکانی مێژوو و پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا و چڕ کردنەوەى هەوڵەکان لەسەر بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و دوور لە هەڕەشەی دوژمنان، لێرەوە ڤایرۆسی خیانەت بڵاو دەبێتەوە، هەر کاتێکیش ڤایرۆسی خیانەت بڵاو بووەوە دەرفەتە زێڕینەکان دەکەونە بەر هەژموونی پێلانگێڕی دوژمنان.
ئەگەر گەل بە جەستەی مرۆڤ بچوێنین، هەر یەکێک لە حزبەکان دەبنە ئەندامێکی ئەو جەستەیە، ئەگەر یەکێک لەو حزبانە هەڵگری ڤایرۆسی خیانەت بێ، وەک ئەوە وایە ئەندامێکی جەستەی مرۆڤەکە تووشی شێرپەنجە ببێ، ئەوکات ئەو مرۆڤە تووشی لاوازی دەبێ و ناتوانێ وەک مرۆڤێکی ئاسایی کار و چالاکیەکانی ئەنجام بدات و لە ژیانی ئاسایی بەردەوام بێ، زۆر بەڵگەش هەن و زۆر جارانیش هەڵگرانی ڤایرۆسی خیانەت دەرفەتی زێڕینیان لە دەست کورد دەرهێناون و رووداوەکانیان بە سوودی دوژمنان شکاندوونەوە.
جا بۆ ئەوەی خۆمان لەو مەترسیە گەورە و تووشبوون بە ڤایرۆسی خیانەت بە دوور بگرین، پێویستە وشیاری نەتەوەیی پێش وشیاری حزبی بخەین، ئەوکات ململانێ و رکابەری حزبی ئاراستەیەکی درووست وەردەگرن و حزب دەبێتە ئامرازی خزمەت کردنی گەل و نیشتیمان و لە باتی بۆڵە بۆڵی حزبی، کۆدەنگی نەتەوەیی لەسەر پرسە نیشتیمانیەکان دروست دەبێ و پێچەوانەی ئێستا یەک ڕیز و یەک هەڵوێست لە بەرامبەر دوژمنان دەوەستین.