نێچرڤان بارزانی و ئەرکی تازەی

نێچرڤان بارزانی و ئەرکی تازەی
بەشی دووەم و کۆتایی
پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەگەر پێشی پێ نەگرابار و بە گیانبازی پێشمەرگە لە داستانی پردێ و سحێلا نەوەستێنرابا، زۆر لەوە فراوان تر و بەربڵاو تر بوو کە بە داگیر کرنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر کۆتایی پێ بێت، کۆتا خاڵی ئەو پیلانە داگیر کردنەوەی هەولێر و دهۆکیش بوو، پیلانەکە وا دانرابوو کە کەرکوک رادەستی حەشدی شەعبی بکرێ و لە بەرامبەردا حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هەولێر و دهۆک داگیر بکەن و رادەستی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەریان بکەن، واتا کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بۆ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و هەولێر و دهۆکیش بۆ گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو کات حەشدی شەعبی و سوپای عێراق وەک ئێستای کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بەسەر حکومەتی هەرێمیشدا باڵادەست دەبوون و هەر کاتێک بیانویستبا بە بڕیاریکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و پشتیوانی حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێندرایەوە، بەڵام داستانی پردێ و سحێلا و بەرگریەکانی پێشمەرگە لەو قۆناخەدا پیلانگێڕیەکەیان وەستاند.
دوای وەستانی تایمی یەکەمی پیلانگێڕیەکە، تایمی دووەمی پیلانەکە بە راکەڕاکی وەفدی دوو قۆلی و سێ قۆڵی ئەو لایەنانە بۆ بەغدا و کار کردنیان لەسەر هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و دامەزراندنی حکومەتی (ئینقاز) دەستی پێکرد، ئەو هەوڵەی ئەو حزب و لایەنانە هاوکات بوو لەگەڵ گەمارۆ سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانی هەر یەکە لە حکومەتەکانی عێراق و ئێران تورکیا، واتا پیلانەکە وا داڕێژرا بوو لەناوخۆ بۆ هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم گوشار بکرێ و داگیرکارانی کوردستانیش بە گومارۆی سیاسی و ئابووری هاوکار و پشتیوانیان بن، بەڵام بەرگریەکانی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و دیبلۆماسیەتی کاک نێچیرڤان بارزانی کۆتایی بە دوا قۆناخی پیلانگێڕیەکە هێنا و کورد و حکومەتی هەرێم سەرکەوتوو بوون.
لە سەرەتای بەشی یەکەمدا پرسیاری ئەوەمان کرد کە ئایا کاک نێچیرڤان بارزانی لە ئەرکی تازەی سەرکەوتوو دەبێ یان نا؟ باسمان لەوەش کرد کە ئەرکەکە دوو لایەنە و لایەنێکیان پەیوەندی بە ئەزموون و کارامەیی کاک نێچیرڤان بارزانی هەیە و لایەنەکەی تریش پەیوەندی بەوە هەیە کە لایەنەکان تا کوێ هەست بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی دەکەن.
کاک نچیرڤان بارزانی لە رابردوودا سەلماندوویەتی کە کەسێکی خاوەن ئەزموونە و سەرکەوتوو بووە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا ئەو لایەنانە لەسەر پیلانگێڕیەکانی رابردوویان بەردەوام دەبن؟! یان بە خۆیاندا دەچنەوە و هەستیاری قۆناخەکە و شڵەژانی ناوچەکە و رووداو و گۆڕانکاریە چاوەڕوان کراوەکان و داهاتووی کورد لەبەر چاو دەگرن؟
دیارە کاک نێچیرڤان بارزانی (وەکازی موسا پێغەمبەر)ی پێ نییە تا بتوانێ هەموو پیلانگێڕیە ناوخۆیی و هەرێمیەکان پووچەڵ بکاتەوە، بە تایبەتیش لە قۆناخێکی هەستیاری وەک ئێستادا کە رووداوە گەرمەکانی ناوچەکە و کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران داهاتوویەکی تەمومژارویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست کردووە، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانە کورد گوتەنی: ئەگەر گوڵ نین دڕکیش نەبن، لە کاتێکدا پێویستە گوڵ بن و چیتر چیتر وەک رابردوو دڕک لەبەردەم خەباتی رزگاری نیشتیمانی و هەنگاوەکانی بەرەو سەربەخۆیی کوردستان نەچێنن، چونکە رووداوەکان بە جۆرێکن چاوەڕوان دەکرێ گۆڕانکاری گەورەیان لێ بکەوێتەوە، لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکیش سیحری سیاسەتی داگیرکاری دوژمنانی کورد بەتاڵ دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو حزب و لایەنەکان هەست بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی بکەن، بە تایبەتیش ئەو حزب و لایەنانەی لە رابردوودا بۆ بەگژدا چوونەوەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی وەک داگیرکارانی کوردستان لە بۆسە دابوون و جێبەجێکاری پیلانەکانی دوژمنان بوون ،هەڵوەستە بکەن و ئاوڕێک لە داهاتووی پڕکارەسات و خوێناوی کورد بدەنەوە و لەناو گۆڕنکاریەکان بەرەو داهاتوو هەنگاوی نەتەوەیی هەڵبگرن
Top