نێچرڤان بارزانی و ئەرکی تازەی
May 20, 2019
وتار و بیروڕا
پرسیاری گەرمی رۆژ ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی لە ئەرکی تازەی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟ وەڵامی ئەو پرسیارە دەمانگێڕێتەوە بۆ رابردوو، چونکە وەڵامی پرسیارەکە دوو لایەنی هەیە، لابەنێکیان پەیوەندی بە هێز و توانا و کارامەیی کاک نیچیرڤان بارزانییەوە هەیە و ئەویش لە رالبردوودا سەلماندوویەتی کە توانای بەڕێوە بردنی ئەو ئەرکەی هەیە، لایەنەکەی تریش پەیوەندی بەوەوە هەیە حزب و لایەنەکانی تر تا کوێ هەست بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و هەستیاری قۆناغەکە دەکەن و هاوکار و هەماهەنگی دەبن، یان وەک چەند ساڵی رابردوو کێشە و گرفت درووست دەکەن؟!
کاتێک سەرۆک بارزانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، قەیران لە دوای قەیران و پیلان لە دوای پیلان روویان لە کوردستان کرد، ئەوە قەیرانی دارایی و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە شەڕ فرۆشتنی بەغدا و هەڕەشەکانی نوری مالیکی بۆ داگیرکردنی کەرکوک و گەڕانەوە بۆ هەولێر و سلێمانی دهۆک، ئەوە سەرهەڵدانی داعش و پەلامارەکانی بۆ سەر کوردستان و زۆر قەیرانی تر، لە درووست کردنی هەموو ئەو قەیرانانەش دەستی پیلانگێڕانی ناوخۆیان لە پشت بوو، وەک ئەوەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و بودجەی حکومەتی هەرێم، کە لەسەر پێشنیاری بەرپرسێکی باڵای ناو حزبێکی دیاریکراوی کوردی بوو، هەڕەشەی نوری مالیکی بۆ داگیر کردنەوەی کەرکوک و گەڕانەوەی بۆ هەولێر و سلێمانی دهۆک، کە ئەویش بە هاندانی بەرپرسێکی باڵای ناو هەمان حزب بوو.
هاوکات لەگەڵ درووست کردنی ئەو قەیرانانەش چەند لایەنێک بێ لەبەر چاو گرتنی بوونی ئەو قەیرانانە و مەترسی کەوتنە سەر حکومەتی هەرێم و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی کەوتنە پیلانگێڕان، ئەوە پیلانگێڕی ٢٣ی حوزەیران و کودەتاکەی ناو پەرلەمان، ئەوە ئاژاوە نانەوەی سەر شەقام و پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی، ئەوە بایکۆت و پەکخستنی پرۆسەی پەروەردە و کەرتی تەندرووستی، ئەوە راکردنی بەرپرس و پەلەمانتارانی ئەو حزبانە بۆ ئەوروپا و ناو زڕاندنی حکومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە و زۆر پیلانگێڕی تریش، هەموو ئەو پیلانگێڕیانەش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی بوون لە پەلامارەکانی داعش و بیانوو گرتنەکانی بەغدا و هەڕەشەکانی نوری مالیکی، چونکە لەو کاتەدا سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لە خەمی پاراستنی کوردستان و بە رەواندنەوەی مەترسیەکانی داعش و بیانوو گرتنەکانی بەغدا و هەڕەشەکانی نوری مالیکییەوە خەریک بوو، بەڵام ئەو حزب و لایەنانە لە هەوڵی ئەوەدا بوون چۆن بە مەرامە حزبیەکانیان بگەن لەکاتێکدا گەیشتن بە مەرامە حزبییەکانیان بەو رێڕەوەی دیاریان کردبوو کورد و سەنگەرەکانی بەرگری پێ لاواز دەبوون.
سەرۆک بارزانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان و بنیاتنای داهاتوویەکی دوور لە مەترسی، لە قۆناغەدا کۆدەنگی ناو لایەنەکان و گوتاری نەتەوەیی و یەکخستنی ناوماڵی کوردی بە پێویستییەکی مێژوویی زانی، بۆ ئەو مەبەستەش لە رۆژی ١٨/٥/٢٠١٥ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەنجامدا، ئامانجی سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیە پێکهێنانی ئەنجوومەنێک بوو بۆ سەرپەرشتی کردنی بەڕێوە چوونی ریفراندۆم و بەرەنگار بوونەوەی مەترسیەکان و هەر پێشهاتێکی تر کە بێتە پێش، بەڵام چەند لایەنێک خۆیان لەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیە دزیەوە و ژێر بە ژێر لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان سەرقاڵی پیلانگێڕان بوون، ئەو پیلانگێڕیەش بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش کراو و دوا قۆناغی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دژ بە دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان ئەنجام درا، لایەنی ئەنجامدەر دیار بوو، بەڵام لایەنەکانی تریش وەک رازی بوون بەو پیلانگێڕیە بێدەنگیان هەڵبژارد و وەک پشتیوانی و رەوایی دانیش بەو پیلانگێڕیە، داوای دادگایی کردنی ئەو کەس و لایەنانەیان دەکرد کە بە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم هەستاون و دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستانیشیان بە سەقەت ناو دەبرد.
ئەو لایەنە سیاسیانە ئەوەندەی دژایەتی کردنی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی (سەرۆک بارزانی)یان بەلاوە گرنگ بوو، ئەوەندە دژایەتی کردنی داگیرکارانی کوردستانیان بەلاوە گرنگ نەبوو، لە هەموو کیشەکانی نێوان کورد و داگیرکارانی کوردستاندا وەک ئەوان دەدوان و وەک ئەوانیش هەڵوێستیان دەنواند، بۆ ئەوەی پیلانەکانیشیان کاریگەر بن، کورد گوتەنی لەگەڵ گورد گۆشتیان دەخوارد و لەگەڵ مەڕیش شینیان دەکرد، لە ژوورە تاریکەکان و لەگەڵ دوژمنان پیلانیان دادەڕشت و لە شەقامیش بۆ بنیاتنانی دیموکراسی و بژێوی خەڵک دەگریان، بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەو راستییە پیلانی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و دامەزراندنی حکوموتێکی (ئینقاز)یان دادەڕشت کە لە بەشی دووەمی ئەم باسەدا زیاتر تیشکی دەخەیەنە سەر