یەکێتی و پۆستی پارێزگاری کەرکوک

یەکێتی و پۆستی پارێزگاری کەرکوک
یەکێتی پرۆسەی گەڕانەوەی تەعریب و هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر کەرکوک و کەرکوکیەکان هاتووە، دەگێڕێتەوە بۆ نەبوونی پارێزگارێکی کورد و بانگەشەی ئەوە دەکات: ئەگەر کوردێک و لەناو کوردیش یەکێتییەک ببێتە پارێزگار پرۆسەی تەعریب و نەهامەتیەکانی سەر کوردیش لەو شارە کۆتاییان دێت، لێرەدا دەپرسین: ئایا کێشەی کەرکوک کێشەی ناسنامەیە یان کێشەی ناسنامەی پارێزگار؟ ئایا بە بوونی کوردێکی یەکێتی پرۆسەی تەعریب و کێشەی کەرکوکیەکان کۆتایی دێت؟ ئایا ئەو پارێزگارە دەتوانێ پێش بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و خواستی عرووبە و داواکاریە زۆر و زەوەندەکانی بەرەی تورکمانی لەو شارە بگرێ؟ .
شوان داودی پەرلەمانتاری یەکێتی دەڵێ: لە قومارێکدا کەرکوک دۆڕێندرا، ئەو گوتنەی شوان داودی وەڵامی هەموو پرسیارەکانی سەرەوەیە، یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر قوماری کرد و قومارچیەکانیش قومارزان نەبوون، بەو قومارە کەرکوکی لەدەست کورد و کەرکوکیەکان دەرهێنا.
گریمان ئێستا کوردێک و لەناو کوردیش یەکێتییەک بوو بە پارێزگار، دەپرسین: ئەو کوردە یەکێتیە دەتوانێ قەرەبوی ئەو دۆڕانە بکاتەوە؟ خۆ سەرۆک کۆمار کوردە و لەناو کوردیشدا یەکێتییە، تا ئێستا نەیوێراوە لەسەر تەعریب کردنەوەی کەرکوک و نەهامەتی کەرکوکیەکان لێدوانیش بدات، گەورە راوێژکارەکەشی کوردە و لەناو کوردیشدا یەکێتییە و لەناو یەکێتیشدا یەکێکە لە قومارچیەکان، ئەویش بێدەنگە و (حەیاتم) ناچێتە شۆڕیجە و دەستێ دۆمینە بکات.
ئێستا بیانووی یەکێتی ئەوەیە کە پارتی هاوکاریان نییە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، گریمان پارتی هاوکار بوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، یەکێتی دڵنیا دەکەم کە پۆستی پارێزگار بەو بارودۆخەی ئێستا وەرناگیرێتەوە، گریمان من هەڵە بووم و پۆستی پارێزگار درایەوە بە یەکێتی، ئەوجار لەناو یەکێتی کێشەی ئەوە درووست دەبێ کێ پارێزگار بێ و سەر بەکام باڵ و لەناو باڵەکەش سەر بە کام کوتلە بێ، گریمان ئەوەش چارەسەر کرا، ئەوکات پارێزگار بەدەست حەشدی شەعبییەوە لە بووکەڵەیەک زیاتر نابێ، بۆیە پارتی لەگەڵ ئەوەدا نییە کوردێک بەدەست حەشدی شەعبییەوە ببێتە بووکەڵە، جا ئەو کوردە هەر کەسێک بێ و سەر بە هەر حزبێک بێ.
Top