یەکێتی و پۆستی پارێزگاری کەرکوک
May 18, 2019
وتار و بیروڕا
شوان داودی پەرلەمانتاری یەکێتی دەڵێ: لە قومارێکدا کەرکوک دۆڕێندرا، ئەو گوتنەی شوان داودی وەڵامی هەموو پرسیارەکانی سەرەوەیە، یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر قوماری کرد و قومارچیەکانیش قومارزان نەبوون، بەو قومارە کەرکوکی لەدەست کورد و کەرکوکیەکان دەرهێنا.
گریمان ئێستا کوردێک و لەناو کوردیش یەکێتییەک بوو بە پارێزگار، دەپرسین: ئەو کوردە یەکێتیە دەتوانێ قەرەبوی ئەو دۆڕانە بکاتەوە؟ خۆ سەرۆک کۆمار کوردە و لەناو کوردیشدا یەکێتییە، تا ئێستا نەیوێراوە لەسەر تەعریب کردنەوەی کەرکوک و نەهامەتی کەرکوکیەکان لێدوانیش بدات، گەورە راوێژکارەکەشی کوردە و لەناو کوردیشدا یەکێتییە و لەناو یەکێتیشدا یەکێکە لە قومارچیەکان، ئەویش بێدەنگە و (حەیاتم) ناچێتە شۆڕیجە و دەستێ دۆمینە بکات.
ئێستا بیانووی یەکێتی ئەوەیە کە پارتی هاوکاریان نییە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، گریمان پارتی هاوکار بوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، یەکێتی دڵنیا دەکەم کە پۆستی پارێزگار بەو بارودۆخەی ئێستا وەرناگیرێتەوە، گریمان من هەڵە بووم و پۆستی پارێزگار درایەوە بە یەکێتی، ئەوجار لەناو یەکێتی کێشەی ئەوە درووست دەبێ کێ پارێزگار بێ و سەر بەکام باڵ و لەناو باڵەکەش سەر بە کام کوتلە بێ، گریمان ئەوەش چارەسەر کرا، ئەوکات پارێزگار بەدەست حەشدی شەعبییەوە لە بووکەڵەیەک زیاتر نابێ، بۆیە پارتی لەگەڵ ئەوەدا نییە کوردێک بەدەست حەشدی شەعبییەوە ببێتە بووکەڵە، جا ئەو کوردە هەر کەسێک بێ و سەر بە هەر حزبێک بێ.