گۆڕانکاری گەورە و ئەقڵی بچووک

گۆڕانکاری گەورە و ئەقڵی بچووک

تادێ بارودۆخی سیاسی و سەربازی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێ و رووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیش توندتر دەبن، ئەوە ئێران و پەل هاویشتنی بۆ وڵاتانی عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و سارۆخباران کردنی سعودیە، ئەوە مەترسییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لەو پەل هاویشتنەی ئێران، ئەوە سەرکێشیەکانی تورکیا و خەیاڵی بەدیهێنانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی، ئەوە توند بوونی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکانی روسیا لە لایەک و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە لایەکی ترەوە، ئەوانە و زۆر رووداو و پێشهاتی تر ئاماژەی روونن کە شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە و کۆتایی ئەو شەڕەش گۆڕانکارییەکی گەورە بە دوای خۆیدا دێنێ و جارێکی تر و لە فۆرمێکی تردا ناوچەکە رووبەڕووی دابەشبوونێکی تر دەکاتەوە.
وەک دیارە رووداوەکان گەورەن و گۆڕانکاریەکەش بە ئەندازەی رووداوەکان گەورە دەبێ، گومان لەوەدا نییە کوردیش دەکەوێتە بەر شەپۆلی ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە، پرسیار ئەوەیە: ئایا کورد شرۆڤە و خوێندنەوەی بۆ ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە کردووە و تا کوێ خۆی ئامادە کردووە؟ ئایا خۆی دەخاتەوە بەر تیخی لۆزان و سایکس بیکۆیەکی تر، یان هەموو ئەو مافە نەتەوەییانە وەردەگرێتەوە کە لە رێککەوتنی سیڤەر بۆی دیاری کرابوون؟
ئەوەی جێگای سەرنجە زۆرێک لە حزب و لایەنە کوردستانیەکان بە ئەقڵێکی بچووک شرۆڤەی ئەو رووداو و گۆڕانکاریە گەورەیە دەکەن کە بە رێوەیە، دەستیان کردووە بە شەڕی کۆکردنەوەی دەنگ و پشتیان لەو ئامانجە نەتەوەییانە کردووە کە کورد بە کەناری ئارامی و دڵنیایی دەگەیەنێ، ئەوە لە کاتێکدایە چەندی دەنگ کۆبکەنەوە بەبێ پشتیوانی کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی لە دەنگێکی زەلیل و چاو لە دەستی داگیرکاران زیاتر دەستکەوتێکی تری نابێ، کۆکردنەوەی دەنگ مافێکی رەوای هەر حزبێکی سیاسییە، بە مەرجێ ئەو دەنگانە لە رووی داگیرکاران کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەییان لە پشت بێت، نەک وەک ئەوەی هەندێ حزب و لایەنی کوردستانی بۆ کۆکردنەوەى دەنگ هاوشێوەی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان شەڕی ئەو ریفراندۆمە دەکەن کە لە لۆزان و سایکس بیکۆیەکی تر دەمانپارێزێ و دەرگای سیڤەرمان بە روودا دەکاتەوە.
دەبێ ئەو لایەنانە بە ئەقڵێکی گەورەتر خوێندنەوە بۆ رووداوەکانی ئێستا و گۆڕانکاریەکەی داهاتوو بکەن و بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی بۆ رووداوەکان و گۆڕانکاریە گەورەکە بڕوانن، دەبێ ئەو راستییەش بزانن چارەسەری کێشەی کورد لەوەدا نییە ئەو حزب چەند پەرلەمانتار دەنێرێتە بەغدا و ئەویتریان چەندی دەچن، چونکە کێشەی کورد لە بەغدا بە ژمارەی پەرلەمانتارانی حزبی چارەسەر نابێ و پەرلەماتاران ژمارەیان چەند بێ، ئەگەر کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نەبێ دەبنە پێخوستی گۆڕانکاریە گەورەکە، دەبێ لەوەش دڵنیا بن گۆڕانکاریەکە نەخشەی سیاسی ناوچەکە دەگۆڕێ و عێراق و سوریا لێکهەڵدەوەشێنێ و تورکیا و ئێرانیش بچووک دەکاتەوە، ئەوەش حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەخاتە بەردەم ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی، ئەنجامدانی ئەو ئەرکەش کاتێک بەرهەمی دەبێ کە نەتەوەییانە هەنگاو بنێن و خوێندنەوەی نەتەوەییانەش بۆ رووداوەکان و گۆڕانکاریەکە بکەن.
Top