لەیلای ئێمە و ئاڵای ئەوان
May 12, 2019
وتار و بیروڕا
ئاڵای ئەوانیش لە خۆشی داگرتن و ژێرپێ خستنی (ئاڵا) لە بەغدای پایتەختی عرووبە کەوتبووە هەلەکەسەمای سیاسی و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی کەوشە بە غەنیمەت گیراوەکانی.
ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازە، هەڵوێستی بڕوا بوونی لەیلای ئێمە بە کوردستانی بوون و بڕوا بوونی ئاڵای ئەوان بە عێراقچێتی، بڕوا بوونی لەیلای ئێمە بە سەربەخۆیی کوردستان و بڕوا بوونی ئاڵای ئەوان بە ژێدەستە بوونی کوردستان، رەنگدانەوەی ئەو قوتابخانانەن کە لێیان پەروەردە کراون.
هەرچی لەیلای ئێمەیە لە قوتابخانەیەک پەروەردە کراوە کە دەسنوێژی کوردایەتی بە خوێن هەڵگرتووە و لەناو سەنگەردا رووە و کەرکوک نوێژی سەربەخۆیی دابەستووە، هەرچی ئاڵای ئەوانیشە لە قوتابخانەیەک پەروەردە کراوە کە دەستنوێژی عرووبەی بە ئەنفال و کیمیاباران هەڵگرتووە و رووە و بەغدا نوێژی پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێراقی دابەستووە.
لەیلای ئێمە وا فێر بوو واش فێر کرابوو، ناو قژ و پرچە بێ رەنگ و بۆیەکانی بکاتە حەشارگەی گواستنەوەی نامە نهێنیەکانی شۆڕش، ئاڵای ئەوانیش وا فێر بوو واش فێر کرابوو، هەرچی نهێنی کورد و حکومەتی هەرێم هەیە بە جانتای پارێزمەندی پەرلەمانتاری بەرە و سەر مێزی عەبادی بەرێ.