بەریەک کەوتنی خۆڕاگری بارزانی نەمر و دڕندەیی دوژمنان
May 7, 2019
وتار و بیروڕا
جەنابی سەرکرد ەو گەورە پیاوی مێژووى مرۆڤایەتی.. فێرت کردین ژێردەستەى کەس نەبین و کەسیش ژێردەستە نەکەین، پێتوتین لەودی و هەموو تاریکاییەک ئاسۆیەک هەیە، راتهێناین هەستانەوەى دوای شکست بکەینە کلتوورى بەرخودان، بەهێزی لەڕووی دوژمنان و خزمەتکاری وڵات و نەتەوەت کردە پیشەی ئەوانەی بە ئومێدەوە بۆ ژیان و داهاتوو دەڕوانن، هەر بۆیەش رەتکردنەوەى ژیانی ژێردەستی و مردنی ئازادت لای شوێنکەوتوانت کردە بڕیار, بۆیه داگیركارانی كوردستان هێشتا دهستبهرداری پیلانگێڕی نهبوون و رێبازهكهت به دوژمنی سهرسهختی سیاسهتی داگیركاری خۆیان دهزانن.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووى ڕۆژە سەخت و شەوە ئەنگوستە چاوەکان.. دەزانم سەرکردە و پێشەوای چەوساوەترین نەتەوەی سەر رووی ئەم زەمینە بووی، هەر بۆیەش بە باڵای نەمریدا هەڵکشای و لەسەر لوتکەی سەروەریەکانی مێژووەوە، وانەی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی نەتەوەییت بۆ داهاتوو دەوتەوە.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی بەرەنگاری.. بەقەد دڕندەیی دوژمنان بە ورە و خۆڕاگر بووی، ئەوەندەی رق و بوغزی ئەوان بەخشندە و لێبووردە بووی، لە نیشتیمانێکی ون بوودا دەرکەوتی و لەناو گەلێکی بەشمەینەتدا هەڵکەوتی، بۆ رابردوو هەڵەچنی مێژووت دەکرد، بۆ ئێستا سروودی (ئەی رەقیب)ت دەچڕی، بۆ داهاتوو چیرۆکی مەرگی زۆرداریت دەنووسیەوە، هیوات بەبەر بێهیوایاندا کردەوە و (کوردستان یان نەمان)ت کردە موژدەی هەستانێکی ئەبەدی، هەر بۆیەش نەتەوەیی بوون و کوردستانی بوونت کردە ناسنامەی شوێنکەوتوانت.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. دەزانم لای ئێمە و دوژمنان یەک مانات هەیە، لای ئێمە سەرکردە و رابەری دەستەیەکی یاخی بوو لە ژێردەستەیی، هەر بۆیەش هەموومان یەک دەنگ لەگەڵت هەستاین، لای ئەوانیش سەرکردە و رابەری دەستەیەکی راپەڕیو و یاخی لە مەرام و ئارەزووەکانیان، هەر بۆیەش هەموویان لە دژت وەستان، لەو کاتەوە هەستانی ئێمەو وەستانی ئەوان پیشەی شوێنکەوتوان و دوژمنانتە.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی ئەرک ڕاپەڕێن..دەزانم لای تۆ ئەرکی بێ ماف سەرەتای سەرهەڵدانی جیاوازی و گرفتەکان بوو، دەستپێکی هاتنە پێشی چەوسانەوە و کارەسات بوو، پێت وابوو مافی بێ ئەرک شێرپەنجەی سەرکێشییە و سیاسەتی تاکڕەوی بە دوای خۆیدا دێنێ، ئارەزووە نەگریسەکان دێنێتە پێشێ و کۆمەڵگا بەسەر چینە جیاوازەکاندا دابەشدەکات، بۆ رەواندنەوەى ئەو ترسە بینای پێکەوەژیان و کاری هاوبەشت لەسەر هاوسەنگ راگرتنی ئەرک و مافەکان هەڵدەچنی و دادپەروەریشت دەکردە پێوەری نەهێشتنی جیاوازیەکان، هەر بۆیەش ئەرک و مافی لە پێشی شوێنکەوتوانت قوربانیدان و کوردستان پارێزی بووه.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی هێز خوڵقێن.. لە تۆوە زانیمان بڵێین: بەهێز ئەو کەسە نییە دوژمنی لاوازبێ، بەهێز ئەو کەسەیە خۆی له رووی دوژمنانی خاوەن هێز بێ، سەرکەوتوو ئەو کەسە نییە دوژمن بشکێنێ، سەرکەوتوو ئەو کەسەیە رێز لە بەهاکانی سەرکەوتن بگرێ، هێز و سەرکەوتنی ئێَمەش لە رێبازی نەمری تۆ دایە، ترس لە هێز و خۆشی لە شکستی دوژمندا نییە، ترس لەوە دایە پشت لە رێبازی پیرۆزت بکەین، چونکە ئەوکاتە نە هێزمان دەمێنێ و نە خۆشی لە شکستی دوژمن وەردەگرین.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی ئومێد بەخش.. دەیان ساڵ بەر لە ئێستا فەرمووتە: (دڵنیام کە سەردەکەوین، بەڵام ترسم لەوەدایە ئەوکات ئەوانەی ماندوو بوون و زەحمەتیان کێشاوە لە بیر بکرێن) بەڵێ فەرموودەکەت هاتەدی و سەرکەوتین، بەڵام مەترسی لە فەرامۆش کردنی ئەو پەیامە نەمرەیە کە وەک ترسی دوای سەرکەوتن پیشانت داین، ئەویش لە بیر کردنی ئەوانەیە کە مێژووی سەرکەوتنەکانی ئەمڕۆیان نووسیوەتەوە.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی بەدیهێنەری خەونەکان.. با چەواشەکاران هەر خەریکی رستنی هەودای چەواشەکاری بن، با لە پاشخانی گێڕانەوەى هەیمەنەى ناوچەگەرایی و چاوەڕانی خۆزگەی ئایدۆلۆژیدا، تا شەکەت و هێز لێبڕاو دەبن مژومۆرەی سیاسی بکەن، هەرچی بکەن و هەرچی بڵێن بەبا کردنی کای کۆنە و وەک ئاسنی سارد کوتانە، چونکە سەروەری و شانازییەکانی مێژوومان لە هەڵوێست و رابردووی تۆدا دۆزینەوە، بە گرتنەبەری رێبازی تۆش خواست و خەونی لەمێژینەی نەتەوەییمان بەدی دێنین،
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی وەفاداری.. بۆیاد کردنەوەت هیچ گوتنێک شک نابەم شایانی گەورەیی تۆ بێ، بۆ دەربڕینی وەفاداریم هیچ دیارییەک نابینم لێم وەربگری، جگە لەوەی پەیمان بدەم هەتا مردن شوێنکەوتووی رێبازت بم، هەتا مردن ئەو پەیامەی بۆت جێهێشتووین بە دەنگی بەرز بیڵێمەوە، بۆ نەیار و ناحەزانیشت لەوە شیاو تر نابینم کە پێیان بڵێم: بارزانیی نەمر تیشکی خۆر بوو، ئێوەی کوێر لە رۆشنایی بێبەش بوون، ئاوازی رەسەنی کوردایەتی و چڕینی لاوکی نەتەوەیی بوو، ئێوەی کەڕ نەتاندەبیست، عەشق و خۆشەویستی بوو، ئێوەی لاڵ پێتان دەرنەدەبڕدرا، بانگی ئازادی و موژدەی پێکەوەژیان و کاری هاوبەش بوو، ئێوەی نەبیست و تاکڕەو رووتان لێوەرگێڕا،راچڵەکینی شۆڕگێڕی و رابوونی سەردەمێکی نوێی بەرخوادان بوو، ئێوەی بیر ئیفلیج و گۆشەگیر بووی کوردایەتی پەیتان پێ نەرد،بەرزی باڵا و لوتکەی چیا بوو، ئێوەی کورتەبنەو گردۆڵکەکان ئیرەییتان پێبرد.