کەی سلێمانی رادەچڵەکێ؟
April 26, 2019
وتار و بیروڕا
١ــ لە ساڵی ٢٠٠٩ لە گەمەیەکی سیاسی و کەینوبەینێکی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و بە درووشمی دەیگۆڕین و بە ئامانجی راستکردنەوەی باری لاری حزبی و بەژانی بەرەنگار بوونەوەى هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی یەکێتی کەرتکراو بزووتنەوەى گۆڕانیان هێنایە بوون, باشترین بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە و راچڵەکاندنی حزبیانەی سلێمانی لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ پەلاماری بارەگاکانی پارتی درا، لە کاتی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش نەوشیروان مستەفا گوتی: لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی سیاسی دێنین، جا ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئەوەندە دژی بڕیاری تاکڕەوی سیاسی بوو! بۆچی ئەوکاتەی خۆی بڕیار بەدەست و کەسی دووەمی ناو یەکێتی بوو دژی بڕیاری تاکڕەوی سیاسی نەوەستایەوە؟
٢ــ بەرهەم ساڵحیش وەک کەسی سێیەمی ناو یەکێتی بە درووشمی حکومەت شکستی خواردووە و پیاو دەبێ حورمەتی هەبێ ویستی راچڵەکینێکی حزبی تر لە سلێمانی درووست بکات، ئەویش بە قەبارەی کەسایەتی و حورمەتی خۆی سووکە راچڵەکینێکی حزبی لە سلێمانی درووست کرد، دوای ئەوەش لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار راچڵەکیوەکانی جێهێشتن و گەڕایەوە ناو یەکێتی.
٣ــ دوای ئەو دوو راچڵەکاندنە حزبییەی سلێمانی، شاسوار عەبدولواجید لە کەینوبەینێکی موخابەراتی نێوان خۆی و گرووپێکی ناو یەکێتی, بە درووشمی بەرەو لوتکەی دەسەڵات ئەرکی راچڵەکاندنی سلێمانی پێسپێردرا, شاسوار چۆن بە دەست لە پشتدانی موخابەرات هێنرایە ناو گەمەی سیاسی، خۆشی موخابەراتیانە لەگەڵ و دۆست و لایەنگرانی جووڵاوەتەوە و کامیرەی شاراوەی بۆ داناون و نەوەکانی نوێی تووشی فەزاحەتی سیاسی کردوون.
لێرەوە پێویستە سلێمانی وەڵامی هەبێ و بە راچڵەکینێکی کوردانە وەڵامی هەموو ئەو راچکاندنە حزبیانە بداتەوە کە شارەکایان لە کاروانی خەباتی رزگاری نەتەوەیی و مافی سەربەخۆیی کوردستان دابڕیوە.