یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام بەشێکی زیندوویی کەلتوری گەلی کوردستانە

یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام بەشێکی زیندوویی کەلتوری گەلی کوردستانە

ڕۆژی ١٢ـی رەبیعی یەکەم تایبەتمەندی خۆی ھەیە لە ژیانی مرۆڤایەتی دا ، کە لە ھاوشێوەی رۆژێکی وەھادا بوو لە ساڵی ٥٧٠ ی زایینی دوایین پێغەمبەر لەدایکبوو ، لە دوایدا دوایین پەیامی ئاسمانی پێ سپێردرا ، بۆیەش ئەم بەروارە بە وەچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت لە مێژوویی مرۆڤایەتی دا، کە بەھۆی پەیامی پیرۆزی حەزرەتی محمد المصطفی (د.خ)، توانرا گۆرانکاری لە شێوەی ژیان و بیرکردنەوە رووبدات و کەسایەتی مرۆڤ جارێکی تر بنیات بنرێت و شۆرشێکی گەورەی چاکسازی بەرپابکرێت کە توانرا بەھۆیەوە کۆتایی بە ستەم و کۆیلایەتی و چەوساندنەوە بھێندرێت.

وە پەرە بە پەیامی خۆشەویستی و یەکسانی و ئازادی و لێبووردەیی و پێکەوەژیان بدرێت بۆیەش لەو بەروارەوە ساڵانە لە جیھانی ئیسلامی ئەم رۆژەیە بەرز رادەگیرێت و بەچەندەھا شێواز یادی دەکرێتەوە ، گەلی کوردستانیش لەم سەروەریە بێبەش نەبووەو ڕۆلی دیار و گرنگی ھەبووە لەم یادکردنەوەیەدا کە بوونی کەسایەتی دیاری شاری ھەولێر (سولطان مەزەفەر) نموونەی ئەم ڕاستییەیە کە چەند سەدە بەر لە ئێستا بووە خاوەنی بیرۆکەی یادی مەولود کە لە دوایدا گەلانی موسڵمان چاویان لە گەلی کوردستان کردوو ساڵانە لە رۆژی ١٢ـی ربیع الاول یادی مەولود دەکەنەوە..

تەنانەت بۆ گەلی کوردستانیش یادکردنەوەی ئەم رۆژە پیرۆزەیە بوویتە بەشێکی زیندووی کەلتوری گەلەکەمان کە ساڵانە زۆر بە گرنگییەوە ئەم سیمایە لە ھەرێمی کوردستان رەنگدەداتەوەو کووچەو کۆڵانەکان دەڕازێنرێنەوەو نوقل و شیرینی دابەش دەکرێن و لە بڵندگۆی مزگەوت و تەکیەو خانەقاکان دەنگی تەواشیح و سرودی ئایینی دەنگدەداتەوە بەمەش دووپاتی ئەو راستیە دەکرێتەوە کە ھەمیشە (کورد ومەولود) مێژوویەکی دێرینیان ھەیە کە ھیچ کات لەیەک جیاناکرێنەوە..

وێڕای ئەمەش پاکی و دڵسۆزی گەلەکەمان دەسەلمێنێ کە چۆن لە دەستپێکی موسڵمانبوونی دا زۆر بێ نیازانە خزمەتی ئایینی ئیسلام و پیرۆزییەکانی کردووە ھەرچەندە بەداخەوە بە درێژایی مێژووش ھەمیشە جیھانی ئیسلامی لە بەرامبەر گەلی کوردستان بێ ھەڵوێست و کەمتەرخەم بووینە ھیچ کات ئەم رۆلەی گەلی کوردیان لە خزمەتکردنی ئایینی ئیسلام لەبەرچاو نەبووە، بەتایبەت لە ساڵانی ٨٠ـی سەدەی بیستەم لەوکاتەی گەلی کوردستان قەتل و عام و ئەنفال و کیمیاباران کران نەمانبینی و نەمانبیست وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کەمترین ھەڵوێستیان ھەبووبێت کە ئەمەش مایەیی سەرنج وتێڕامانەو پێچەوانەی پەیامی پیرۆزی پێغەمبەرە، وە پەڵەیەکی رەشە بۆ ھەتا ھەتایە بە نێوچەوانیان چونکە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە موسڵمانان برای یەکترن وە دەبێت ھەمیشە برای موسڵمان لە خەمی برا موسڵمانەكەی دابێت و بەرگری لێبکات گەر ھەر ھیچ نەبێت(اضعف الایمان) بە قسەیەکیش بووبا بەرگریان بکردبا ، بۆیەش گرنگە ساڵانە لەگەل یادکردنەوەی ئەم رۆژە مێژووییە ھەڵوەستەش لەسەر لایەنە جیاکانی ژیانی کەسایەتی پێغەمبەر بکەین و بەراوردێک لە نێوانمان دا بکەین ، ھەوڵ بدەی نپەرەی زیاتر بە پەیام و ئامانج و ستراتیژییەکانی بدەین بە تایبەت لە قۆناغێکی وەک ئێستای کوردستان کە زیاتر لە ھەر شتێکی تر پێویستیمان بە پەیامی لێبووردەیی و خۆشەویستی و پێکەوەژیان ھەیە کە دیاریشە ئەمانە لە پێشەوەی بنەما ھەرە سەرەکییەکانی پەیامی پێغەمبەردانە کە بە درێژایی مێژووش خەسلەتی دێرینی گەلی کوردستان بووینە ھەر ئەمەشە وایکردووە کوردستان ببێتە مەڵبەندی پێکەوە ژیانی ھەموو پێکھاتەکان ، کە بێ کێشە ئیماندارانی سەرجەم ئایینەکان ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن و رێز لە بیروباوەری یەکتر دەگرن کە ئەمەش بەڵگەی تێگەیشتنی تەواوی گەلی کوردە لە حەقیقەتی ئیسلام کە پێویستە لە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام زیتر بایەخ بەم کەلتورە جوانەی پێکەوە ژیان بدەین تا ھەمیشە سیمای ئایین پەروەری لە کوردستاندارەنگ بداتەوە، چونکە ھەر ھەموومان لەم ھەرێمەیەدا ھاوبەش و ھاوچارەنووسین و ە ھیچ کات دوژمنان جیاوازیان لە نێوان ھیچ پێکھاتەیەک نەکردووە .

لە دووماھیدا یادی پاک و موبارەکی سەرداری پێغەمبەران لە موسڵمانانی کوردستان پیرۆزدەکەین بەو ئومێدەین ببێتە مایەی بەدیھاتنی ئاوات و خواستەکانی گەلی کوردستان و پتەوترکردنی یەکرێزی گەلەکەمان و تەکانێکی زیاتر بە ھەموو لایەک بدات بۆ چارەسەر کردنی کۆسپ و تەگەرەکان لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ کوردستانیان.
Top