هەڵگرانی ڤایرۆسی دووبەرەكی

هەڵگرانی ڤایرۆسی دووبەرەكی
بەغدا داخدارە كە نەیتوانیوە لە كاتێكی دیاریكراودا، تەواوی كوردستان داگیربكاتەوە و كۆتایی بە هەرێمی كوردستان بێنێ، نیگەرانە كە بەرە بەرە دەوڵەتان روو لە هەرێم دەكەن، لەبەرئەوە دەیەوێ گوشارەكانی سەر كوردستان زیاتر بكات، لەم كاتەشدا، گرووپی 16 ی ئۆكتۆبەر خەریكی دووبەرەكییە، چەند رۆژێكە پرسیارێك لای خەڵك دەكرێ، ئاخۆ ئەو هەڕەشانەی لاهور جەنگی بۆ جەنگ دەیكات لە بەرژەوەندی كێیە، هۆكار چییە بە حەماسەوە هەڕەشە لە پارتی دەكات؟
هەر هەمووشمان، بەدڵسۆزانی ناو یەكێتیشەوە، پرسیار لە ئاقڵمەندانی یەكێتی دەكەین، بۆچی قسەیەكی خێر ناكەن؟ ئاخر ئەگەر ئامانج لە 16ی ئۆكتۆبەر، نەهێشتنی پارتی بێت لە كەركووك، بەشەكەی دیكەی ئامانجەكە كۆدەتای ناو یەكێتی بوو كە تا ئێستا نەهاتۆتەدی، ئەی ئاقڵمەندانی یەكێتی، خۆتان دەزانن 16 ی ئۆكتۆبەر وەك بومەلەرزەیەك بۆ یەكێتی وابوو، ئەو هەڕەشانەی لە رێگەی میدیای رەسمی و نارەسمیی یەكێتییەوە بڵاو دەكرێنەوە، بەتایبەتیش دوا هەڕەشەكانی لاهور لە 13 ی ئەم مانگە، نیشانەی ئەوەیە هێشتا شوێنەواری بومەلەرزەكەی 16 ی ئۆكتۆبەر ماوە، چەند هەڕەشەی ناردراوبن بۆ پارتی، هێندەش تاقیكردنەوەی سەركردایەتی یەكێتییە، ئاخۆ كاردانەوەی چییە؟ چونكە ئێستا سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی قسەناكەن، بەڵام لاهور بەناوی هەموو یەكێتییەوە هەڕەشە و گوڕەشە دەكات، تا مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و هەموو دڵسۆزانی یەكێتی لێی بێدەنگ بن، كاتژمێری تەواوكردنی كۆدەتایەكە نزیكتر دەبێتەوە.
ماوەیەكە هەر لە میدیای یەكێتییەوە، قسە لەسەر گۆڕینی سەركردایەتی یەكێتی بە نەوەی نوێ و گەنج دەكرێت، مەبەستیش ئەو گەنجانەن كە سەركردایەتی ناپاكییەكەی 16 ی ئۆكتۆبەریان كرد، جا ئاقڵمەندانی یەكێتی، ئەگەر ئێوە، وەك میدیای خۆتان بە قسەی گرووپی رێككەوتنی ژێربەژێر، پێتان دەڵێ دەموچاوی سواو و بەسەرچوو، بەو ئەزموونەی خۆتان، كەڵكتان بۆ یەكێتی و ئەم قۆناغە نەماوە، ئەوە بەڕاستی هەر خۆتان كاتی كۆتایی هاتنتان بەناوی نوێبوونەوە رادەگەیەنن، ئەگەرنا هەقە بێنە دەنگ، چونكە بێدەنگی نیشانەی رازیبوونە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا كوردستان پێویستی بە كێ هەیە، ئەو گەنجانەی هەڵگری ڤایرۆسی دووبەرەكین، یان كەسانی ئەزمووندیدەی قاڵبوو؟
مەبەستی ئەو گرووپە كە بریتییە لە هاوكاریكردنی بەغدا و تاران بۆ نەهێشتنی هەرێم لەپێناوی گرتنەدەستی سەركردایەتی یەكێتی، هێشتا بەتەواوی نەهاتۆتە دی، ئەم هەڕەشانە ئاماژەن بۆ تەواوكردنی قۆناغەكانی دیكەی پیلانگێڕییەكە، لەوانەیە لەگەڵ بەكارهێنانی شەقام كە چەند رۆژێكە بزووتنەوەی گۆڕان باسی دەكات، ئەم هەڕەشانەش ببنە هۆیەك بۆ ئاڵۆزكردنی زیاتری بارودۆخی كوردستان، پێدەچێ ئەوەی بە پەلاماری سەربازی نەكرا، بگوازرێتەوە شەقام كە بەهاوكاری بەغدا و تاران پلانی بۆ داندراوە، تا ببێتە هۆی خوێن رشتنێكی زۆر، بۆ ئەوەی بەپێی نەخشەكە، عەبادی بكرێتە فریادڕەس و بەناوی ئەوەی بەهانای خەڵكی ناڕازییەوە دێت، هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەكەیان كە نەهێشتنی هەرێمە بدەن، بۆیە نە گۆڕانكاریی حكوومەت و نە نوێبوونەوەی حزب، بەهەڵگرانی ڤایرۆسی دووبەرەكی ناكرێت، رێگریكردن لەو پشێوییەی بەڕێوەیە بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە.
Top