بەرتەسكبوونەوەی دەرفەتی مەیلی خۆسەپێن
November 2, 2017
وتار و بیروڕا
دوو شت بە ئامانج وەرگیرا كە دوو كۆڵەگەی سەرەكی بوون، یەكیان نەهێشتنی پارتی و ئەویدی هێنانی مووچە بەهۆی راگەیاندنی هەرێمێك كەركووكیشی لەگەڵ بێت، یەكەمیان لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتەدی، بەڵام ئەوەی دووەم، ئەگەرچی لە بەغدا و تاران بەجدی كاری بۆ كراوە و دەكرێ، لێ كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروست بووە، ئەو مەیلە خۆسەپێنەی ناو یەكێتی، تەشەنەی كرد و گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی دیموكراتی و دادوەریشی لێ خڕبوونەوە، بۆیە پێكهێنانی حكوومەتی رزگاری نیشتمانییان هێنایە گۆڕێ، تا دێت كۆسپەكانی سەر رێگەی ئەو مەیلە و ئەو لایەن و كەسانەی لەو بازنەیەدا دەخولێنەوە زیاتر دەبن، لەبەر ئەم هۆیانە:
1-هەر زوو مامەڵە لەگەڵ دۆخە نوێیەكە كرا، چاوێك هەر لەسەر ئەوە بوو دەرفەت بە دوو ئیدارەیی نەدرێت.
2-بەغدا لە یەكەم رۆژەوە تایبەتمەندیی عەرەبی شیعیی بەسەر كەركووكدا زاڵ كرد، پارێزگاری نەدایەوە كورد، ئەمانە ئاماژە بوون بۆ ئەوەی ئەو هەرێمەی دروست دەبێت كەركووكی تێدا نییە.
3-بەغدا مووچە ناداتە ئەو هەموو مۆچەخۆرەی هەرێم، زیاتر مەبەستی ئەو لیستەی فەرمانبەرانی كوردستانە كە لە 2004 و دوو سێ ساڵی دواتر لە هەرێمی وەرگرتووە، ئەمەش وادەكات نیوەی فەرمانبەران بێ مووچە بن.
4-بیانووی مەیلی خۆسەپێن كە فرمێسكی بە قارەمانەكانمان رشت، نابەرامبەری هێز بوو، لە كاتێكدا پێشمەرگە لەوپەڕی مەعنەویاتدا بوو، بەڵام بەرگرییەكەی پردێ لە 20ی ئۆكتۆبەر و شەڕە گەورەكانی رۆژئاوای دیجلە و تلسقۆف و مەخموور و پردێ لە 24 تا 26 ی ئۆكتۆبەر، بەرامبەر ئەو هەموو هێزەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و پاسدار و تۆپخانەكانی ئێران و حزبوڵلای لوبنان و هاوكاریی توركیا، كۆتایی بەو بیانووە هێنا.
5-حكوومەتی رزگاریی نیشتمانی كە بە قەناعەتەوە كاریان لەسەر دەكرد بە مردوویی لە دایك بوو، بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش لە رۆژی 30 ی ئۆكتۆبەر، بواری ئەوە نادات جارێكی دی باس لەوە بكرێت، چونكە داوا دەكات هەموو لایەنەكان پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن، هەر ناوهێنانی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، پەیامێكە كە ئەو حكوومەتە هی هەموو كوردستانە و كەس بۆی نییە باسی دوو ئیدارەیی بكات.
6-جارێكی دی دەوڵەتان دێنەوە سەر خەت و روویان لە كوردستان دەبێت، ئەمەش پێچەوانەی داخوازیی مەیلی خۆسەپێنە.