ھەنووکە.. کۆماری کوردستان و پرسی ژنان

ھەنووکە.. کۆماری کوردستان و پرسی ژنان
رێفراندۆمی باشوری کوردستان وەرچەرخانێکی گرینگ بوو لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردا. لەو یادداشتە کورتەدا ناخوازم باس لە گرینگی ئەو رووداوە بکەم، بەلکوو باسی سەرەکی ئەو یادداشتە لە سەر ئەو گریمانە وەستاوە ئەگەر بێتوو ئەو ئیرادەی سیاسییە کە خۆی لە ئەنجامدانی رێفراندۆمی مێژوویی ٢٥/٠٩/٢٠١٧ نیشان دا، بەردەوام بێت و بە دوای ئامانجی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان بێت، دەبێ سەرنج بەدەین بە ئەو خاڵانەی خوارەوە:
١) ئەو دەوڵەتە دەبێ سیما و ناوەرۆکێکی دێمۆکراتیکی گەلی ھەبێت ھەر بۆیەش دەبێت کۆماری کوردستان بێت، نەک قەوارەیەکی پادشایی و یان کۆمارێک لە قەوارە و سەڵتەنەت لە ناوەرۆکدا؛
٢) کۆماری کورستان لە باشوور وەکوو بەدیل و ئاڵتێرناتیوی سیاسی نەک تەنیا بۆ کورد، بەلکوو بۆ باروودۆخی سیاسی ھەنووکە ناوچەکەدا خۆی دەرخات. بە واتایەکیتر، ھێژمۆنی ئیسلامی سیاسی لە ماوەی چل ساڵەی رابردوو لە دوایی شۆرشی ئێران و ئەو ھەلوومەرجە قیرانئاوایییە کە لە ناوچەکەدا بەجێھێشتووە پێویستی بە بەدیلێک ھەیە. ھەلوومەرجێک کە ئێمرۆ لە لایەن پسپۆرانی رۆژھەڵاتی ناوی لە ژێر چەمکی نسکۆی ئیسلامی سیاسی و یان پۆست-ئیسلامیزمدا باس و پێناسە کراوە. زامنی سەرەکی بۆ دامەزراندن و بەردەوامی کۆماری کوردستان لەوەدا خۆی دەردەخا کە وەکوو بەدیل و ئاڵتێرناتیوی ئەو ھەلوومەرجە و وەکوو بەدیل ئیسلامی سیاسی خۆی دەرخا؛
٣) کۆماری کوردستان وەکوو بەدیلێک بۆ باروودۆخی پۆست-ئیسلامیزم دەبێ پێش ھەموو تشتێک لە بواری پرسی ژنان دا جەوھەری سیاسی خۆی دەربخا.
مشت و مڕ لە سەر پێناسەی ئیسلامی سیاسی زۆرە، بەڵام لاین کەم لە سەر مەسەلەی ژن و ئیسلامی سیاسی ئەو مشت و مڕ کەمترە. یانی کۆدەنگێک لە سەر پەیوەندی سەرھەڵدان ئیسلامی سیاسی و پەیوەندی بە پرس ژنانەوە لە ریزی پسپۆران رۆژھەڵاتی ناوییدا ھەیە. دەکرێ لە دوو بواردا باس لە پەیوەستی پرس و کێشەی ژن لە گەڵ ئایدیۆلۆژی ئیسلام سیاسی بکەین.
یەکەم، بە پێچەوانەی ئیسلامی نەریتی، ئیسلام سیاسی رێگا دەدا کە ژنان لە ئاستێکی کۆنترۆل کراو لە بواری گشتی دا بەشدار بن. دووەم، ئەو رێگادانە بە مەبەستی کۆنترۆل کردنی جەستەی ژن و داڕژتنەوەی پەیوەندیی جێندەری (جنسیەتی) بە مەبەستی بنیاتدنانەوەی باوکسالاری لە قۆناغی نۆێ و مۆدێرنیتە دایە. ڕەنگە باشترین نموونە بۆ ئەو باسە پێداگری ئیسلام سیاسی لە سەر گرینگی و پەیرەوکردنی شێوازێک لە حیجاب (رووپوش) بۆ ژنان کاتێ لە بواری گشتی دا کار و چالاکی دەکەن. ئەو فکرە خوی لە سەر بنەمای بیرۆکەی باوکسالاری وەستاوە. لە ھەلوومەرجێکدا کە چێتر بە شێوازی نەریتی توانستی بەربەست دروست کردن بۆ بەشداری ژنان لە بواری گشتی دا مەجالی نەماوە. پێویستی و رەچاوکردنی حیجاب لە لایەن ژنان لە بواری گشتیدا دەبێت لە سیبۆلێک بۆ پێداگری و دووبارە داڕژتنەوە و بەرھەمھێنانەوەی پەیوەندی جێندەری لە سەر بنەمایی باوکسالاری.
بێگومان باوکسالاری لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوییدا پیش ھاتنی کۆلۆنیالیزم و گەشی مۆدێرنیتە بوونی ھەبووە. بەس بە ھاتنی کۆلۆنیالیزم و دواتر پەرسەندنی قۆناغی نوێ و مۆدێرن لە ناوچەی ئێمەدا، باوکسالاری بە شێوەیەکی زۆر ئالۆزتر خۆی بەرھەمھێناوەتەوە. سەرھەڵدانی و ھێژمۆنی ئیسلامی سیاسی لە نیوەی سەدەی ڕابردوو بە شێوازێکی زەق ئەو جەوھەری ئەو تەوژمەی، واتا ھەوڵێ بەرھەمھێنانەوەی باوکسالاری لە دونیای ھەنووکە، مۆدێرن و گلوباڵدا دەرخستووە.
بە واتایەکتر، بەھاتنی مۆدێرنیتە و سەرھەڵدانی دامەزاروەی دەوڵەت-نەتەوە، وەکوو دامەزراوەیەکی سیاسی-ئاسایی بۆ ئیدارەی کۆمەڵگا و حەکەمی سەرەکی و کۆتایی لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگا دا، لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوییشدا، سنووری نێوان بواری گشتی و بواری تایبەت، لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی، لە نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و بنەماڵە و خێڵ ھەنگاو بە ھەنگاو قەوارەی گڕت و بۆ بە بنەمای لێداوان و بیرکردەنەوە بۆ کارگێری ویاسایی.
بەڵام لە نێو ئەو پەرسەنەدا و رەوتە گشتییدا ھەمیشە ئیستسنایەک بوونی ھەبووە کە برتی بووە لە پەیوەندی جێندەری. ئەو حاڵەتە بە جوانترین شێواز لە لایەن فێمینیستی لوبنانی، (ڕۆڵا شەڕارە)، لە پەرتووکی خەمسین دا گەڵالە کراوە، کاتێ، خاتوون ڕۆڵا دەڵێت ؛ژنان لە لوبنان، وەکوو ژنان لە ھەموو دەوڵەتە عەرەبییەکاندا، ھەست بە دەور و کاریگەری دەوڵەت لە ژیانی خۆیانەوە ناکەن. بەلکوو، بە پێچەوانە، بە شێوەیەکی زەق ھەست بە دەور و دەسەڵاتی بێ سنووری خێڵ، بنەماڵە، و بە تایبەت پیاوانی بنەماڵە و خێڵ، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیاندا دەکەن.' بە واتایەکیتر، ئێمە شاھیدی دوو فاقەیەکی سەیر و سەمرین لە ڕەوتی سەرھەڵدانی مۆدێرنیتە لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوی. لە لایەکەوە، دامەزراوەی دەوڵەتی نوێ شەرعیەتی سیاسی لە دەستی خۆی مسۆگەڕ و پاوان دەکا، لەو رەوتەدا سنووری بواری گشتی و بواری تایبەت دیاری دەکا. لە لایەکیتروە، ئەو دەوڵەتە سەروەری سیاسی لە بواری جێندەری دەداتەوە بە خێل، ئایین و بنەماڵە. مێژووی ئیسلامی سیاسی لە ماوەی چل ساڵەی رابردوو بریتی بوو لە وێناکردنی ئەو ئەو تەوژمە، لە لایەکەوە پێداگری لە سەر دەوری کاریگەر دەوڵەتی ئیسلامی لە ئیدارەی کۆمەڵگا و دووبارە بنیادنانەوەی کۆمەڵگایەکی ؛ئیسلامی'، بەڵام لە لایەکیتروە، دەرھاویشتنی پرسی ژنان لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دووبارە داسەپاندنی ھێژمۆنی بنەماڵە، خێڵ و بیرۆکەی ئایینی لە سەر ئەو پرسە و پەیوەندی جێندەری.
ھەر بۆیەش ئێستا کە باسی دەوڵەتی کوردی لە باشوور ھاتۆتە ئاارەوە، رەوشیسایسی ھەنووکە رۆژھەڵاتی ناوی بە گشتی و عێراق بە تایبەتی دەخوازیترەھەندە گشتییەکانی ئەو پێداویستیە بێتە بەر باس:
یەکەم؛ دەوڵەتی کوردی لە قەوارە و ناوەرۆکەدا دەبێ، کۆمار بێت نەک کۆمار لە قەوارە و پادشایی لە ناوەڕۆکدا.
دووەم، کۆماری کوردستان دەبێت وەکوو بەدیلێک بۆ ئیسلامی سیاسی کە لە ماوەی چل ساڵەی رابردوو عێراق و سوریای بەرەو لێکترازان و ھەڵوەشاندەنەوە بردووە و ئێران و تورکیای تووشی قەیرانێکی مەزنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی کردووە، خۆی دەرخا.
سییەم؛ گرینگترین رەھەنددی جەوھەری ئەو بەدیل بوونە بۆ دەوڵەتی کوردی خۆی لە پرسی ژنان و چۆنایەتی رووبەرووبوونە لەگەڵ پەیوەندی جێندەردا دەردەخا. ھەر بۆیەش دەبێ پەیوەندییەکانیجێندەری لە کۆماری داھاتووی کورستاندا ھەڵبسەنگێنینەوە، سەرلەنوێ ھەڵسەنگاندنی تایبەتمان ھەبێت بۆ پەیداکردنی سازان و گونجاندنی نوێ لەنێوان پێداویستییەسیاسی-نەتەوایەتی، مێژوویی-کولتووری و گەڵاڵەکردن، بە یاسایی کردن و گشتاندنی رەوشێکی نوێ و ھاوچەەرخانە لە پەیوەندی جێندەری بە مەبەستی دابین کردنی ئازادی بۆ ژنان. رەوشێک کە پێویستی بەبۆچوونێکی یەکلاکرەوە ھەیە لە چارەسەرکردنی پرسی ژنان و ئازادی ژنان و پەیوەندی جێندەری لە چوارچێوەی بواری گشتی (دەوڵەت و کۆمەلگای مەدەنی) و بنبڕکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێڵ لە دیاری کردن ئەو پرسە. یانی ناکرێ بە بەھانەی پێداویستی نەتەوەی-سیاسی و گرینگی دامەزرادنی دەوڵەتی کوردی پرس و ئازادی ژنان بخریتە پەراوێزەوە.
بە پێچەوانەی زۆر ھەرشە دەرەکی،رەوشەکە زۆر لەبارە بۆ پێداگری لە سەر دامەزرادنی کۆماری کوردستان لە بەشی باشووری کوردستان، بە مەرجێک لە ناو سنوورە سیاسییەکەیدایەکێتیینەتەوەیی کورد بپارێزێت. پاراستنی یەکێتی نەتەوەی نە تەنیا شەرعێتێەتدان بە دامەزراندنی بنکە و قەوارەیەکی سیاسی نەتەوەی کورد لە ناوچەکەدا،ئامانجێک کە جووڵانەوەی نەتەوایەتی کورد لە سەد ساڵەی رابردووی خەباتی بۆ دەکا، بەلکوو لە ھەمانکاتدا باشترین پەرچەکردارە بۆ ئەو ھەڕەشانەی کە لە لایەن ئێران و تورکیا و عیراقەوە دەکرێتە سەر ئەو ویستە و ئاماانجە رەوایەی کورد. ھەمووی ئێمە کە خوازیاری دامەزراندنی قەوارەیەکی نەتەوەی لە باشوورین، دەبێ سەرنجی ئەو راستییەیە بەدەین کە رەوشیناوچەکە زۆر ئالۆزە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئالۆزیە و لە رووی ئەو دژەدیپلۆماسییە کە ئێران و تورکیا و دەوڵەتی بەغدا لە دژی بریاری رێفراندۆم وەگڕیان خستووە و ھەروەھا ئەو مەترسییە کە سەبارەت بە ئاکامی دابەش بوونی عێراق لە لاینە مەس میدیا جیھانییەوە دارێژڕاوە بۆ چەواشەی بیر و ھزری خەڵکا سەبارەت بەو بابەتە دەبێ ئاگاربین تەنیا ھۆکارێک کە سەرکەوتنی ئێمە مسۆگەر دەکا یەکگرتووی نەتەوەەی و پێداگری لە سەر ویستی سەربۆخوویە نەک پاشەکشە کردن لە سەر ئەو ویست و ئامانجە. ویستی سەربەخۆی کورد لە بەردەوامی رەوتی رێفراندۆمی ٢٥/٠٩/٢٠١٧ رووداو وەرچانێک گرینگە بۆ کۆتایی نەخشەی سایکس-پیکۆ و لەرزاندنی سیستەمە چەقبەستووی دەوڵەت-نەتەوەی رۆژھەڵاتی ناوی کە لەسەر تەوەری ئەتڵەسی دامەزراوە. یانی بە کورتی کڕمانجی دەخوازم بڵێم کە ویستی سەربەخوی کورد لە بەشێ باشوور ھێمایەک بۆ ئەو گۆڕانکاییە و نەیار و دژبەری زۆری ھەیە و دەبێ. تەنیا زامنی ئەو وەدیھێنانی ئەو ئامانجە یەکێتێکی نەتەوەییە و خودی ئەو یەکێتییە گرێدراوی پلانێکێ تۆکمەیە بۆ ورۆژاندن پرس و ئازادی ژنان لە کۆماری کوردستان. با ھەموومان قۆڵ لەو ئەرکە پیرۆزە ھەڵ کەین و بۆ وەدیھێنای پێکەوە خەبات بکەین.






کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ لە سۆران
Top