ئاسته‌نگێكی‌ مه‌ترسیدار هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ .....

ئاسته‌نگێكی‌ مه‌ترسیدار هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ .....
گه‌لی‌ كورد وه‌ك هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ تری‌ ئه‌م جیهانه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و مافه‌یه‌ چاره‌نوسی‌ خۆی‌ دیاری‌ بكات ، یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تیش جه‌ختی‌ له‌و مافه‌ کردوەتەوە كه‌ هیچ لایه‌ك بۆی‌ نیه‌ ئه‌و مافه‌ی‌ لێ‌ زه‌وت بكات ....

گۆڕانكاریه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵات له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌لی‌ كوردایه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ جیهان باوه‌ڕی‌ به‌دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ په‌یداكردوه‌، كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ناو وڵاته‌كان و گۆڕانكاریه‌ سیاسیه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ بونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ كورد له‌چه‌ندین بواره‌وه‌ ببێته‌ هێزی‌ زۆر گرنگ و كاریگه‌ر ؛
ئێستاش كورد زیاتر له‌و قۆناغه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ كه ببێته‌ خاوه‌ن ده‌وڵەتی‌ سه‌ربه‌خۆ و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ته‌واوی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌بێت . روداوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی‌ شه‌ڕی‌ داعش به‌ڵگه‌ی‌ راستیه‌ لەسەر ئەوەی كوردستان چۆته ‌نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ و جوگرافی‌ ئاینده‌ی‌ رۆژهه‌ڵات .

ئه‌مڕۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ كه‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستان له‌خۆ بگرێت ئه‌سته‌مه‌،، به‌ڵام ده‌كرێت كورد لە باشوری‌ كوردستان ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن، چونكه‌ ده‌بینین پێشمه‌رگه‌كانی‌ كوردستان له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشدا سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌یان به‌ده‌ست هێناوه‌ و كاریگه‌ری‌ هێزن بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی‌ گروپی‌ تیرۆرستی‌ داعش و تێكشكاندنی‌.

ئه‌م پرسه‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ كوردی‌ باشور گرنگی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێستا خاوه‌نی‌ هه‌رێمێكن ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌بردنیان هه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقدا جیاواز له‌به‌شه‌كانی‌ تری‌ كوردستاندا، ئه‌م جیاوازیه‌ واده‌كات كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دۆخێكی‌ له‌باری‌ هه‌بێت بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی‌ ئه‌م پرسه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پرسێكی‌ په‌یوه‌ند داره‌ به‌هاونیشتمانیانه‌وه‌ مافی‌ خۆیانه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیار بده‌ن له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌یان ببێته‌ خاوه‌ن كیانی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ خۆی‌.

دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ كاریگه‌ری‌ گرنگی‌ له‌سه‌ر ئارامی‌ سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێت، هاوبه‌ش و هاوكاری‌ وڵاتان بۆ دامه‌زراندنی‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ گرنگه‌.

ئه‌مڕۆ له‌دیدگای‌ وڵاتانی‌ دنیادا كورد مافی‌ دروست كردنی‌ ده‌وڵەتی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر ماف نیه،‌ به‌ڵكو دیدگاو تواناو پلان و كرده‌ی‌ مێژوییه‌ ده‌بێته‌ گۆڕینی‌ ئه‌و مافه‌ بۆ واقیع.

هێز و لایه‌نه‌ شیعی‌ و سونه‌كان هه‌میشه‌ دژی‌ ئه‌نجام دانی‌ ریفراندۆم و دروست بونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردین له‌باشوری‌ كوردستاندا، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌دابه‌شبونی‌ عێراق دا ئه‌نێن وڵاتانی‌ ئێران و توركیا به‌ئاشكرا دژی‌ دروست بونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردین له‌باشوری‌ كوردستاندا. زۆرجار به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌مەریكا جەخت له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ خاكی‌ عێراق ده‌كه‌نه‌وه،‌ سه‌رانی‌ هه‌ندێ‌ له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیش به‌رده‌وام هه‌ڕەشه‌ له‌دابه‌شبونی‌ خاكی‌ عێراق ده‌كه‌ن.

ئه‌مانه ‌ئه‌وه‌ ده‌ره‌خه‌ن ئه‌مڕۆ ئاسته‌نگێكی‌ مه‌ترسیدار هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌باشوری‌ كوردستان.

ئه‌مڕۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست گیرۆده‌ی‌ شه‌ڕێكی‌ ئاڵۆز بوەتەوە، له‌ ئێستادا له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع زۆر له‌ سنوره‌كان ته‌نها له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌م دۆخه‌ش كراوه‌یه‌ بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد بۆ دروست بونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ كه‌ پێویستی‌ به‌نه‌خشه‌یه‌كی دیار‌ و گه‌لێكی‌ بوێرو نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ هۆشیار هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ گۆڕانكاریه‌كان به‌ره‌و ئاقاری‌ خێرایی‌ گوزه‌ر ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانی‌ نه‌خشه‌ی‌ تازه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌كرێت و كورد پێوستی‌ به‌هه‌ست كردن و به‌رپرسیارێتی‌ مێژویی‌ و بیركردنه‌وه‌وی‌ ستراتیژی‌ و هه‌نگاوی‌ تاكتیكی‌ هه‌یه‌ ....

ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌داڕشتنه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تێكی‌ راست و دیموكراسی‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌كان و گوتاری سیاسی و دیبلۆماسی یه‌كگرتو هه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ پشكی‌ مێژویی‌ گه‌لی‌ كورد له‌دامه‌زراندنی‌ نه‌خشه‌ی‌ نوێی‌ ناوچه‌كه‌دا.

هەروەها گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و شه‌نگال و ناوچه ‌كوردوستانیه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بۆسه‌ر خاكی‌ هه‌رێم، چونكه‌ به‌بێ‌ په‌یوه‌ست بونی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌گیانێكی‌ ناته‌واو له‌دایك ده‌بێت.
Top