قەیرانی حزبەكان
January 23, 2017
وتار و بیروڕا
قەیرانی حزبەكان، رێگەی بۆ دروستكردن و گەورەكردنی قەیرانەكانی دیكە خۆشكردووە، چونكە دەستوورێك نییە، هێڵی سوور بۆ حزب دابنێ، ئەمەش وایكردووە، حزب لە پەنابردنە بەر هەر كەرەستەیەك بۆ ململانێی حزبی نەپرینگێتەوە، لەو حاڵەشدا بەغدا و دەوروبەر، بەهۆی بەرینبوونی كەلێنی نێوان حزبەكان زیاتر دێنە سەر خەت، ئێستا حزبەكانی كوردستان بەغدا بۆ گوشارخستنە سەر پارتی بەكاردێنن، بەغداش ئەو حزبانە بۆ گوشارخستنە سەر حكوومەتی هەرێم و خۆ بە بێتاوان پێشاندان لەبەرامبەر قەیرانی دارایی كوردستان بەكاردێنێ، كادیری حزبێك لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا گوتی:" مالیكی هیچ تاوانێكی نییە، ئەوە پارتی و حەماقەتی كوردایەتییە كێشەی دروستكردووە".
بەوپێیەی حزب كار بۆ ئێستا و سبەینێیەكی حزبایەتی نەك نیشتمانی دەكات، هیچ هێڵێكی سوور لەبەردەم خۆیدا نابینێت، بۆیە ئاگای لەخۆی نامێنێ، هەوڵ دەدات گرنگترین ئەو ئامانجەی لەپێناویدا دامەزراوە، بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خوێنی بۆ دراوە، لەبیر بباتەوە، لە لایەكی دیكەش قورسایی خۆی دەخاتە سەر داخوازیی هەنووكەیی، چونكە قەیرانی دارایی هەیە و شەقامی پێ گڕ دەدات، باشتروایە، هەردووكیان ببنە دووانەی كاری حزبەكان، با كاری هەرە لەپێش چاككردنی بژێوی خەڵك بێت، لێ ئامانجە گەورەكەش لەبیرنەكرێ.
حزبەكانی كوردستان، بەرگەی قەیران ناگرن، زیاتر حەز دەكەن، خۆیان وەك بەرگریكار لە خەڵك پێشان بدەن، لە شەڕی دژی داعشدا، شەقامیان بۆ ململانێی حزبی بەكارهێنا، زۆرجاریش باسیان لەوە دەكرد شەڕەكە بۆ حزبی دەسەڵات قازانجی هەیە، لەبەرئەوەی پێشمەرگەی كوردستان پارتی و یەكێتین، حزبەكان بەلای شەڕی داعشدا نەدەچوون، وەك ئەوەی ئەو شەڕە سیناریۆیەك بێت، ئەو دوو حزبە، بەتایبەتیش پارتی نووسیبێتییەوە، لە لایەكی دیكەشەوە، لە جێی خۆیدا نییە قەیرانی ناو حزبەكان، لەسەر ژیانی خەڵك و پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا رەنگ بداتەوە.
حزبەكان زۆر خۆویستن، بەجۆرێك كە پێنج حزبی بەشدار لەم كابینەی هەشتدا، بۆیان هەبوو قسە لەسەر كۆی كێشەكانی كوردستان بكەن، كاتێ لە 23 ی حوزەیرانی 2015 دا، پڕەنسیپی سازان كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمەوە (لە 1992) كاری پێدەكرا پشت گوێ خرا، چەند كۆبوونەوەیەكی پێنجقۆڵی كرا، ئەو كۆبوونەوانەشیان بە سوتاندنی بارەگاكانی پارتی گۆڕییەوە، لە باسكردنی گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان حزبەكانیش، زۆر بە ئاسانی پارتی تۆمەتبار دەكەن، لەوانەیە جارێكی دی، هەر ئەو حزبانەی داوای كۆتایی پێهێنانی كۆبوونەوەی پێنجقۆڵییان دەكرد، بیر لە كۆبوونەوەی ئەو پێنج حزبە بكەنەوە، بەڵام خۆپیشاندەران بەپیر بانگەوازی نەهێشتنی كۆبوونەوەكە چوون، داوای ئەو حزبانەیان جێبەجێ كرد، دوا كۆبوونەوەی پێنجقۆڵییان لە سلێمانی بەردباران كرد و فاتیحایان لەسەر خوێند، دەركەوت ئەو لایەنانە لە حكوومەتی بنكە فراوان و كاری پێكەوەیی سەركەوتوو نەبوون، بۆیە هەقە ئەمجارە كاری دەستە جەمعی بكرێ و رای تەواوی لایەنەكان وەربگیرێ، ئەمەش بەوە دەكرێ، میكانیزمی یەكلاكەرەوە هەبێ، هەموو حزبەكان خۆیان لە ئاست بەرپرسیارییەتی قۆناغەكەدا ببیننەوە.