كورد و سەوداكارییەكانی ناوچەكە
December 28, 2016
وتار و بیروڕا
هەر ئەوەشە، لە بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتیدا، كە بە بەراورد بە رابردوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هێشتا دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان، بەدوای دەرفەتدا بگەڕێن، گرفتی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە، ئێستا میللەتانیش دەخوێندرێنەوە، بۆیە پەیوەندییەكانییان لەگەڵ خۆیان و دەوڵەتانی دی، بە هەڵبەز و دابەزدا تێدەپەڕێت، جڵەو شلكردنی ئەمەریكا لە سوریا، توركیا و ئێرانی لەگەڵ رووسیا گەیاندە یەك، رۆژی 20/12/2016 لە مۆسكۆ كۆببنەوە و هەڵوێست لەبارەی ئایندەی سوریا رابگەیەنن و رێگە لە دابەشبوونی ئەو وڵاتە بگرن، بەم پێیەش رووسیا پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزێ، داخوازیی ئێران لە هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئەسەد و مانەوەی لە نزیك لوبنان مسۆگەر دەبێت، لەولاشەوە لێدانی كورد لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێ، توركیاش ئەگەرچی سوننەگەرایی لە ناوچەكە بە قازانج دەبینێ، بەڵام رێگری كردن لە كورد، با سوننەش بن لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێ.
گەورەترین كۆسپی دەوڵەتانی داگیركەر ئەوەیە، كورد لە شەڕی دژی داعشدا، باشتر چۆتە پێشەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە عێراقدا مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكات، كەواتە ئەگەر لە شەڕی یەكەم و دووەمی جیهان، كورد هەر وەبن دەست و پێیان كەوتبێ، لەم شەڕەی هاوپەیمانی 60 دەوڵەت لەگەڵ داعش، تاكە هێزی سەر زەوی بووە، توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێكبشكێنێ.
بەڵایەكە ئەوەیە، جاران جیهان چاوی لە ئاست لەناوبردنی كورد دەنوقاند، بەڵام كورد زۆر بەئومێدەوە خەباتی دەكرد، ئێستا نەك كرانەوەیەك بەرووی كورددا هەیە، بەڵكو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب پێشوازیی لە سەرۆك و گەورە بەرپرسانی دەوڵەتان دەكرێت، كەچی حزبەكان پەرش و بڵاون و بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی وای لێكردوون، لە ئاستی سەدەی بیست و یەكەمدا نەبن كە دەكرێ بە سەدەی كوردی دابنێین، چونكە توانیویەتی لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكاندا هەڵبكات، حزبەكان خۆیان لە بەرامبەر هەوڵی هێزە ئیقلیمییەكان كەڕ كردووە، وەك ئەوەی بە چاوی بەزەیی بڕواننە كوردستان، ئەو هێزە ئیقلیمییانە هەرچی لەدەستیان هاتووە كردوویانە، سوودی زۆریشیان لەو كەلێنە گەورەی نێوان حزبەكانی كوردستان وەرگرتووە، توانیویانە لە ڕێی بەغداوە گوشار بخەنە سەر هەرێم و قوتی خەڵك ببڕن، كەچی حزبەكانی ئێمەش ئەو دۆخە بۆ ململانێی نێوخۆیی دەقۆزنەوە و دڵی هێزە ئیقلیمییەكان خۆش دەكەن، لە لایەكی دیكەشەوە، لە جیاتی ئەوەی قوتبڕین بكەنە گوشار بۆ سەر بەغدا و لە مینبەرە نێودەوڵەتییەكاندا كاری لەسەر بكەن و هەوڵی دەستەجەمعی بۆ باشكردنی گوزەرانی خەڵك بدەن، بەغدا خەنی دەكەن و لەو تاوانە گەورەیەدا بێتاوانی دەكەن، ئەوە بارودۆخی نێودەوڵەتییە وایكردووە، داگیركەران جرت و فرتیان بێ و كورد تەقەی سەری بێ، دەنا بەو پەرتەوازەییەی حزبەكان بێ، هەر چوار دەوڵەت كە قەت ئامادەنین دانی خێرمان پێدابنێن، نانمان بۆ دەهەمبانێ دەنێن.