ئه‌گه‌ر مالیكی له‌ سه‌رۆك بارزانی رازی بێ!

ئه‌گه‌ر مالیكی له‌ سه‌رۆك بارزانی رازی بێ!
ناچمه‌ سه‌ر قسه‌ و لێدوانه‌كانی نوری مالیكی و ناڕازی بوونی له‌ سه‌رۆك بارزانی، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سه‌رۆك بارزانی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌ رابردوودا گوتوویه‌تی و له‌ داهاتووشدا ده‌یڵێ، قسه‌ی هه‌موو شۆڤێنی و دوژمنه‌كانی كورد پێشتر چه‌ند جارێك گوێبیستی بووم، ئه‌وه‌ی نوری مالیكیش كاوێژ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گوتنانه‌یه‌ و جگه‌ له‌ خۆ خاڵی كردنه‌وه‌ له‌ تێكه‌ڵه‌ی رق و كینه‌ی عه‌ره‌بچێتی و ئه‌و شكستانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك بارزانی دووچاریان بووه شتیكی تر نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر نوری مالیكی به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌ نه‌ڵێ به‌چی بزانین پرسی كورد له‌ ده‌ستێكی ئه‌مین دایه‌ و به‌ چیش بزانین نوری مالیكی عه‌ره‌به‌ و به‌ سه‌ركه‌وتنی كورد ته‌نگاو ده‌بێ؟! به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نوری مالیكی له‌ سه‌رۆك بارزانی رازی بێ وه‌ك له‌ زۆر سیاسی كورد رازییه‌، یان ئه‌گه‌ر بڵێ: بارزانی له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ نییه‌ و دژی دابه‌ش كردنی عێراقه‌، ئه‌وكات سه‌رۆك بارزانی هه‌م سه‌روه‌ریه‌كانی مێژوو ده‌دۆڕێنی و هه‌م داهاتووش ده‌خاته‌ ژێر چه‌قۆی عه‌ره‌بچێتی، به‌وه‌ش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ئه‌جێندای دوژمنان و جێبه‌جێكاری پیلانه‌كانیان و جێگای ره‌زامه‌ندی نوری مالیكی. نوری مالیكی به‌و قسه‌ و لێدوانانه‌ی دژ به‌ سه‌رۆك بارزانی و خانه‌واده‌كه‌ی په‌رده‌ی له‌سه‌ر پیلانگێڕیه‌كانی رابردوو لادا و هه‌موو كوردی خسته به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ر، ئه‌گه‌ری یه‌كه‌میان سه‌نگه‌ری كوردایه‌تییه‌ و نوری مالیكی به‌ دۆست و هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا و ‌ئیسرائیل تۆمه‌تباریان ده‌كات، ئه‌گه‌ری دووه‌میشیان سه‌نگه‌ری قووتبڕین و سه‌ربڕخانه‌ی عرووبه‌ و ئه‌نفال و كیمیابارانه‌ و خۆی رابه‌رایه‌تی ده‌كات، وه‌ك له‌ لیدوانه‌كه‌شی ده‌رده‌كه‌وێ دوای شه‌ڕی داعش كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی تری كوردستان له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌ستێنێته‌وه‌ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی سێ پارێزگاكه‌ی تری كوردستانیش بۆ ده‌رفه‌تێكی تر هه‌ڵده‌گرێ، لێره‌دا ده‌پرسین.. ئه‌وانه‌ی سه‌رۆك بارزانیان به‌ تێكچوونی په‌یوه‌نده‌یه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌كرد، وه‌ڵامیان بۆ لێدوانه‌كانی نوری مالكی و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنه‌وه‌ی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی تری كوردستان چییه‌؟ ئایا به‌ درێژایی مێژوو په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌ خوێن نه‌سه‌پێنراون و له‌ به‌غدا نه‌خشه‌یان بۆ نه‌كێشراوه‌ و به‌ هێز هه‌ولێریان پێ رازی نه‌كراوه‌! ئه‌ی كه‌ وایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ كوردیانه‌ی له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆی كۆنه‌قین و په‌یوه‌ندی ژێربه‌ژێر پاكانه‌یان بۆ بێوه‌یی نوری نالیكی ده‌كرد، پاكانه‌ نییه‌ بۆ بێوه‌یی سه‌ددام و حوسێن و ره‌وایی دانیش نییه‌ به‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و هه‌موو ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه‌ی له‌ رابردوودا به‌سه‌ر كورددا هێنراون؟ به‌و لێدوانانه‌ی نوری مالیكی ده‌ركه‌وت كه‌ كێشه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌س و ده‌سته‌ و گرووپێكی كوردی و غه‌یره‌ كوردی ستراتیجی و نه‌ته‌وه‌یین، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمان و مالیك دۆسته‌كان له‌ كوردستان بۆ چه‌واشه‌ كردنی خه‌ڵك و جوان كردنی رووی نوری مالیكی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد. له‌ كۆتایی ئه‌م باسه‌دا ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر نوری مالیكی له‌ سه‌رۆك بارزانی رازی بێ! چ كوردپه‌روه‌یه‌كی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ و چ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان سه‌رۆك بارزانی و ئه‌وانه‌دا ده‌مێنێ كه‌ ده‌یانهێنایه‌ سلێمانی و له‌ ژووره‌ تاریكه‌كان له‌گه‌ڵی كۆ ده‌بوونه‌وه‌؟! یان هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌وداسه‌ری ئازادین و ده‌یان ساڵه‌ خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن و خوێنی بۆ ده‌به‌خشن چۆن به‌ سه‌رۆك و خه‌مخۆری خۆیانی بزانن؟!
Top