پارتی له‌ كنگه‌وه‌ لغاوی ده‌كات

پارتی له‌ كنگه‌وه‌ لغاوی ده‌كات
پارتی وه‌ك منداڵی شیره‌خۆره گڕووی گرتووه‌ و ده‌ڵێ: یوسف محه‌مه‌د هۆكاری ئاڵۆز بوونی پرۆسه‌ی سیاسی و تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌كانه‌ و ده‌بێ و له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان لاببرێت، ئاخر من تێناگه‌م مه‌كته‌بی سیاسی و راوێژكاره‌كانی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ له‌ سیاسه‌ت ده‌گه‌ن! یان له‌ مێژوو بێئاگان،؟ (یوسف)ێكی فه‌قیرحاڵی بێ ئه‌زموون و به‌سته‌زمان خۆی هه‌یه‌ تا پرۆسه‌ی سیاسی پێ تێكبدرێ و بارودۆخه‌كه‌ به‌و ئاسته‌ بگه‌یه‌نێ چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌نده‌ گران بێ؟! ده‌بێ مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و راستییه‌ بزانێ كه‌ ئه‌وه‌ی بارودخه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ یوسف محه‌مه‌ده‌كان ئاراسته‌ ده‌كات نه‌ك یوسف محه‌مه‌د، بۆیه‌ پێویسته‌ پارتی له‌باتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵی گۆڕینی یوسف محه‌مه‌د بدات، واباشتره‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ بگۆڕێ كه‌ یوسف محه‌مه‌دی ئاڕاسته‌ كردووه‌.
كاری بازرگانی و ئێواره‌ پیاسه‌ی ناو باخه‌كان و سه‌یر و سه‌فای ده‌وری مه‌له‌وانگه‌ی ناو ڤێلاكان ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و راوێژكاره‌كانی پارتی وا سه‌رقاڵ كردووه‌، ئه‌وه‌یان له‌ بیر چۆته‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا گوتی: 24 عه‌بدوڵای مه‌لا نوریمان بۆ ناردوون، ئه‌و گوتنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یامێكه‌ و به‌ پارتی ده‌ڵێ: هه‌ر كه‌سێك سه‌رۆكی په‌رله‌مان بێت ده‌بێ وه‌ك (به‌به‌غا) چیم گوت به‌ دوامدا بیڵێته‌وه‌، ئێ كه‌وایه‌ گۆڕینی یوسف محه‌مه‌د چی له‌ بارودخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت تا پارتی ئه‌وه‌نده‌ پێی له‌سه‌ر دابگرێ؟! ئه‌ویش لاببرێ نه‌وشیروان مسته‌فا 24 یوسفی یه‌ده‌گی هه‌ن و یه‌كێكی تری له‌ شوێن داده‌نێ.
پارتی له‌ كنگه‌وه‌ لغاوی ده‌كات، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و دیوی په‌رده‌ به‌رنامه‌ی تێكدان داده‌ڕێژێ و پارتیش بیانوو به‌ یوسف محه‌مه‌د ده‌گرێ، من پێوایه‌ كه‌س وه‌ك یوسف محه‌مه‌دی لێنه‌قه‌وماوه‌ به‌ دووسه‌ره‌ غه‌دری لێده‌كرێ، نه‌وشیروان غه‌دری لێده‌كات له‌وه‌ی خه‌تاكان به‌ یوسف محه‌مه‌د ده‌كات، پارتیش غه‌دری لێده‌كات له‌وه‌ی یوسف به‌ خه‌تاكار ده‌زانێ.
من له‌به‌رده‌م یاسا و له‌سه‌ر پردی سیراتیش شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ده‌م یوسف جگه‌ له‌ سه‌ربازێكی ناو یاری شه‌تره‌نج كه‌ قوربانی مانه‌وه‌ی مه‌لیكی ته‌مبه‌ڵ هیچیتر نییه‌، پارتی ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانێ كه‌ به‌ كش مه‌لیك یاریه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌ نه‌ك به‌ كش یوسف، باشه‌ گریمان له‌ ئێستادا ئاڵۆز بوونی په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌كان و تێكچوونی بارودۆخی سیاسی خه‌تای یوسف محه‌مه‌ده‌، خۆ له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ئێستای خراپتر ده‌كرد و یوسف محه‌مه‌د هه‌ر له‌ دایك نه‌ببوو، خۆ له‌ پاكتاوی نه‌یاره‌كانی ناو یه‌كێتی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و دیل كوژیه‌كانی قڕناقاو و پشتئاشان یوسف محه‌مه‌د ئه‌گه‌ر له‌ دایكیش بووبێ له‌به‌ر مه‌مكان بووه‌، ئه‌ی ئه‌و خه‌تا و ئاژاوه‌گێڕیانه‌ی رابردوو كێ كردنی و تاوانه‌كان له‌ ئه‌ستۆی كێ دان‌؟!
ده‌بێ پارتی له‌وه‌ بگات ئامانجی نه‌وشیروان مسته‌فا سووك كردنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ هه‌ر وه‌ك پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌ یوسف محه‌مه‌د سووك كرد، ئایا شه‌هید جه‌وهه‌ر نامیق و عه‌دنان موفتی و دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز و دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی كه‌ سه‌رده‌مانێك سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوون، كاتێ ده‌بینن یوسف محه‌مه‌د هه‌مان پۆستی هه‌یه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان له‌به‌رده‌م ماوه‌ شانازی به‌و پۆسته‌وه‌ بكه‌ن؟ بۆیه‌ ده‌بێ پارتی له‌وه‌ بگات نه‌وشیروان مسته‌فا مه‌به‌ستیه‌تی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌ كه‌سێكی وه‌ك یوسف محه‌مه‌د وه‌ك پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر بۆ دوو مانگیش بێت سووك بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ش وه‌ك پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكاته‌ گاڵته‌جاڕ و كه‌س نه‌توانێ شانازی به‌و پۆسته‌وه‌ بكات، بۆیه‌ له‌ روانگه‌ی په‌رۆشیمه‌وه‌ بۆ یوسف محه‌مه‌د و هه‌موو یوسف محه‌مه‌ده‌كانی ده‌وری نه‌وشیروان مسته‌فا، داوا له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و راوێژكاره‌كانی پارتی ده‌كه‌م كه‌مێك به‌ ئاگا بێنه‌وه‌ و چیتر باس له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌د نه‌كه‌ن، هه‌ر له‌ روانگه‌ی په‌رۆشیمه‌وه‌ جارێكیتر روو له‌ پارتی و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر ده‌كه‌م و پێیان ده‌ڵێم: نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ مه‌رامی تایه‌تی خۆی ئه‌و داماوه‌ی خۆستۆته‌ ناو ئه‌و گێژاوه و زۆر داماوی تریشی ئاماده‌ كردوون، ئه‌وان ده‌ستی خێری بۆ درێژ بكه‌ن و له‌و گێژاوه‌ی ده‌رباز بكه‌ن.
Top