دووڕووی سیاسی

دووڕووی سیاسی
دووڕوو كێیه‌ و چۆن ده‌ناسرێته‌وه‌؟ هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ درووشم و وتاری راستگۆ نه‌بێ و درووشم و وتاری له‌ناو كردار و ره‌فتاریدا ره‌نگ نه‌ده‌نه‌وه‌ پێی ده‌گوترێ دووڕوو، جا دووڕووی سیاسی هه‌یه‌، دووڕووی دینی هه‌یه‌، دووڕووی دیموكراتی هه‌یه‌، دووڕووی هاوڕییه‌تی هه‌یه‌، به‌ ڕای منیش گه‌وره‌ترێن خراپه‌كار كه‌سانی دووڕوون و خوای گه‌وره‌ش نه‌فره‌تی لێكردوون، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ تیشكی بخه‌مه‌سه‌ر دووڕووه‌ سیاسیه‌كانن.
له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا كه‌سانێك هه‌ن و پۆستی باڵاشیان هه‌یه‌، له‌ درووشم و وتاردا سه‌ری زمان و بنی زمانیان رێبازی بارزانی نه‌مره‌، له‌ كردار و ره‌فتاریشدا رێك پێچه‌وانه‌ی رێبازی بارزانی نه‌مرن، ئه‌وانه‌ دووڕووی كوردایه‌تین، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك شوێن كه‌وتووی رێبازی بارزانی نه‌مر بێ و پاكی و دڵسۆزی بۆ كورد و كوردستان له‌ كردار و ره‌فتاریدا ره‌نگ نه‌داته‌وه‌، دووڕووه و ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی رێبازی بارزانی نه‌مر‌‌.
كه‌سانێكی تری دووڕوو هه‌ن سه‌ری زمان و بنی زمانیان دیموكراتی و ئازادی را ده‌ربڕینه‌، كه‌چی له‌ بنه‌ڕه‌تدا دژی دیموكراتی و ئازادی را ده‌ربڕینن، ئه‌وانه‌ش پێیان ده‌گوترێ دووڕووی دیموكراتی، نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك نموونه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ دژی دیموكراتییه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌و قسه‌ نه‌كه‌یت ده‌ردی ئه‌وانه‌ت نیشان ده‌دات كه‌ له‌ رابردوودا وه‌ك ئه‌و قسه‌یان نه‌كردووه‌، بۆ نموونه‌: ئه‌و به‌ به‌غدا ده‌ڵێ به‌غا، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بێ و وه‌ك ئه‌و به‌ به‌غدا نه‌ڵێی به‌غا، چۆن عومه‌ر شه‌ریف و عه‌بدولی سۆان و سه‌دیق ئه‌فه‌ندی و... هتد تیرۆر كردن، ئه‌وا تۆش ده‌كه‌ویه‌ به‌ر په‌لاماره‌ تیرۆریه‌كانی، خوا په‌نامان بدات.
كه‌سانێكی تری دووڕوو هه‌ن دینی ئیسلامیان له‌ كورتی سمێڵ و درێژی ریش و كوزایه‌ده‌ به‌ دینه‌وه‌ ته‌نگ هه‌ڵێناوه‌، له‌ درووشم و وتاریدا بۆ دینی ئیسلام ده‌گریا و چاویشی لێ خافڵ بكه‌ی بۆ گه‌یشت به‌ مه‌رامه‌كانی سه‌ر به‌ هه‌موو كونێكدا ده‌كات، عه‌لی باپیر وه‌ك نموونه‌ی ئه‌و دووڕووه‌ دینییه‌، ده‌زانن بۆچی؟! ئه‌وه‌نده‌ خۆی به‌ له‌ خوا ترس ده‌رده‌خاتبۆ خڵه‌تاندنی خه‌ڵكی ساویلكه‌، درۆی خه‌ون بینین به‌ خواوه‌ ده‌كات و له‌ ژێریشه‌وه‌ ده‌ست له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسی ئه‌نجامده‌ری ئه‌نفال و كیمیا وه‌شێن تێكه‌ڵ ده‌كات.
كه‌سانێكی تری دووڕوو هه‌ن درۆ له‌گه‌ڵ دوێنێی خۆیان ده‌كه‌ن، سه‌رانی ده‌ستڕۆشتووی ناو یه‌كێتی وه‌ك نموونه‌، دوێنی ده‌یانگوت: مافی چاره‌ی خۆ نووسین بۆ گه‌لی كورد، ئه‌مڕۆ ده‌ڵێن: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا و مافی چاره‌ی مالیكی نووسین بۆ گه‌لی كورد، دوێنێ ده‌یانگوت: دژی به‌ بنه‌ماڵه‌ كردنی حزبین، ئه‌مڕۆ دوو خوشك كۆنترؤلی هه‌موو جومگه‌كانی حزبیان كردووه‌ و ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌رگیری حزبه‌كه‌یان له‌ په‌نجه‌ی خۆیان كردووه‌.
Top