ململانێكان وا چڕ بوونه‌وه‌ په‌نا بۆ دوژمنانیش ده‌برێ

ململانێكان وا چڕ بوونه‌وه‌ په‌نا بۆ دوژمنانیش ده‌برێ
زۆر ده‌مێكه‌ به‌ دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕێم.. بۆچی هه‌موو گه‌لانی دونیا بوونه‌ خاوه‌نی كیان و ده‌وڵه‌تی خۆیان و كورد تا ئێستا و دوای ئه‌و هه‌موو خوێن و خه‌بات و قوربانیدانه‌ نه‌یتوانیوه‌ نوایه‌ك بۆ خۆی درووست بكات؟ هه‌ندێ جار هۆكاره‌كه‌م ده‌گێڕایه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنی چاڵدیران و دواتر سایكس بیكۆ و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی زلهێز، هه‌ندێ جاریش بۆ دڵ ره‌قی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان، به‌ڵام له‌ راستیدا نه‌ رێككه‌وتنه‌كان و نه‌ دڵ ره‌قی داگیركاران هۆكار نه‌بوون له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كوردیش وه‌ك گه‌لانی تر به‌ مافه‌ ره‌واكانی خۆی بگات و ناشبن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی سایكس بیكۆ هۆكاری بێ بۆ ئه‌وه‌ی كورد خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نه‌بێ، ده‌بوایه‌ هه‌موو گه‌لان خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت بن تورك خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاینێكی دۆڕاوی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی بوو، رێككه‌وتنی سایكس بیكۆش ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ بوو، یان ئه‌گه‌ر دڵ ره‌قی دوژمنان هۆكار بێ ئه‌وه‌ هه‌ر كورد نییه‌ دوژمنی دڵ ره‌قی هه‌بێ و هه‌موو گه‌لانی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت له‌ قۆناغه‌ جیا جیاكاندا دوژمنی دڵ ره‌قیان هه‌بووه‌ و به‌ ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی هه‌م رێككه‌وتنه‌كانیان شكست پێهێناون و هه‌میش دڵ ره‌قی دوژمنه‌كانیان به‌زاندووه‌، ئه‌ی بۆچی ده‌بێ كورد نه‌یتوانیوه‌ رێككه‌وتنه‌كان شكست پێبێنێ و سنوورێكیش بۆ دڵ ره‌قی دوژمنه‌كانی دابنێ؟!
هه‌ر نه‌خۆشێك بێ سه‌ردانی دكتۆر و پشكنینی پێویست بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێ خۆی ده‌بێته‌ بكوژی خۆی، كوردیش تا ئێستا پشكنینی مێژوویی بۆ نه‌خۆشی بنده‌ستی و بێ ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌كردووه‌. ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بۆ مێژوو بگه‌ڕێینه‌وه‌ ده‌بینین هه‌ر كاتێك بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد داشی سوار بووبێ، دوژمنان خۆیان خزاندۆته‌ ناو داخوازیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی و چه‌كی كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستیان له‌ ده‌ست ده‌رهێناوه‌، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ و قووڵ كردنه‌وه‌ی ململانێ حزبیه‌كان و هێنانی نوری مالیكی بۆ سلێمانی و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵی باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێمان وابێ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ نوری مالیكی یان هه‌ر نوری مالیكیه‌كی تر ده‌توانین به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بگه‌ین و خواستی خه‌ڵكی كوردستان بێنینه‌دی، چونكه‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایی مێژوو رێگر بوون له‌به‌رده‌م به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كورد و مانه‌وه‌ی به‌ ژێرده‌سته‌یی.
كورد ده‌ڵێ: تاقیكراوان تاقی مه‌كه‌وه‌، نوری مالیكی تاقی كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و بوو كێشه‌ی بۆ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور درووست ده‌كرد، هه‌ر ئه‌و بوو مووچه‌ و بودجی پێشمه‌رگه‌ی زه‌وت كرد و له‌ دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك هێزێكی ده‌ستووری ماف خوراو كراوه‌، هه‌ر ئه‌و بوو فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ی درووست ده‌كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و هاتنه‌وه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆكیشی ده‌كرد، هه‌ر ئه‌و بوو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی بڕی و به‌ سیاسه‌تی برسی كردنی خه‌ڵكی كوردستان شه‌ڕی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی له‌گه‌ڵ كورد ده‌كرد، ئێستا كه‌ خۆی باری كه‌وتووه‌ و بۆ راست كردنه‌وه‌ی باری خۆی گفت و به‌ڵێنی درۆ به‌م حزب و ئه‌و حزب ده‌دات، ئایا ده‌كرێ خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ به‌ڵێنی عه‌ره‌بێكی شكستخوادووی بار لار بسپێرین؟ بۆیه‌ هه‌ر حزب و لایه‌نێك پێی وابێ به‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ حزب و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ نوری مالیكیه‌كان ده‌توانێ وه‌ڵامی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بداته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌وه‌ كه‌ سه‌دان ساڵه‌ باجی بێ ده‌وڵه‌تیمان پێده‌دات، لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌و دوو پرسیاره‌ ساده‌ و ساكاره‌ ی خوارله‌ خه‌ڵكی كوردستان و هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كان بكه‌م.
ئایا ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ رێكخستنی ناو ماڵی كورد دێنه‌دی یان به‌ پشت له‌ یه‌كتری كردن و رێككه‌وتنی نهێنی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی وه‌ك نوری مالیكی؟ ئایا ده‌كرێ حزب و لایه‌نه‌كان به‌ دوژمنان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كتری بكه‌ن و موزایه‌ده‌ی په‌رۆشی و دڵسۆزی بۆ چاره‌سه‌ر پرسی كورد به‌ خه‌ڵك بفرۆشن؟!
Top