پێده‌چێ نه‌وشیروان مسته‌فا ناوبڕیكی تری بداتێ!

پێده‌چێ نه‌وشیروان مسته‌فا ناوبڕیكی تری بداتێ!
نه‌وشیروان مسته‌فا فێر بووه‌ دوای هه‌موو ئاژاوه‌ و پیلانه‌ شكستخواردوووكانی ناوبڕێكی سیاسی بدا‌تێ و به‌ پیلان و‌ پرۆژه‌ی تازه‌ی ئاژوه‌گێڕیه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لامان، دوای ئه‌وه‌ی له‌ زنجیره‌ كوده‌تاكه‌ی 23ی حوزه‌یران و 19ی ئاب و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی ساڵی رابردوو سه‌رنه‌كه‌وت و شكستی خوارد، ناوبڕیكی حه‌وت مانگی و حه‌وت رۆژی دایه‌ و وه‌ك ده‌بینین به‌ پیلان و پرۆژه‌ی نوێوه‌ هاتۆته‌وه‌ لامان، ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌كرێ پیلان و پرۆژه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی له‌ ته‌واوی پرۆژه‌ و پیلانه‌كانی تری جیاوازه‌، له‌و پیلان و پرۆژه‌ ئاژاوه‌گێڕیه‌یدا به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ باڵی ئه‌و حزبه‌ی له‌ ساڵی 2009 خۆی كه‌رتی كرد، ده‌ستی پێكردووه‌ و جا نازانم به‌ هێنانی نوری مالیكی و ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رموگوڕه‌ی لێیكرا ده‌گاته‌ بنبه‌ست و كۆتایی به‌ به‌رنامه‌ ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی دێنێ و ناوبڕه‌كه‌مان ده‌داتێ، یان هێشتا پرۆژه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردووه‌ و زیاتر به‌ دواداچوونی بۆ ده‌كات!
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ گه‌شته‌ حه‌وت مانگی و حه‌وت رۆژیه‌كه‌ی پرۆژه‌ پیلانگێڕیه‌كه‌ی به‌ ریككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌ست پێكرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیری ئاڵوگۆڕی نوێی ئه‌وروپی بۆ ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵا ت بۆ هێنابینه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر تاكڕه‌وی سیاسی خۆی، به‌ڵكو تاكڕه‌وی ئه‌خلاقیشی له‌ بیر كرد و به‌ زمانی شه‌ڕانگێزی و هه‌ڕه‌شه‌وه‌ گوتی: له‌گه‌ڵ یه‌ك یه‌كێتی كۆتایی به‌ بڕیاری تاكڕه‌وی سیاسی دێنین، بۆ سه‌ركه‌وتن و شكست نه‌خواردنی پیلانگێڕی ئه‌مجاره‌ی دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، خه‌ونه‌كانی به‌ گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی سیاسی سپاردن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی درووست كرد و ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ سه‌ری به‌ ماڵی هه‌موو حزبه‌كاندا كرد به‌و حزبانه‌ش كه‌ پێشتر به‌ دوكانی سیاسی ناوده‌بردن، دوای ئه‌وه‌ی حزبه‌كان وه‌ك پێویست گوێیان لێنه‌گرت و به‌ده‌نگیه‌وه‌ نه‌هاتن، بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌رامه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ پێی دووگیانی سیاسی بووه‌، سه‌ركرایه‌تیه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد و دواتر نوری مالیكی هێنا و هه‌موو كورد و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستانی پێ ئیهانه‌ كرد، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆیان نه‌یانتوانی به‌رگه‌ی ئه‌و ئیهانه‌ گه‌وره‌یه‌ بگرن و به‌ رێگری كردن له‌ چوونی نوری مالیكی بۆ شاره‌كه‌یان سیحری پیلانگێڕیه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فایان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، بۆیه‌ پێده‌چێ نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك خۆ ئاماده‌ كردنه‌وه‌ بۆ پێلانگێڕیه‌كی تر ناوبڕیكی تری بداتێ و به‌ره‌و ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرێ.
Top