كورد و كوده‌تاكه‌ی توركیا

كورد و كوده‌تاكه‌ی توركیا
له‌گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كوده‌تا له‌ توركیا جیا له‌ناوخۆی توركیا هه‌موو وڵاتانی دونیا هاتنه‌ سه‌رخه‌ت و به‌ وردی چاودێری ره‌وشی توركیا و ئه‌نجام و ده‌رهاویشته‌كانی كوده‌تاكه‌یان ده‌كرد، گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌و كوده‌تایه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ باكووری كوردستان، به‌ڵكو گاریگه‌ری گرنگ و چاره‌نووسسازی له‌سه‌ر هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ده‌بوو، له‌ كاتێكی وادا پێویست بوو حزب و لایه‌نه‌كانی كوردستان هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ راوبۆچوونیان یه‌كخستبا و یه‌ك روانین و یه‌ك هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر كوده‌تاكه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كانی وه‌رگرتبا، كه‌چی به‌ پێچه‌وه‌نه‌وه‌ وه‌ك هه‌موو پرسه‌ گرنگه‌كانی تر لێدوانی حزبی ده‌دران و شرۆڤه‌كارانیان به‌ پێی رێنماییه‌ حزبیه‌كان راوبۆچوونیان ده‌رده‌بڕی، ته‌نانه‌ت له‌ سلێمانی له‌ ژێر كاریگه‌ری ململانێ حزبیه‌كان هه‌ڵوێست له‌ هه‌مبه‌ر كوده‌تاكه‌ وه‌رده‌گیرا.
هه‌موو دونیا و ته‌نانه‌ت خه‌ڵك و ئۆپۆزسیۆنی توركیاش هه‌ڵوێستیان وه‌رگت و دژی كوده‌تاچیه‌كان وه‌ستانه‌وه‌ به‌ نه‌یار و دوژمنه‌كانی وڵاتی توركیاشه‌وه‌، تاكه‌ وڵاتێك كه‌ خۆشحاڵی ده‌ربڕی و خۆزگه‌ی بۆ سه‌ركه‌وتنی كوده‌تاچیه‌كان ده‌خواست حكومه‌ته‌ شه‌قوشڕه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بوو، له‌ دیمشق ته‌قه‌ی خۆشی ده‌كرا و له‌ سلێمانیش ئاماده‌سازی بۆ ئاهه‌نگ گێڕان ده‌كرا، با له‌ هه‌ڵوێستی سوریا بگه‌ڕێین و سه‌رنج بخه‌یه‌نه‌ سه‌ر حزبه‌كانی سلێمانی و بپرسین: ئایا چ به‌رچاو روونیه‌كیان هه‌بوو له‌وه‌ی كوده‌تاچیه‌كانی توركیا به‌ ده‌نگ خواست و داوا ره‌واكانی كورده‌وه‌ دێن؟ یان لانی كه‌م بۆ كورد له‌ حكومه‌تی ئێستای توركیا باشتر ده‌بوون؟ یان ده‌پرسم: ئایا خوێندنه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ كوده‌تاچیه‌كان له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی توركیا و ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی به‌ خه‌ڵكی كورد و حزبه‌ كوردیه‌كانیشه‌وه‌ راست و درووست تر بوو؟! لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم: به‌ڵای هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌وه‌دایه‌ به‌ هه‌ڵوێستی رق و سیاسه‌تی قیڕوسیا لێكدانه‌وه‌ بۆ پرسه‌ هه‌ستیاره‌كان بكرێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی حزبه‌كانی سلێمانی كردوویانه‌ و كردیان و له‌مه‌ولاش ده‌یكه‌ن.
Top