باجی چاره‌سه‌ری گرژی ناو لایه‌نه‌كان سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌

باجی چاره‌سه‌ری گرژی ناو لایه‌نه‌كان سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌
نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ تا جیابوونه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌سی دووه‌م و خاوه‌ن بڕیاری ره‌ها و ته‌نانه‌ت حاكم و په‌ت به‌ده‌ستی ناو یه‌كێك له‌ دوو حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی كوردستان بوو، به‌ڵام دوای دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه‌ هاتبێ، بۆ چه‌واشه‌كردن و خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك خۆی له‌ مێژووی ده‌یان ساڵه‌ی حزبه‌كه‌ی بێبه‌ری كرد و، پرسی گه‌نده‌ڵی كرده‌ ئامرازی گه‌ڕان به‌ دوای رشتنی كۆنه‌قین و خه‌ونه‌ به‌دینه‌هاتووه‌كانی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و به‌ بیانووی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و دادگایی كردنی گه‌نده‌ڵكاران، كلتووری ئاژاوه‌گێڕی و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و سوتاندنی باره‌گای نه‌یاره‌كانی كرده‌ ده‌سته‌ خوشكی داهێنانی كلتووری جاشایه‌تی و دیلكوژی و خۆفرۆشی و وڵات هه‌راجكردن، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌ بنی هه‌نبانه‌ی كلتووری جاشایه‌تی و دیلكوژی و ئاژاوه‌گێڕی و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و نانه‌وه‌ی ئاشووب و توندوتیژی و سووتاندنی باره‌گای نه‌یاره‌كانی ده‌رچوو، ئێستا به ‌ناوی به‌ دامه‌زراوه‌ كردنی داموده‌زگاكان و چاره‌سه‌ر كردنی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و دیاری كردنی جۆر و شێوازی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی و بیانووی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، هه‌وڵده‌دات كۆنه‌ كاولی جاشایه‌تی نۆژه‌ن بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ و باوه‌ش كردنه‌وه‌ی به‌ گه‌نده‌ڵكاراندا كردۆته‌ خاڵی ده‌ستپێكی نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ و جارێكیتر ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كاوله‌ كۆن و به‌سه‌ر یه‌كدا ته‌پیوه‌كه‌ی جاشایه‌تی، دوژمنان و داگیركارانی كوردستانیش بۆ نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ و رێگه‌ پێدانی بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كۆنه‌ كاوله‌كه‌ مه‌رجی پێشوه‌خیان بۆ داناوه‌، مه‌رجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ رێگری له‌ پرسی گشتپرسی و به‌دیهێنانی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بكات.
گومانی تێدا نییه‌ كه‌ رووداوه‌كان و ده‌ركه‌وتنی داعش و تێكچوونی بارودۆخی سیاسی عێراق و توندبوونی شه‌ڕی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ له‌ لایه‌كو، به‌رگری و ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان و كار و چالاكیه‌ سیاسی و دیبلۆماسیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، كه‌ بوونه‌ كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی پشتیوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی به‌ رووی‌ دۆزی ره‌وای كورددا له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ده‌رفه‌تی بۆ سه‌رۆك بارزانی ره‌خساندووه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر دوا خه‌ونی كورد لابدات كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانیشی پێناسراوه‌ و له‌ سه‌ركرده‌ و سیاسیه‌كانی تریشی جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كورد به‌ درێژایی مێژوو به‌ دوای ده‌رفه‌تدا گه‌ڕاوه‌ و هه‌رگیز ده‌رفه‌تیش له‌ ده‌ست نادات، بۆیه‌ ده‌بینین راشكاوانه‌ و راستگۆیانه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی كردۆته‌ دوا بژارده‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كورد و ده‌رهاویشته‌ی گۆڕانكاریه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی عێراقی ته‌نگاو كردووه‌، به‌ڵكو رژێمی په‌ت و سێداره‌ی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی هێناوه‌ته‌ سه‌رخه‌ت، مێژووش ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ دوژمنان و داگیركارانی كوردستان بۆ پێشگرتن به‌ هه‌وڵه‌كانی به‌دیهێانی خه‌ونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و هێشتنه‌وه‌ی كورد به‌ ژێرده‌سته‌یی، یه‌كێك له‌و ده‌رگایانه‌ی به‌رده‌وام لێیانداوه‌ ده‌رگای گه‌ڕان بووه‌ به‌دوای خیانه‌تكار و خۆفرۆشانی ناوخۆدا، له‌ دیاری كردنی كه‌سێكی وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فاش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ هه‌ڵه‌ نه‌چوون و نیشانه‌یان پێكاوه‌، چونكه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌م له‌ كاری خۆفرۆشی و وڵات هه‌ڕاجكردندا پێشینه‌یه‌كی دیاری هه‌یه‌ و هه‌میش كۆنه‌قین له‌ خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مر له‌ هه‌ناویدا په‌نگی خواردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سانێك پێیان وابێ به‌ چاره‌سه‌ر كردنی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و دیاری كردنی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی و كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌ك به‌ سازان و رێككه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌كان، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێ و ده‌یخوازێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌، چونكه‌ درووست كردنی ئه‌و كێشانه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كیان له‌ پشته‌ و وه‌ك كاردانه‌وه‌ و پێشگرتن به‌ هه‌وڵه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، دوژمنان و داگیركارانی كوردستان به‌ نه‌وشیروان مسته‌فایان درووست ده‌كه‌ن، هه‌ركاتێكیش سه‌رۆك بارزانی ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی ببێ، دوژمنان و داگیركارانی كوردستان و دژانی ده‌وڵه‌تی كوردی، نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌به‌نه‌وه‌ قاوغی خۆیدا و ده‌ردی ساڵی 1970ی سه‌ده‌ی رابردووی ده‌ده‌نێ، به‌ڵام له‌ چانسی نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆك بارزانی ده‌ستبه‌رداری به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌ نابێ و به‌و هۆیه‌وه‌ نه‌وشیروان مسته‌فاش رۆژانه‌ نرخی خۆفرۆشی و چوونه‌وه‌ ژێر باری دوژمان و داگیركارانی كوردستانی ده‌چێته‌ سه‌رێ، بۆیه‌ باجی چاره‌سه‌ری گرژیه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ته‌نها و ته‌نها ده‌ستبه‌ردار بوونه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌رۆك بارزانیش هه‌رگیز ئه‌و باجه‌ نادات
Top