دواڕۆژی كورد له‌ كه‌شتیه‌كی دوو كاپتنی دایه‌

دواڕۆژی كورد له‌ كه‌شتیه‌كی دوو كاپتنی دایه‌
دواڕۆژی كوردم وه‌ك چاره‌نووسی سه‌رنشینانی ئه‌و كه‌شتیه‌ دێته‌ پێش چاو كه‌ دوو كاپتی هه‌یه‌ و كاپتنیكیان ده‌یه‌وێ كه‌شتیه‌كه‌ به‌ره‌و كه‌ناری ئارام به‌رێ و، ئه‌ویتریان ده‌یه‌وێ كه‌شتیه‌كه‌ به‌ره‌و قووڵایی و گێژه‌ن و شه‌پۆله‌ ترسناكه‌كان به‌رێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئێستا به‌دیده‌كرێ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد دواڕۆژی كوردی خستۆته‌ ناو كه‌شتی ململانێی دوو جه‌مسه‌ری و دوو كاپتنی، هه‌چی كاپتنی یه‌كه‌مه‌ له‌ كه‌شوهه‌وای كوردایه‌تیه‌وه‌ گێژه‌نی شه‌پۆلی رووداوه‌ ئاڵۆز و هه‌ڵچووه‌كان ده‌بینێ و ده‌یه‌وێ كه‌شتیه‌كه‌ له‌ كه‌ناری نه‌ته‌وایه‌تیدا له‌نگه‌ر پێبگرێ، هه‌رچی كاپتنی دووه‌میشه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ و هه‌وڵده‌دات پێچه‌وانه‌ی خواستی كاپتنی یه‌كه‌م كه‌شتیه‌كه‌ به‌ره‌و قووڵایی گێژه‌نی شه‌پۆله‌ هه‌ڵچووه‌كان به‌رێته‌وه‌.
مێژووی دوو كاپتنی و دوو كه‌ناری و یه‌ك كه‌شتی و یه‌ك چاره‌نووسی سه‌رنشینانی ناو كه‌شتیه‌كه‌ چه‌ندین جار دووباره‌ بۆته‌وه‌، ئه‌وه‌تا دوای چه‌ندین دۆڕان و شكست كاپتنه‌ دۆڕاوه‌كه‌ كه‌ڵكی له‌ شكسته‌كانی رابردووی وه‌رنه‌گرتووه‌ و، ده‌یه‌وێ جارێكی تریش كه‌شتی پڕ له‌ حه‌ز و خولیای كوردایه‌تی به‌رێته‌وه‌ ناو گێژه‌نی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی و شه‌پۆلی مه‌زهه‌بگه‌رایی، له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌دا پشت له‌ كه‌ناری ئارامی كوردایه‌تی ده‌كا و وه‌فدی هاوبه‌ش ره‌وانه‌ی كه‌ناره‌ هه‌ڵچووه‌كانی به‌غدا ده‌كات.
گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌و كه‌شتیه‌ی دواڕۆژی كوردی هه‌ڵگرتووه‌ ده‌بێ له‌ یه‌كێ له‌و دوو كه‌ناره‌ له‌نگه‌ر بگرێ، یه‌كه‌میان كه‌ناری سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ و ئه‌ویتریشیان كه‌ناری خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌دان و دووباره‌ چوونه‌وه‌ ژێر سته‌م و فه‌رمانی دوژمنانه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كه‌ناری سه‌ربه‌خۆیی له‌نگه‌ر بگرێ چی ده‌به‌ینه‌وه‌ و چی ده‌ دۆڕێنین؟ ئه‌گه‌ر له‌ كه‌ناری شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی و زه‌لكاوی مه‌زهه‌بگه‌راییشدا له‌نگه‌ری پێبگیرێ وه‌ك كاپتنه‌ دۆڕاوه‌كه‌ ده‌خوازێ، چی ده‌به‌ینه‌وه‌ و چی ده‌دۆڕێنین؟
مێژوو ئه‌و شایه‌تمانیه‌ ده‌دات ئه‌گه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ له‌ كه‌ناری سه‌ربه‌خۆیی له‌نگه‌ر بگرێ، ئه‌وا شكۆی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ها نیشتیمانیه‌كان ده‌به‌ینه‌وه‌ و دیلێتی و ژێرده‌سته‌یی ده‌دۆڕێنین، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كه‌ناری شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی زه‌لكاوی مه‌زهه‌بگه‌راییدا له‌نگه‌ری پێبگیرێ، ئه‌وا بوون و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دۆڕێنین و مه‌رگ و كاره‌سات و كاولكاری ده‌به‌ینه‌وه‌.
Top