بۆردوومان و گوڵباران

بۆردوومان و گوڵباران
تورك وه‌ك داگیركاری باكووری كوردستان ئه‌و ناوچانه‌ی باشووری كوردستان بۆردوومان ده‌كات كه‌ (په‌كه‌كه‌) بنكه‌ و باره‌گای لێكردوونه‌وه‌، فارسییش وه‌ك داگیركاری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ تۆڵه‌ی چالاكی پێشمه‌رگانه‌ی حزبی دیموكرات به‌ هه‌مان شێوه‌ی تورك كوێرانه‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی باشووری كوردستان بۆردوومان ده‌كات، ئه‌و هاوڕه‌فتاری و هاوهه‌ڵوێستیه‌ی تورك و فارس به‌رامبه‌ر به‌ كورد شتێكی ئاسایی و چاوه‌ڕوان كراوه‌، چونكه‌ ئه‌وان به‌ درێژایی مێژوو دوژمنی كورد بوون و ئه‌و دوژمنكاریه‌ی خۆشیان نه‌شاردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیار و گومانیشه‌ هه‌ڵوێستی دووڕووانه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و میدیا به‌ناو ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه‌كانی سلێمانییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوڕه‌فتاری و هاوهه‌ڵوێستیه‌ی تورك و فارس.
هه‌موومان ده‌زانین كاتێ تورك بۆردوومانی باشووری كوردستان ده‌كات یان له‌ باكوور كورد ده‌كوژێ، له‌ سلێمانی ده‌بێته‌ جه‌نگی مه‌غڵووبه‌ و هه‌ر حزبه‌ و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رده‌گرێ و هه‌ر میدیایه‌ كوردایه‌تی ده‌لاوێنێته‌وه، كاتێكیش فارس باشووری كوردستان بۆردوومان ده‌كا و له‌ رۆژهه‌ڵات كورد به‌ په‌تی سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كانه‌وه‌ راده‌ژێن، حزبه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات كوردستان نه‌بێ و رۆژهه‌ڵاتیه‌كان كورد نه‌بن روو وه‌رده‌گێڕن و میدیاكانیش چاو داده‌خه‌ن و بۆ شاردنه‌وه‌ی چاو داخستنه‌كه‌یان جنێوفرۆشه‌كان به‌ره‌ڵای ناو پیرۆزیه‌كان ده‌كه‌ن.
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دووڕووانه‌ی حزب و میدیاكانی سلێمانی به‌رامبه‌ر دوژمنان له‌ كاتێكدایه‌ كێشه‌ی كورد له‌ باكوور بێ یان له‌ باشوور، له‌ رۆژهه‌ڵات یان له‌ رۆژئاوا، كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و هه‌موو داگیركارانیش له‌ سه‌ركوتكردنی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی له‌ به ‌كارهێنانی هێز و كوشتاری به‌ كۆمه‌ڵ و چاره‌سه‌ری زۆره‌ملێی كێشه‌كه‌‌ ده‌چنه‌وه‌ پاڵ یه‌ك، كوشتنی كوردیش له‌ هه‌ر پارچه‌یك بێ له‌سه‌ر كورد بوونه‌ و هه‌ر چوار داگیركاره‌كه‌ی كوردستانیش ده‌ستیان له‌ كوردكوژی نه‌پاراستووه‌، بۆیه‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕین له‌سه‌ر كوردانی پارچه‌یه‌ك و بێده‌نگی له‌ ئاست كوشتن و چه‌وسانه‌وه‌ی كوردانی پارچه‌یه‌كی تر، درۆ كردنه‌ له‌گه‌ڵ كوردایه‌تی و چوونه‌ ژێر خواستی سیاسه‌تی داگیركاری و ده‌ست له‌ ملدانه‌ بۆ به‌ ره‌وا زانینی خوێن رشتنی كورد.
حزب و میدیاكانی سلێمانی نه‌ك هه‌ر بۆردوومانی فارس به‌ گوڵباران ده‌زانن، ئه‌وه‌تا وه‌فدی هاوبه‌ش به‌سه‌ر مێژووی خوێن و خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌دا، به‌سه‌ر خواست و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا هه‌نگاو ده‌نێن و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ هه‌ڕاجخانه‌ی به‌غدای ئه‌نفال و كیمیادا هه‌ڕاج ده‌كه‌نه‌وه‌ و، میدیاكانیش وه‌ك ده‌ستكه‌وت به‌ كوردی ده‌فرۆشنه‌وه‌، كۆچی كوردانی دوزخورماتوو و ده‌وروبه‌ری به‌ ئاسایی وه‌رده‌گرن و په‌یامی لكاندنه‌وه‌ی كوردستانیش به‌ به‌غدا ده‌گه‌یه‌نن، بڕینی مووچه‌ و قووتی خه‌ڵكی كوردستان غیره‌تی كوردایه‌تیان ناجووڵێنێ و له‌ حزوور مووچه‌ بڕاندا زه‌لیل زه‌لیل هه‌ڵده‌تووته‌كێن.
Top