فه‌رموو ئه‌وه‌ كردار...

فه‌رموو ئه‌وه‌ كردار...
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستایانی زانكۆی گه‌رمیان له‌ رۆژی 21ــ 6 ــ 2016 گوتی: ده‌وڵه‌ت به‌ قسه‌ درووست ناكرێ و كرداری پێویسته‌. كه‌س نكولی له‌وه‌ ناكات كه‌ درووست كردنی ده‌وڵه‌ت كرداری ده‌وێ، به‌ش به‌ حاڵی خۆم زۆر خۆشحاڵ بووم كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ نه‌وشیروان گوێبیستی راستی گوتن بووم، به‌ڵام له‌و راستی گوتنه‌شدا مه‌به‌ستی تایبه‌تی هه‌یه‌ و ئه‌مجاره‌یان پێچه‌وانه‌ی گوتنه‌كانی تری، ده‌یه‌وێ به‌و راستی گوتنه‌ی ته‌مومژی چه‌واشه‌كاری بخاته‌ سه‌ر ئه‌و راستییه‌ی كه‌ پرسی گشتپرسی و هه‌و‌ڵه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ سه‌رۆك بارزانی رابه‌رایه‌تی ده‌كات، هه‌ر قسه‌ و درووشمن و كرداریان له‌گه‌ڵ نییه‌، له‌و چه‌واشه‌كاریه‌شدا دوو ئامانجی شاراوه‌ی هه‌یه‌.
یه‌كه‌میان:ـ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ بیانووی نه‌بوونی كردار نه‌ك ده‌یه‌وێ خۆی له‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی وا گرنگ بدزێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ له‌ سه‌روبه‌ندی گشتپرسیه‌كه‌دا ئاژاوه‌گێڕیه‌كی تریش ساز بكات و دوا كارتی خۆی بۆ رشتنی كۆنه‌قین به‌رامبه‌ر به‌ خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مر فڕێ بدات ئه‌گه‌ر به‌ رێگری كردن بێ له‌ درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیش.
دووه‌میشیان: پابه‌ند بوونه‌ به‌رامه‌به‌ر به‌و ریككه‌ونته‌ نهێنی و پیلان ئامێزه‌ی بۆ ریگری كردن له‌ درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی و به‌ربه‌ست درووست كردن له‌ به‌رده‌م هه‌نگاوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، كه‌ پێشتر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ وڵاتێكی هه‌رێمی كردوویه‌تی، ورووژاندنی نه‌بوونی كرداریش پاساو و خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك و به‌رده‌وام بوونیه‌تی له‌سه‌ر سیاسه‌تی گه‌وجاندن.
لێره‌دا روو له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌م و ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ دژه‌ درووشم و كرداردۆستی فه‌رموو..‌ ئه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی دوای دوو رۆژ له‌ چه‌واشه‌كاریه‌كه‌ی تۆ و درووست له‌ 23ی حوزه‌یران و هاوكات له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كوده‌تاكه‌ی ناو په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ كۆبوونه‌وه‌ و یه‌كخستنی هه‌ڵوێست و بڕیاردان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی گشتپرسی و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، به‌ كردار بانگهێشتی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كردووه‌، جا ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی له‌ خه‌می كورد و خوێنی شه‌هیدان و رابردوو و ئێستا و داهاتووی خه‌ڵكی كوردستان دای! رووی شاندی ئاماده‌ كراوی به‌غدا وه‌رگێڕه‌ و رووی پێ له‌ هه‌ولێر بكه‌، له‌باتی ئه‌وه‌ی به‌ به‌غدای به‌عس و داعش و حه‌شدی شه‌عبی بڵێی: رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی دژێ عرووبه‌ و یه‌ك پارچه‌یی خاكی عێراق نییه‌، به‌ گه‌رمیانی زامدار و هه‌ڵه‌بجه‌ی خنكاو، به‌ خوێنی شه‌هیدان و ره‌نج و قوربانیدانی شۆڕشگێڕان، به‌ زامی قووڵی (182000) ئه‌نفالكراو و عومه‌ری خاوه‌ری ناسنامه‌ی (5000) خنكاوی ناو غوباری كیمیا و (8000) بارزانی ونكراو بڵێ: رێككه‌وتنه‌كه‌مان بۆ كۆتایی هێنانه‌ به‌ زوڵم و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌.
Top