هاتنی شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی بۆ سلێمانی بۆچی؟

هاتنی شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی بۆ سلێمانی بۆچی؟
هاتنی شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی بۆ سلێمانی هه‌رای ناوه‌ته‌وه‌، پارتیه‌كان و نه‌یار و دژه‌كانی خستوونه‌ چاوه‌ڕوانییه‌وه‌، هه‌رچی پارتیه‌كانن به‌ هاتنی ئومێدیان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئومێدی پارتیه‌كانیش له‌وه‌دا نییه‌ شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی (پارتی)یه‌ به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ ئه‌ندامێكی خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مره‌، هه‌رچی نه‌یار و دژه‌كانی پارتییشن وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆیان كه‌وتوونه‌ته‌ موهاته‌رات و به‌ هاتنی ته‌نگاو بوون، چاوه‌ڕوانی پارتیه‌كان و ته‌نگاوی نه‌یار و دژه‌كان ئه‌و پرسیاره‌ به‌ دوای خۆیدا دێنێ، ئایا شێخ ئه‌دهه‌م ده‌توانێ خه‌ون و خۆزگه‌ی پارتیه‌كان بێنێته‌دی و خه‌ونی نه‌یار و دژه‌كانیش بزڕێنێ؟
وه‌ڵامی كورتی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی پارتی دایه‌ بۆ سه‌ر رێبازی بارزانی نه‌مر، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی شێخ ئه‌دهه‌م چ وه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی و چ وه‌ك ئه‌ندامێكی خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مر قورستر ده‌كات، به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان رێبازی بارزانی نه‌مر و نه‌یار و دژه‌كانیشی توندتر ده‌كات، چونكه‌ رێبازی بارزانی نه‌مر رێبازی كوردایه‌تییه‌ و به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش له‌ یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان و كۆ كردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌كاندا ده‌بینێ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێچكه‌ی نه‌یار و دژه‌كانیش رێچكه‌ی حزبی و ناوچه‌گه‌رایی و شارچێتین و به‌دیهێنانی ئامانجه‌ حزبیه‌كانیش له‌ قوڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌گه‌رایی و شارچێتیدا ده‌بینێ.
له‌ كۆتاییدا و له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێ ئه‌ركی شێخ ئه‌دهه‌م وه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌می پارتی له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری له‌م خاڵانه‌ی خوراه‌وه‌دا چڕ بكه‌ینه‌وه‌.
1:ــ ده‌بێ و پێویسته‌ شێخ ئه‌دهه‌م رێبازی بارزانی نه‌مر بكاته‌وه‌‌ خاڵی له‌ نوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان خۆی و جه‌ماوه‌ر و، مینبه‌ری دواندنی پارتیه‌ تووڕه‌كان و سه‌كۆی ئاشت كردنه‌وه‌ی ره‌نجێنراوه‌كان.
2:ــ به‌ رێبازی بارزانی نه‌مر وه‌ڵامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ناوچه‌گه‌رایی و شارچێتییه‌‌ بداته‌وه‌ كه‌ له‌ سلێمانی چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ.
3:ــ ده‌بێ شێخ ئه‌دهه‌م رێبازی بارزانی نه‌مر بۆ نه‌یار و دژانی پارتی بكاته‌ نامه‌یه‌كی كراوه‌ و پێان بڵێ: هه‌رچی بكه‌ن ناتوانن پارتی و سلێمانی و سلێمانیه‌كان له‌ یه‌كتری داببڕن.
Top