نه‌وشیروان مسته‌فا و بڕیاری دادگا

نه‌وشیروان مسته‌فا و بڕیاری دادگا
تۆماره‌ ده‌نگیه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ته‌قه‌ كردن له‌ كونسوڵگه‌ریه‌كان و رفاندنی ئه‌ندازیارانی كۆمپانیا بیانیه‌كان، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی كوردستانی تۆشی شۆك كرد، به‌ڵام به‌لای نه‌وشیروانناسان و ئه‌وانه‌ی شاره‌زای مێژووی نه‌وشیروان مسته‌فا بوون، ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگیانه‌ و شتی خراپتریش ئاسایی و چاوه‌ڕوان كراو بوون، چونكه‌ مێژووی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا لێوانلێوه‌ له‌ ئاژاوه‌گێڕی و خیانه‌ت و خراپه‌كاری و دیلكوژی و كاری تیرۆریستی.
له‌ كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆماره‌ ده‌نگیه‌كان گۆڕانخواز و هه‌ڵسووڕاوان به‌ شێوه‌ك شپرزه‌ ببوون به‌ دوو ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ و دژ به‌یه‌ك لێدوانیان ده‌دا، هه‌ندێكیان وه‌ك داننان به‌ راستی تۆماره‌ ده‌نگیه‌كان ده‌یانگوت: پارتی جاسووسی به‌سه‌ره‌وه‌ كردووین، هه‌ندێكیشان وه‌ك نكولی كردن له‌ راستی تۆماره‌ ده‌نگیه‌كان ده‌یانگوت: تۆماره‌ ده‌نگیه‌كان راست نین و دۆبلاژ كراون، ئێستا كه‌ له‌ دادگا داوا كراوه‌ ترسیان لێنیشتووه‌ و ده‌ڵێن: دادگاكان سه‌ربه‌خۆ نین و له‌ لایه‌ن پارتی ئاراسته‌ ده‌كرێن، به‌ڵام ده‌بێ گۆڕانخواز و هه‌ڵسووڕاوان ئه‌و راستییه‌ باش بزانن كه‌ ناتوانن به‌و بیانوانه‌ خه‌ڵك بگه‌وجێنن، چونكه‌ ئه‌وه‌ دادگایه‌ و له‌ژێر چاودێری وردی چه‌ندین دادوه‌ر و كه‌سانی پسپۆڕ و ده‌یان پارێزه‌ر به‌ڕیوه‌ ده‌چێ، بۆیه‌ ناكرێ به‌ گومانی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی دادگاكان خۆڵ بكه‌نه‌ چاوی خه‌ڵك.
كورد ده‌ڵێ: ده‌روێش ده‌زانێ كه‌شكۆڵ چی تێدایه‌، نه‌وشیروان و نه‌وشیروانیه‌كانیش باش ده‌زانن چ خراپه‌كارییه‌ك له‌ مێژووی كۆن و نوێی نه‌وشیروان مسته‌فادا هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ئاگر بڕی و تۆمه‌تبار كردنی دادگاكان، چونكه‌ ده‌زانن به‌ چوونه‌ دادگا، فایلی نیو سه‌ده‌ له‌ ئاژاوه‌گێڕی و خیانه‌ت و خراپه‌كاری و دیلكوژی وكاری تیرۆریستی و پاكتاوی نه‌یاره‌كانی هه‌ڵده‌رێنه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ش چاره‌نووسی له‌ چاره‌نووسی خیانه‌تكارانی وڵات فرۆش و تاوانبارانی وه‌ك سه‌ددام حوسێن و عه‌لی كیمیایی باشتر نابێ.
Top