ئه‌وان یه‌ك گیانن له‌ دوو جه‌سته‌دا

ئه‌وان یه‌ك گیانن له‌ دوو جه‌سته‌دا
یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌ك گیانن و له‌ دوو جه‌سته‌ی سیاسیدا خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، یه‌ك هاواری حزبین و به‌ دوو گه‌رووی ناشازی كوردایه‌تیدا ده‌رده‌بڕدرێن، دوو تاكتیكن بۆ یه‌ك مه‌رامی سیاسی ئاراسته‌ كراون و ده‌كرێن، دوو هه‌نگاون و به‌ یه‌ك رێچكه‌دا ده‌نرێن، به‌ كورتی و به‌ كوردی وه‌ك مرۆڤ و سێبه‌رن و جیاوازیان له‌وه‌دایه‌ پێش نیوه‌ڕۆ سێبه‌ره‌كه‌ له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و دوای نیوه‌ڕۆ سێبه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دواوه‌ی.
به‌ راستی سه‌یره‌.. ئه‌گه‌ر یه‌كن منه‌ت به‌سه‌ر كورده‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: به‌ یه‌كه‌وه‌ جوانین و له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ یه‌كین.
ئه‌گه‌ر دوانن منه‌ت به‌سه‌ر دیموكراسییه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: خۆشی دیموكراسی له‌وه‌دایه‌ دووڕووانه‌ بڕوانین.
ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێستاش جووتن منه‌ت به‌سه‌ر كورد و دیموكراسیشه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: پێرێ یه‌ك بووین، دوێنێ دووان بووین، چی تێدایه‌ ئه‌مڕۆ جووتین.
كورد ده‌ڵێ: هه‌موو رێگاكان ده‌چنه‌وه‌ (بانه‌)ی، ده‌بێ خه‌ڵكیش ئه‌و راستییه‌ بزانێ ئامانجی دێرینی ئه‌وان چوونه‌ (بانه‌)یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك بن و ئه‌گه‌ر دووان بن و ئه‌گه‌ر جووت بن، هه‌ر به‌ ئاڕاسته‌ی چوونه‌ (بانه‌)دا هه‌نگاو ده‌نێن.
بانه‌: شاری بانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌.
Top