دەوری كۆمەڵگا لە چاكسازیكردنی تاوانبار

دەوری كۆمەڵگا لە چاكسازیكردنی تاوانبار
هەر لەوكاتەی ژیان دروست بووە مرۆڤ بوونی هەبووە لەبەرامبەر ئەوەشدا تاوان پەیدابووە، هەر كاتیكیش كەسێك كارێكی ئەنجام دا ئەم كارە دژی ئەو دەقەیاساییانە بوو كە دانراون و كاریان پێدەكریت ئەوا ئەم كارە بەتاوان دادەنرێت و سزای لێدەكەوێتەوە دوای دیاریكردنی جۆری تاوانەكە.
لەگەڵ ئەوەی كەوا زانایانی (زانستی تاوان-criminology ) رای جیاوازیان هەیە دەربارەی ئەو هۆكارانەی كە پاڵنەرن بۆ روودانی تاوان لە لایەن تاوانبارانەوە، بەڵام هەندێكیان هۆكاری روودانی تاوان بۆ چوار هۆكار دەگەرێننەوە كە ئەوانیش ( هۆكاری جەستەیی، هۆكاری دەروونی، هۆكاری كۆمەلایەتی، چەند هۆكارێكی تری هاوبەش ( مشترك) .
زۆرجار تاكەكان ناتوانن پێداویستیەكانیان پربكەنەوە بەهۆی لاوازی باری ئابووریان یان بەهۆی بوونی نەخۆشیەكی دەروونی یان لەپێناو دەست گرتن بە بنەماكانی داب و نەریت بۆشاییەكیان لا دروست دەبێت هەوڵ دەدەن ئەم بۆشاییە پربكەنەوە بە ئەنجامدانی كارێك كە رێگەپێنەدراوە ئەویش تاوانە .
هەر كاتێكیش دەوڵەت نەیتوانی سیفەتی گشتگیری بدات بە یاساكان ئەوكاتە دادگاكان و یاساكان متمانەی خۆیان لە دەست دەدەن لە لای تاكەكان، بۆیە هەندێك لە تاكەكان هەوڵ دەدەن خۆیان و ماڵ و شەرەفیان بپارێزن بەو شێوەیەی كە دەیانەوێت، سەرەنجام كۆمەلّگا تووشی فەوزا دەبێت و یاسا سەنگی خۆی لە دەست دەدات . هەر بۆیە زۆرجار تاكەكان تووشی تاوان دەبن و دەبنە تاوانبار، كەسەكە دادگایی دەكرێت و سزا دەدرێت بە سزای (لە سێدارەدان، سجن، حبس، بژاردن ..)
لەگەڵ ئەوەی تاوانباران تووشی سزایەكی یاسایی دەبنەوە بەڵام پێویستە لە هەمان كاتدا ئەوەش بزانین كە ئامانج لە سزادانی تاوانبار چاكسازی كردنیەتی نەوەك تۆڵەسەندنەوە لێی ی، بۆیە ئەركە لەسەر حكومەت زیندانیان چاكسازی بكات و دوای تەواوبوونی سزا یاساییەكە ئامادەیان بكات بۆ گەرانەوە بۆ ناو كۆمەلّگا وەك تاكێكی تەندروست .
بەڵام گەر حكومەتیش بەم كارە هەڵسێت ئەمە بە تەنیا بەس نیە تا بتوانین تاوانبار چاكساز بكرێت، بەلّكو هەر وەك چۆن هەمیشە كۆمەلگا رۆڵێكی گەورەی هەیە لە چارەسەركردنی زۆربەی كێشە و گیرو گرفتەكان، دیسان دەبێت رۆلأ بگێرێت لە چاكسازی كردنی تاوانباران . بەڵام ئەگەر بێت و ورد بینەوە لە چۆنییەتی هەڵسوكەوت كردنی كۆمەڵگا ڵەگەڵ ئەم بابەتە بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەو رۆڵەی كۆمەڵگا پێویستە بیگێرێت رۆڵێكی لاوازە بە بەراورد كردن لەگەڵ چەندێتی هەستیاری بابەتەكە .
لەوانەیە هەموومان هەستمان بەوە كردبێت كە كاتێك تاوانباریك سزاكەی تەواو دەكات و دەگەرێتەوە بۆ كۆمەلگا ژیانێكی زۆر قورسی دەبیت، خۆ هەر لەوكاتەی تاوان روودەدات زۆربەمان بە شێوەیەك بیر دەكەینەوە كەوا ئەم كەسە ژیانی كۆتایی هات، ئەم شێوازە بیركردنەوە بوون یان نەبوونی ئەو كەسە لە ژیاندا وەك یەك دەردەخات !
هەموو مرۆڤێك موعەرەزە كە هەڵە بكات لە ژیانیدا، بۆیە هەموو مرۆڤێكیش پێویستی بەوەیە كە زیاتر لە هەلێكی پێبدریت لە ژیاندا، كەسانی تاوانباریش پێویستیان بە هەلێكی ترە لە ژیان، زۆربەیان جگە لە سزا یاساییەكە هەمیشە سزایەكی تریشیان هەیە كە ئەویش سزا ویژدانیەكە و سزا كۆمەڵایەتیەكەیە، زۆربەی تاوانباران كە لە حبس یان لە سجن دادەبێت بەردەوام بیرلەو كارە دەكاتەوە و هەست بە هەڵە دەكات و بریار دەدات دوای تەواووبوونی سزاكەی هیچ تاوانی تر ئەنجام نەدات و تاوانەكە دووبارە نەكاتەوە .
تاوانبار زۆرجاریش ئەگەری ئەوە دادەنێت كە كۆمەلگا لێی خۆش نەبێت، بەلّام كە دێتەوە ژیانە راستەقینەكە بەراستی تووشی ئەمە ئەبیتەوە بەتەواوی قەناعەتی بەوە دیت كە ئیتر ئەو بە كەڵك هیچ نایەت و ژیان بۆ ئەو مانای نییە .
تاوانباران لەلایەنی كۆمەلایەتی تووشی زۆر كێشە دەبنەوە كە دیارترینیان ( لەدەست دانی كار و لاوازبوونی پەیوەندی كۆمەلایەتی ) ە كانە .
بۆیە زۆرجار ناچار دەبن كە شوینی نیشتەجئ بوونی خۆیان بگۆرن و خیزانەكانیان بگوازنەوە بۆ شوێنێكی تر بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تاوانەكەیان دەبێتە پەڵەیەكی رەش بە ژیانیانەوە بە درێژایی تەمەنیان لەگەلیان دا دەبێت .
هەروەك لە سەرەتادا ئاماژەم پێكرد چۆن ئەركی ئیدارەی زیندانەكانە كە تاوانبار چاكسازی بكات، دووئەوەندەش ئەركی كۆمەڵگایە دەووری هەبێت لە چاكسازی كردنی تاوانباران، لەبەرئەوەی ئەو كەسە زۆرجار بۆ ماوەیەكی دیاریكرا و لە زینداندا ئەمێنیتەوە بەلّام بەشەكەی تری ژیانی لەناو كۆمەلّگا تەواو دەكات .
بۆیە پێویستە كۆمەلّگا هەوڵ بدات كە ژیانێكی ئاسایی دروست بكاتەوە بۆ ئەم تاكانە، بارودۆخێك دروست بكات كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو كەسانە دووبارە تاوان ئەنجام نەدەنەوە، جگە لەمەش زۆر گرنگە كە هۆشیاركردنەوە هەبێت بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا، بەو واتایەی رێكخراوەكان یان ئیدارەی سجن سمینار و كۆر بكەن لە قوتابخانە و شوینەكانی تردا بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و یارمەتی جاكسازان لە دروست كردنی ژیانێكی ئاساییی، لەبەر ئەوەی زۆرجار كۆمەلگا ئەو رێگایە دیاردەكات كە مرۆڤ پیایدا دەروات
Top