هێزی دبلۆماتی و زمانی دیالۆگ لە جووڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا

هێزی دبلۆماتی و زمانی دیالۆگ  لە جووڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا
لەناو ئەو نەخشە سیاسییەی سەرۆك بارزانی بۆ كوردستانێكی بەهێز دایڕشتووە، جووڵەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بە میكانیزمی هێزی دبلۆماتی و زمانی دیالۆگ بوونەتە فاكتەرێكی گرنگی خۆرێكخستنەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستەكانی ناوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتی، لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتمەدارێكی سەركەوتوو توانیوویەتی ئاراستەی رووداوەكان بۆ بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەرێمدا بگۆڕێت و دەكرێت ئاماژە بەم خاڵانە بكەین :
1- سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆك ئەمانوئیل ماكرۆن بۆ فەرەنسا، یەكیك بوو لە جووڵە دپلۆماتییە سەركەوتووەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كە فەرەنسا لە ئێستادا پڕۆژەیەكی هەیە بۆ دووبارە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ رۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی فەرەنسا بەرامبەر عێراق و هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەو سیاسەتە لۆژیكییەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هێزی دپلۆماتی پیادەی دەكات، لەلایەكی دیكە ئاماژەیە بۆ سیاسەتی دروستی هەرێمی كوردستان كە بۆتە هەرێمی كوردستانی كردۆتە بەشێك لە چارەسەر، نەك بەشێك لە كێشەكە، ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیوویەتی لەناو هەرێمێكی بچووكدا هێزێكی گەورەی دپلۆماتی بەرهەم بهێنێت.
2- لەو كاتەوەی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، لەسەر ئاستی ناوخۆ هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە چڕكردۆتەوە، كە تەلاری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكاتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی كۆی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان لەچوارچێوەی تەبایی و یەكریزی نیشتمانیدا، ئەم هەوڵانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو ئەو ژینگە ناسەقامگیرەی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و عێراقدا هەنگاوێكی گرنگ بووە بۆ كۆدەنگی لەسەر پرسە نیشتمانییەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، هەروەها هەوڵێك بووە بۆ ئەوەی بتوانرێت كێشە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بخرێنە سەرووی بیركردنەوەی حزبیەوە، ئەمەش تارادەیەكی زۆر لە ناو قەیرانی ئابووری و بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی رایەڵەیەك بۆ رێگرتن لە پەرتەوازەیی لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا دروست بكات و، زەمینەیەك بۆ هەوڵەكانی حكومەت بۆ دۆزینەوەی رێگا بۆ كێشەكانی هەرێم بێنێتە ئاراوە.
3- هاوكات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماتییەكانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی دوو ساڵی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، توانیوویەتی بەسەركەوتوویی ئیدارەی پەیوەندییەكی دیپلۆماتی هاوسەنگ لەگەڵ ناوەند و تەواوی هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان « سوونە و شیعە» بدات، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار سەردانی بەغدای كردووە و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و تەواوی سەركردەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان ئەنجام بدات و، ئاكامیی سەردانەكانیشی كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دیاربووە، هەروەك چۆن لەسەردانی رابردوویدا بۆ بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیكی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەم بارودۆخە سەختەی عێراقی پێدا تێدەپەرێت، سەردانێكی لە رادەبەدەر گرنگە و بە سەردانێكی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەم سیاسەتە نەرم و هێمنانەیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام رایەڵەیەكی بەهێزی لە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا هێشتۆتەوە و زمانی دیالۆگ و لیكتێگەیشتنی بەسەر زمانی زبر و لێك دوور كەوتنەوە زاڵ كردووە.
4- سەردانی رۆژی شەمەی رابردووش جارێكی دیكە بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و هیز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، جیا لەوەی درێژەدانە بە هەوڵە دپلۆماتییەكانی پێشتری، بەڵام ئەمجارەیان پەیامی فەرەنسا لە رێگەی هەولێرەوە بە عێراق دەگەیەنێت، ئەم سەردانە دوای سەردانە سەركەوتووەكەیەتی بۆ فەرەنسا.
ئەوەی وەك چاودێری سیاسی لە جووڵە و هەوڵە دیپلۆماتییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەخوێندرێتەوە، راستە بە پلەی یەكەم پاراستنی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق، بەڵام لە هەمانكاتدا قەناعەتی دەوڵەتمەدارێكیشە كە ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەكەدا، ئەگەر ناوچەكە و عێراق بە شێوەیەكی سەقامگیر نەبن ئەوا زۆر زەحمەتە بتوانرێت رێگری لەو پریشكانە بكرێت كە لە ئاكامی ئەو ناسەقامگیرییە بەر كوردستان دەكەون.
Top