هەرێمی كوردستان لەناو گێژاوی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا

هەرێمی كوردستان لەناو گێژاوی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا
هەتا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا (2005-2011) ئومێدی ئەوەی لێ دەكرا، عێراقێكی نوێ لە چوارچێوەی دەستوورەكەیدا بونیاد بنێت، هەولێر شوێنی كۆبوونەوەی تەواوی هێزە سیاسییەكانی عێراق بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتەكانی عێراق، بەڵام لە دوای نەورۆزی ساڵی 2012وە كە سەرۆك مسعود بارزانی بە ئاشكرا بە هەموو جیهانی راگەیاند: «عێراق بەرەو دیكتاتۆریەتێكی تازە مل دەنێت و گەلی كوردستان ئامادە نییە بەشێك بێت لەو دیكتاتۆریەتە»، ئیدی گرژی كەوتە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، شوێنی پێكهێنانی حكومەتەكانیش گوازرایەوە بۆ ناو ماڵی شیعە، بەمەش پرۆسەی شەراكەت لە حكومەت و پرۆسەی سیاسیدا بۆ «كورد و عەرەبی سوننە و پێكهاتەكان» بووە شتێكی كارتۆنی و، تەواوی پرۆسەی سیاسی لە لایەن هێزە شیعەكانەوە كۆنتڕۆڵ كرا.
دیارە هێزی سەرەكی لە عێراقدا دوای شیعە، هەرێمی كوردستانە، لایەنە شیعەكانیش باش دەیانزانی كە هەرێمی كوردستان بەو ئاراستەیە رازی نابێت كە لایەنە شیعەكان لەناو پرۆسەی سیاسیدا هەنگاوی بۆ هەڵدەگرن، بۆیە لە سەرەتای ساڵی 2014وە بەشە داهاتی هەرێمی كوردستانیان لە بودجەی عێراق بڕی، ئەم هەنگاوەیان بەو ئامانجە بوو كە گوشارێكی گەورەی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكەن و، ناچاری بكەن بە هەموو هەنگاوەكانی لایەنە شیعەكان رازی بێت، بەڵام هەرێمی كوردستان بەرگەی گرت و نەیهێشت سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا ببێتە بەشێك لەو لادانەی كە شیعەكان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دروستیان كردبوو، راشكاوانەتر لۆژیكی سەركردایەتیی مسعود بارزانی توانی پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەناو ئەو چوارچێوەیەدا بپارێزێت كە دەستووری عێراق بۆی دیاری كردووە، بەمەش راستە ئێستا لایەنە شیعەكان باسی دەستوورەكە دەكەن، بەڵام جیاوازیی نێوان سیستمی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان وەك جیاوازیی سیستمی سیاسیی «چین و تایوان» وایە، هەربۆیە چۆن كەس ناتوانێت لە چوارچێوەی دوو سیستمی جیاوازی «چین و تایوان» مەزندەی ئەوە بكات، پەیوەندییەكانی «تایبێی و پەكین» كەی و چۆن ئاسایی دەبێتەوە، ئەوا كەسیش ناتوانێت مەزندەی ئەوە بكات كە «كەی و چۆن» پەیوەندییەكانی نێوان «هەولێر و بەغدا» رێك دەخرێنەوە و ئاسایی دەكرێنەوە.
ئەوجا چۆن «حكومەتی چین» لای روونە كە حكومەتی «تایوان» دەستبەرداری سیستمی دیموكراتیی خۆی نابێت و ملكەچ نابێت بۆ سیستمی كۆمۆنیستیی پەكین، بە هەمان شێوە «شیعەكانی عێراق»یش لایان روونە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەرداری سیستمی دیموكراتیی خۆی نابێت و ملكەچ نابێت بۆ سیستمی «ویلایەتی فەقیهی»، هەر بۆیە چۆن كۆماری «چین» بە رەفتار و سیاسەتی ئیستفزازی مامەڵە لەگەڵ «تایوان» دەكات، ئەوا بەهەمان شێوە دەوڵەتی «عێراق»یش بە رەفتار و سیاسەتی ئیستفزازی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات.

لەم راستەوە كە سەرنج لە پەیوەندییەكانی نێوان « تایبێ و پەكین» دەدەین، ئەوا ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە ماوەی 50 ساڵە لەبری ئەوەی لە یەكتری نزیك ببنەوە، بەڵام زیاتر لە یەكتری دوور دەكەونەوە و چارەسەری كێشەكانی نێوانیشیان لەبری ئەوەی بەرەو كردنەوە بچێت، زیاتر بەرەو داخراوتر دەچن، ئەم حاڵەتە لە پەیوەندیی ئەم 10 ساڵەی دوایی نێوان «هەولێر و بەغدا»ش بە دیدی دەكرێت و، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هەوڵ و دانوستاندن بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی كێشەكانی نێوانیان بوونی هەیە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع رۆژ لەدوای رۆژ كێشەكان ئاڵۆزتر دەبن و زیاتر لە یەكتری دوور دەكەونەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی هەشتەم، هەر لە سەرەتاوە رووبەڕووی سیاسەتی بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی عێراق بووەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی چوار ساڵ زۆر سەركەوتووانە ئیدارەی ئەو بارودۆخە سەختەی دا، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا بەرنامەكەی بەو جۆرە داڕشت، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ خەڵكی كوردستان و عێراق ئاشكرا بكات، ئەو پرسیارەش ئەوە بوو: ئایا كێشەكانی نێوان «هەولێر و بەغدا» كێشەی هەرێمێكە لەناو دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا، یان كێشەی دوو سیستمە لەناو یەك دەوڵەتدا؟ هەر بۆیە لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدای كرد بۆ ئەوەی كۆی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزە شیعەكانی عێراق تەختەی شەترەنجەكەیان بەجێهێشتووە و بڕوایان بە یاسای گەمەكە نییە كە دەستووری عێراق رێكی خستووە، ئەوا دەبینین بە شەو دەگەنە رێككەوتن و بە رۆژ لێی پەشیمان دەبنەوە، هەروەك چۆن بەر لە هەفتەیەك راگەیەندرا كە هەردوولا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 رێككەوتوون، بەڵام بۆ بەیانییەكەی پەشیمان بوونەوە، ئەم واقیعە ئەو راستەڕێیەمان پیشان دەدات كە رۆژ لە دوای رۆژ «هەولێر و بەغدا» زیاتر لێك دوور دەكەونەوە.


لایەنێكی دیكە كە حكومەتی «چین» دەیەوێت حكومەتی تایوانی پێ تاوانبار بكات، بەوەی نایەوێت بەشێك بێت لە چین، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە حكومەتی «تایوان» تا ئێستا بە فەرمی ناوی «كۆماری چینی نیشتمانی» نەگۆڕیووە و بە فەرمی هەر -كۆماری چینی نیشتمانی-یە، تایوان بەم سیاسەتەی دەیەوێت بە رای گشتیی جیهان بڵێت، كێشەی «تایبێ و پەكین» لەسەر ئەوە نیە كە تایوان نایەوێت بەشێك بێت لە چین، بەڵكو كێشە سەرەكیەكە ئەوەیە تایوان نایەوێت بەشێك بێت لە سیستمی كۆمۆنیستۆی پەكین، ئەم حاڵەتە لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستانیش بە راشكاوی دەبیندرێت، بەغدا هەوڵ دەدات وای پیشان بدات كە هەرێمی كوردستان نایەوێت بەشێك بێت لە عێراق، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە هەرێمی كوردستان خۆی بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە لەدوای ساڵی 2003 بناخەی بۆ عێراقێكی فیدڕاڵی دارشتووە و، پڕۆژەی دابەشكردنی «دەسەڵات و داهات لە عێراقدا» پرۆژەیەكی كوردستانی بووە و عێراقییەكان پێی رازی بوون، نەك بە پێچەوانەوە، بۆیە كێشەی «هەولێر و بەغدا» لەسەر ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان نایەوێت بەشێك بێت لەو سیستمە سیاسییەی كە لە چوارچێوەی دەستوور هاتووەتە دەرەوە. ئەگەر ئەو سیستمە سیاسییە بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناو چوارچێوەی دەستوور و بەندەكانی دەستوورەكە جێبەجێ بكات، ئەوا هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ بەغدا نییە.
لە حاڵەتی لەمجۆرە كە لەناو یەك دەوڵەتدا «دوو حكومەت» هەبێت و، حكومەتی ناوەند پاپەند نەبێت بە دەستووری وڵاتەوە، ئەوا حكومەتی دووەم كە هەرێمێكی فیدڕاڵییە، ناتوانێت كۆی سیستمە سیاسییەكە راست بكاتەوە، بەڵكو تەنیا ئەوەندەی پێ دەكرێت پارێزگاری لە حكومەتەكەی خۆی بكات لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەی دەسەڵاتەكانی رێكخستووە، ئەم حاڵەتە لەوانەیە بۆ هەرێمی كیبیك لە كەنەداش راست بێت، ئەگەر حكومەتی كەندا پەشیمان ببێتەوە لەوەی كە كەنەدا دەوڵەتێكی فیدڕاڵی هەر دوو نەتەوەی «فەرەنسی و ئینگلیزی» بێت، ئەوا كیبیك ناتوانیت هەموو سیستمی سیاسیی كەنەدا راست بكاتەوە، بەڵام دەتوانێت لە چوارچێوەی دەستووری كەنەدا سیستمی سیاسیی هەرێمی كیبیك بپارێزێت.
ئێستا سیستمی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە بەردەم هەمان كێشەدایە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق، چونكە حكومەتی عێراق بە حوكمی ئەوەی هەتا ئێستا بە فەرمی پاشەكشەی لە دەستوورەكە نەكردووە و، لە زۆر حاڵەتدا بۆ پەردەپۆشكردنی رەفتارەكانی پەنا بۆ هەندێك بڕگە و ماددەی دەستوورەكە دەبات، ئەوا سیستمی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش بەپێی ئەو دەستوورە دەتوانێت دیفاكتۆیەكی یاسایی دروست بكات، بەڵام ناتوانێت كۆی سیستمی سیاسیی عێراق راست بكاتەوە، هەروەها ناشتوانێت ئەو كارتانە لەدەستی حكومەتی ناوەند دەربهێنێت كە بۆ گوشار خستنە سەر كوردستان بەكاریان دەهێنێت، لەم حاڵەتەدا سیستمی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەبێتە فەرز لەسەر كە بەدوای كارتی بەدیل و سیاسەتی پشتبەخۆبەستندا بگەڕێت، ئەگەر لەم پرۆسەیەدا سەركەوتوو بوو، ئەوا ئەو دیفاكتۆ یاساییە هەنگاو بەرەو دیفاكتۆیەكی سیاسی و یاسایی هەڵدەگرێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش رێزی دەگرێت.


لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری سیاسەت و ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین لە چەندین رووەوە هەنگاوی باشی بەو ئاراستە بڕیوە كە كێشەی هەرێمی كوردستان و عێراق ئەوە نییە كە كوردستان نایەوێت بەشێك بێت لە عێراق، بەڵكو كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە كە نایەوێت بەشێك بێت لەو سیستمە سیاسییەی كە دەستووری عێراقی پێشێل كردووە و لە دەرەوەی بنەماكانی دەستوور گەمە سیاسییەكە بەڕێوە دەبات، بۆ ئەمەش دەكرێت ئاماژە بە چەند لایەنێك بكەین:
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێداگریكردنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی «هەولێر و بەغدا» لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، ئەوەی سەلماند كە رەفتار و سیاسەتی ئیستفزازییانە و بڕینی بودجەی كوردستان، پەیوەندی بە حزبێكی سیاسی، یان كەسایەتییەكی شیعەی عێراقەوە نییە، بەڵكو ئەمە سیاسەت و ستراتیژیەتی بیركردنەوەی شیعەی عێراقە بۆ كۆی سیستمی سیاسی لە عێراق و هەوڵدانە بۆ ملكەچپێكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو سیستمە سیاسییەی شیعەی عێراق مەبەستیانە.
2- لایەنە سیاسییەكانی شیعە مەبەستیان بوو بە بیانووگرتنیان بە هەرێمی كوردستان، كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان هەناردەی دەرەوە بكەن و بە هەرێمی كوردستان پەردەپۆشی بكەن، بەڵام سیاسەتی نەرم و لۆژیكانەی هەرێمی كوردستان ئەم بەڕەیەی لە ژێر پێ دەرهێنان و ئێستا شەقامی سیاسیی شیعەی عێراق گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەوانەی ئێستا لە عێراقدا دەسەڵاتدارن و بەنیازن هەر لە دەسەڵاتیشدا بمێننەوە، دەوڵەتمەدار نین و ناتوانن وڵات بەڕێوە بەرن، هەر بۆیە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر لە ژیر مەترسیی جددیدایە.


3- لایەنە شیعەكانی عێراق هەتا ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان بە گوشاری بڕینی بودجەی هەرێم، سیستمی سیاسیی هەرێم بگۆڕن و ناچاری بكەن كە تەسلیمی ئیرادەی شیعەكان بێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بە راگەیاندنی ئەوەی كە دەتوانێت «هەر 30 رۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران بدات، بەپێی ئەو داهاتەی لە بەردەستیەتی»، توانی گەلی كوردستان قەناعەت پێ بهێنێت كە هۆكاری سەرەكی بۆ بڕینی بودجەی كوردستان بۆ شكاندنی شكۆی هەرێمی كوردستانە، نەك پابەندنەبوونی هەرێم بە دەستووری عێراقەوە»، ئەم قەناعەتەی گەلی كوردستان بە حكومەتەكەی خۆی، خەریكە ئەو كارتەش لە دەستی بەغدا دەربهێنێت و نەتوانێت زیاتر یاری بە قووتی خەڵكی كوردستان بكات.
4- وەڵامدانەوەی نەرم و هێمنانەی ئەو رەفتار و سیاسەتە ئیستفزازییانەی كە بەشێك لە لایەنە شیعەكان بەرامبەر هەرێمی كوردستان پیادەی دەكەن، بووەتە هۆكاری ئەوەی كە پشتیوانی و سۆزێكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان دروست ببێت، هەروەك چۆن لەكاتی هێرشە رۆكێتییەكانی مانگی رابردوو بۆ سەر هەولێر بینیمان و كاردانەوەی نێودەوڵەتیشمان بینی و، كاریگەریی ئەو كاردانەوەیانەش پەیامێكی زۆر راشكاوانە بوو بۆ هەموو لایەك بە تایبەتی ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت بە سیاسەتی ئیستفزازی و كاری تێكدەرانە، هەرێمی كوردستان دووچاری سیاسەتی هەڵچوون و كاردانەوەی نالۆژیكانە بكەن.


لە دوماهیی ئەم دێڕانەدا، دەكرێت ئاماژە بە گۆڕانكاری لە زمانی ئەو وتووێژانە بكەین كە لە میدیا و كەناڵەكانی تەلەفزیۆن بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە زمانی عەرەبی دەكرێن، ئەو گۆڕانكارییەش ئەوەیە: كاتێك باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت، وەك ئەوەیە باس لە كێشەی نێوان دوو دەوڵەت بكرێت، نەك كێشەی نێوان هەرێمێك و سیستمێكی فیدڕاڵی لە ناو یەك دەوڵەتدا.
Top