كاریزما و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بۆ ئێستا و داهاتوومان

كاریزما و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بۆ ئێستا و داهاتوومان
ویژدان و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی چەندین قۆناخی جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام جیاوازیی قۆناخەكان ویژدان و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی نەگۆڕیوە، بەڵكو هەر قۆناخێك بەرەوپێشەوەچوونێكی لە «ویژدان و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی»دا دروست كردووە، لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر مستەفا بارزانی لە ساڵی 1919 لە «بارزان» لەگەڵ هێزێك بەڕێ كەوتبێت بەرەو سلێمانی بۆ هاریكاری و پارێزگاری لە «مەملكەتی» شێخ مەحموودی حەفید و، لە 1945 جارێكی دیكە چووبێت بۆ هاوكاری و پاراستنی كۆماری كوردستان بە سەرۆكایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و، لە ساڵی 1976 یش لە ناو بارەگای لیژنەی مافی مرۆڤی نیودەوڵەتی لە «نیویۆرك» بە ئامادەبووان بڵێت: «سەیری هەموو ئاڵای نەتەوەكانمان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، تەنیا ئاڵای گەلەكەی خۆم، ئاڵای كوردستانم نەبینی»، ئەمە مانای ئەوەیە مستەفا بارزانی لە تەمەنی 16 ساڵی و تەمەنی 73 ساڵی ویژدانی هەمان ویژدان بووە و بیركردنەوەشی هەمان بیركردنەوە بووە، كە ئەویش بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستانە كە لە لوتكەدا دەگاتە دامەزراندنی «دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان».
لێرەوە ئەگەر پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە بكەین، ئایا ویژدان و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی، ئێستا لای سەرۆك مسعود بارزانی گۆڕدراوە، یان هەمان ویژدان و بیركردنەوەیە و لە قۆناخێكی دیكەدا بەرەوپێشەوەچوونێكی ئەرێنیی بەخۆیەوە بینیوە؟
ئەم واقیعە كە چوارچێوەی 102 ساڵی مێژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان خۆی بەرجەستە كردووە و هەر یەكێك لە ئێمە ئەو واقیعە لە ویژدان و بیركردنەوەمان و لە داواكاریی هەر تاكێكی گەلی كوردستان بەرجەستە بووە و بووتە باوەڕێك كە پاشەكشەلێكردنی دەبێتە «خیانەتی نیشمان»، ئەوا ئەم ئاراستەیە فەرزی دەكات لەسەرمان كە بەردەوام خوێندنەوەی «ئەبستمۆلۆژی» لە ناو فیكری مستەفا بارزانی-دا بكەین، نەك بە شێوازێكی ئەركیۆلۆژییانە بەناو مێژوودا شۆڕ ببینەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بۆ ئێستای ئێمە ئەوە پێویست نییە «ویژدان و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی» چۆن مامەڵەی لەگەڵ رووداوەكانی قۆناخە جیاوازەكان كردووە، بەڵكو ئەوەی بۆ ئێستامان گرنگە، ئەو خوێندنەوە «ئەبستمۆلۆژییە»یە كە بۆ ئێستا و داهاتوو جارێكی دیكە بەرەوپێشەوەچوون لە ناو «ویژدان و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی» دروست دەكاتەوە، ئەو وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە كە چۆن بارزانی هەڵكەوت؟ چۆن بیركردنەوەی كاریزمایی ئەو بووە یەك بیركردنەوە و یەك مێژوو بۆ نەتەوە؟ چۆن مستەفا بارزانی سێ كوچكەی «نییەتی پاك، ئیرادەی گەل، ئاشتی و پێكەوە ژیان»ی پێكەوە كۆكردبووەوە و ببووە خواست و داواكاریی هەموو خەڵكی كوردستان.


بۆ كردنەوەی دەروازەیەك بۆ چوونە ناو ئەم باسە گرنگە، پێویستمان بەوەیە بچینە ناو مێژووی رێبەرە كاریزماییەكانی نەتەوە ئازادەكان و، لە ناو ئەو مێژووەدا خوێندنەوەی ئەبستمولۆژییانە بۆ بیركردنەوەی رێبەر و كاریزمایی مستەفا بارزانی بكەین.
ئەوەی دەبێتە خاڵی هاوبەش لە نێوان كۆی رێبەرە كاریزماییەكانی نەتەوە جیاوازەكانی جیهان، ئەوەیە كە بیركردنەوەی رێبەرە كاریزماییەكان، بیركردنەوەیەكی زیندووە و وەك بیركردنەوەی خودی رێبەرە كاریزماكە سەیر ناكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە بیركردنەوەی رێبەری كاریزمایی لەگەڵ داواكاریی گەلەكەی یەك بیركردنەوە و یەك مێژوو دروست دەكەن و چۆن ئەو بیركردنەوە و مێژووە لە ویژدانی هەر تاكێكی نەتەوەدا بەردەوام بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئەوا بە هەمان شێوەش سەركردە كاریزماییەكان وەك رۆحێكی زیندوو هەر بە زیندوویی دەمێننەوە، ئەمەش وایكردووە نەتەوە ئازادەكان تەنیا یادی رۆژی لەدایكبوونی رێبەرە كاریزماییەكانیان دەكەنەوە و، ئامانجیشیان لەم یادكردنەوەیە ئەوەیە كە لە میانەی ئەو «یەك بیركردنەوە و یەك مێژووە» هاوبەشیی نێوان گەل و رێبەرە كاریزماكە جارێكی دیكە لەو بۆنەیەدا پێكەوە یادی بكەنەوە.
ئەم میتۆدە فێرمان دەكات، یادكردنەوەی ساڵڕۆژی لەدایكبوونی مستەفا بارزانی وەك رێبەر و كارێزمای گەل و نەتەوەیەك، بۆنەیەكە بۆ دووبارە بیركردنەوە بە هەمان شێوازی مستەفا بارزانی لەسەردەمێكی جیاوازدا، نەك گێڕانەوەی مێژوو.
سەرۆك مسعود بارزانی لە كتێبی «بۆ مێژوو» پێمان دەڵێت: «هەر وەك چۆن ئەمڕۆ دوێنێ نییە، سبەێنیش ئەمڕۆ نابێت»، ئەم وتە بەرزەی سەرۆك مسعود بارزانی، گێڕانەوەی مێژوو نییە‌، بەڵكو خوێندنەوەیەكی قووڵی ئەبستمۆلۆژییانەیە لە ناو بیركردنەوە و ویژدانی مستەفا بارزانی-دا، بە مانایەكی دیكە هەر وەك چۆن بیركردنەوە و ویژدانی مستەفا بارزانی بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕیوە، بەڵام بەردەوام لەگەڵ داواكاریی خەڵكی كوردستاندا یەك مێژوو و یەك بیركردنەوەی دروست كردووە، ئەوا ئەو «ئەمڕۆ»یەی كە سەرۆك مسعود بارزانی تیایدا رایگەیاندەوە «بێجگە لە چیاكانی كوردستان دۆستێكی دیكەمان نییە» و بە حیسابی هەندێ كەس «دوێنێ» نییە و، نابێت وەك دوێنێ بیربكەینەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆك مسعود بارزانی لەو «ئەمڕۆ» سەختەدا بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی بە « نییەتی پاك، ئیرادەی گەلی كوردستان، ئامانجی ئاشتی و پێكەوە ژیان» چۆكی بە سەختیی ئەو «ئەمڕۆ»یە دادا، ئەوا وەك بینیمان ئەو «ئەمڕۆ» رەشە بە داستانەكانی «پردێ، مەحموودیە، سحیلا» و بە تێكشكاندنی دەبابەی «ئابرامزی ئەمریكی» ئەو سبەینێ»یەی دروست كرد كە سەرۆك بارزانی وەڵامی بۆ ناردەوە «سبەینێش ئەمڕۆ نییە».


ئەم میتۆدەی ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی خوێندنەوەی ئەبستمۆلۆژییانەی لەناو «ویژدان و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی» پێ دەكات، خەسڵەتێكی خۆڕسك و زیرەكییەكی فیترییە و ئەو لێهاتووییەی هەیە كە لە «كاریزمایی رێبەرە نیشتمانی و نەتەوەییەكان»دا هەیە، ئەم دیاردەیە لە ناو هەر 46 سەرۆك كۆمارەكەی ئەمریكا مێژوویەكی زنجیرەبەندی هەیە و، هەر 46یان پێكەوە مێژووی كاریزمایی سەرۆكەكانی ئەمریكا دروست دەكەن، بەڵام پلەبەندیی سەرۆكەكان بۆ زیندووكردنەوەی كاریزمای «باوكانی دامەزرێنەر» بەپێی ئاستی لێهاتوویی سەرۆكەكان دەگوڕێت، هەر بۆ نموونە (فرانكلین دی رۆزفلت) كە سەرۆكی 32هەمینی ئەمریكا لە پلەبەندی بە زیندووهێشتنەوەی كاریزمای «باوكانی دامەزرێنەری ئەمریكا» لە ریزی دەیەمین سەرۆك ریزبەند دەكرێت، كە واتە ئەم هەڵسەنگاندنەی پلەبەندیی سەرۆكەكانی ئەمریكا لەسەر ئاستی بەزیندوو هێشتنەوەی كاریزمای «باوكانی دامەزرێنەر» پەیوەندی بە مێژووەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە شێوازی دووبارە خوێندنەوەی ئەبستمۆلۆژییانەوە هەیە لە ویژدان و بیركردنەوەی كاریزماكانی دیكەی دامەزرێنەری نەتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە بە درێژایی مێژوویی نیو سەدەی رابردوو، سەرۆك مسعود بارزانی تەنیا رێبەرە كە بە لێهاتوویی خۆی كاریزمای (باوكانی دامەزرێنەری نەتەوە) هەر لە شێخ عەبدوڵای نەهرییەوە تا دەگاتە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ مەحموودی حەفید و قازی محەمەد و مستەفا بارزانی، بە هەمان شێواز و میتۆدی مستەفا بارزانی درێژە پێدەری بە زیندووهێشتنەوەی ویژدان و بیركردنەوەی باوكانی دامەزرێنەری نەتەوە بووە، ئەم ئاراستەیەی سەرۆك مەسعود بارزانی لەسەر بنەمای كاریزمایی مستەفا بارزانی لەسەر سێكوچكەی «نییەتی پاك، ئیرادەی گەلی كوردستان، بڕوابوون بە ئاشتی و پێكەوە ژیان»، جارێكی دیكە لە سەردەمێكی جیاواز و لە شێوازێكی بەرەوپێشەوەی دیكە، دەبینین ناسنامەی «كوردبوون و كوردستانیبوون»ی كردووەتە ناسنامەی سەرۆك مسعود بارزانی و بە پێچەوانەوەشەوە سەرۆك مسعود بارزانی -شی كردووەتە پێناسەی «كوردبوون و كوردستانیبوون».


نهێنیی مانەوەی «ویژدان و بیركردنەوەی كاریزمایی رێبەری نەتەوە» بە زیندوویی، دەگەڕێتەوە بۆ بەزیندووهێشتنەوەی بنەمای بیركردنەوەی كاریزمای رێبەری نەتەوە، بەزیندووهێشتنەوەی ئەم بنەمایانە «نییەتی پاك، ئیرادەی گەل، بڕوابوون بە ئاشتی و پێكەوە ژیان»، كاریزمای رێبەری نەتەوە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە لەناو ویژدانی تاكەكانی نەتەوە، لەمەش زیاتر ئەم بەزیندوومانەوەیە دەبێتە چاودێر و مەحەك بۆ ئەو رێبەر و كاریزمایەی دوای كاریزماكانی دیكە رێبەرایەتیی نەتەوەكەی دەخاتە سەرشانی خۆی، كە ئێستا ئەو رێبەرە سەرۆك مسعود بارزانی-یە، ئەمەش بەو مانایەی راستە رێبەر و كاریزمایی سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر بنەمای پاراستنی پرانسیپە سەرەكییەكانی «نییەتی پاك و ئیرادەی گەل و بڕوابوون بە ئاشتی و پێكەوە ژیانە»، ئەم پرانسیپانەش لەگەڵ وەك داواكاری كاریزمای مستەفا بارزانی و داواكاری گەلی كوردستان، یەك بیركردنەوە و یەك مێژووی دروست كردووە، كەواتە ئەم یەك بیركردنەوە و یەك مێژووە دەبێتە ئەو بازنەیەی وەك سنوور ئیرادەی سەرۆك مسعود بارزانی تێدا هەڵدەسووڕێت و، هەر ئەو بازنەیەش ئەو متمانەیەی پێ بەخشیوە كە ئێستا «كوردبوون و كوردستانیبوون»ی بووەتە ناسنامەی و گەلی كوردستانیش شانازی پێوە دەكات، مسعود بارزانی ناسنامەی «كوردبوون و كوردستانیبوونی بێت.
Top