مشتومڕی عێراقییەكان سەبارەت بە هەڕەشەكانی پۆمپیۆ

مشتومڕی عێراقییەكان  سەبارەت بە هەڕەشەكانی پۆمپیۆ
لە دوای هەڕەشەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە داخستنی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا، قسەو باسی گەرمی تەلەفزیۆنە عەرەبییەكانی عێراق، هەڵسەنگاندنی لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی ئەم پرسەیە، بە شێوەیەكی گشتی، لە لایەكەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكرێتەوە، كە عینادیكردن لەگەڵ مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمریكا، وەك عینادییەكەی تاریق عەزیزی جێگری سەرۆك وەزیرانی رژێمی سەدام حوسێن وادەبێت، لەگەڵ جیمیس بیكەری وەزیری دەرەوەی ئیدارەی جۆرج بوشی باوكدا، ئەمەش بەو مانایەی چۆن جیمیس بیكەر بە تاریق عەزیزی وتبوو لە كوێت نەكشێنەوە، دەتانگێڕینەوە چەرخی كشتوكاڵی، ئەوا ئەگەر ئەمجارەش نەتوانرێت هەڕەشەكانی پۆمپیۆ جێبەجێ بكرێت، ئەوا عێراق نەك دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی كشتوكاڵی، بەڵكو لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆیستانی داعش، یان هەر ناوێكی دی، ئەوا عێراق دەبێتە پۆری خوراو بە دەستی تیرۆریستانەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك دەوڵەتێكی بێ شكۆ و بێ سەروەری لە قەڵەم دەدرێت. لەلایەكی دیكەشەوە، هەندێك لە هەڕەشەكردن هەر بەردەوامن و پێیان وایە ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا ناچار بكەن، دابخرێت و هێزەكانیان لە عێراق بكرێتە دەرەوە، ئەوا ئەمە دەبێتە سەركەوتنێكی گەورە بۆ شیعە و هەموو كێشەكانی عێراقیش چارەسەر دەبێت.
لە میانی ئەم دوو بۆچوونەدا، بۆچوونێكی دیكەش هەیە، كە بە شێوەیەكی لۆژیكانە جەخت لەسەر پەیوەندی و هاوپەیمانیی نێوان ئەمریكا و عێراق دەكاتەوە و، لە هەوڵێك دەچێت بۆ ئەوەی میلیشیا ولائیەكان بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە بەردەوام لەسەر ئەم رەوتەی دژایەتیی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كارێكی لۆژیكی نییە و، ئەمریكا هەتا ئێستاش هاوپەیمانی عێراقە و مەرجەعی نەجەفیش پەیوەندیی نێوان حكومەتی عێراق و ئەمریكای حەرام نەكردووە و، وەك مەرجەعی قوم بە شەیتانی گەورە ناوزەدی نەكردووە. سەبارەت بە بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەكانی عێراقیش لە مانەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، زۆر راشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، هەموو ئەو چەكانەی بەدەست هێزە چەكدارەكانی عێراقەوەن، بە فڕۆكەكانی F16 شەوە، هەموویان چەكی ئەمریكین و، ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا نەمێنێت، ئەوا پارچەی یەدەگی ئەم چەكانەمان نابێت و، ئەم چەكانەش وەك چەكی رووسی نین، تا بتوانرێت لە شوێنی دیكە بۆیان دروست بكەینەوە، ئەمانە هەموویان كۆدیان هەیە و تەنیا لە ئەمریكا دروست دەكرێنەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پشتگیری لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق دەكەن، بۆ ئەوەی هەر چۆنێك بێت، ئەو میلیشیایانە ئاشكرا بكرێن كە پابەندی بڕیارەكانی حكومەت نابن.
دیارە ئەوانەی چاودێریی بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق دەكەن و، لە نزیكەوە ئاگاداری ئەوەن كە پێش ئەم هەڕەشانە و، لە كاتی سەردانی شاندی عێراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی بۆ واشنتۆن، ئیدارەی ئەمریكی راشكاوانە بە كازمی-یان گوتووە، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت، عێراقی لە پێناسەی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری هێناوەتە دەرەوە، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت عێراق بكەنەوە بە دەوڵەت، ئەوا دەبێت راشكاوانە ددان بەو راستییەدا بنێن كە ئێستا عێراق دەوڵەت نییە.
مستەفا كازمی دوای ئەوەی لە واشنتۆن گەڕایەوە و، پاش ئەوەی رۆژی 26ی ئابی 2020 لەگەڵ سەركردەی لایەنە شیعەكان كۆبووەوە، بە راشكاوی پەیامی ئیدارەی ئەمریكی پێ راگەیاندن، ئەوە بوو سەركردەی لایەنە شیعەكان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە ئەمجارەیان هیچ چارە نییە و، دەبێت وەڵامدانەوەیەكی جددییان بۆ داواكاریەكانی ئەمریكا هەبێت، هەر بۆیە دوای چەند رۆژێك لەو كۆبوونەوەیە و لە رێوڕەسمی یادی عاشوورا، مستەفا كازمی گوتارێكی پێشكەش كرد و، لە گوتارەكەیدا راشكاوانە ئەمەی لە خەڵكی عێراق بەگشتی و شیعەی عێراق بەتایبەتی گەیاند و گوتی: ئێستا ئێمە لە قوناخەداین، ئایا دەوڵەت نەبین، یان دەوڵەت بین؟ لە وەڵامدا هەر خۆی گوتی: دەبێت قۆناخی نادەوڵەت كۆتایی بێت و ببینە دەوڵەت.
هەموو ئەم پێشهاتانە پێمان دەڵێن، سەركردەكانی شیعەی عێراق ناچار بوون پەرداخە ژەهرەكەی هەڕەشەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بخۆنەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەن كە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا، بەشی هێندە هەڕەشەكانی خۆی خاو بكاتەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی وەك تەسلیمبوو دەرنەكەون.. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەمریكا ئەمە بەرامبەر سەركردە شیعەكانی عێراق دەكات؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا لەگەڵ ئەوەی بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوانەی شارەزان لە سیاسەتی ئەمریكی بەگشتی و سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ترەمپ دەڵێن: ئەوەی لای ئیدارەی ئێستای ترەمپ گرنگە، ئەوەیە سەفقەیەكی سەركەوتوو ئیمزا بكات و دەستكەوتێكی گەورەی دەست بكەوێت، بۆیە هیچ دوور نییە وەك ئەوەی لە كۆبوونەوەكەی سەفوان لە ساڵی 1991 كردیان و، ژەنراڵەكەی عێراقیان چەك كرد، پێش ئەوەی بچێتە ناو كۆبوونەوەكە، لە هەمانكاتدا ژەنراڵە ئەمریكییەكە، دەمانچەكەی خۆی دایە پاسەوانەكەی بۆ ئەوەی وای پیشان بدات، هەردوو بێ چەك قسە لەسەر رێككەوتنی ئاگربەستەكە دەكەن.
Top