پەتای كۆرۆنا، ترسی ئابووری و نادڵنیایی

پەتای كۆرۆنا، ترسی ئابووری و نادڵنیایی
بە گوێرەی توێژینەوەیەكی نوێی بانكی ئیحتیاتی فیدراڵی-ئەمەریكی- كە هەفتەی رابردو لە كۆنفرانسی ساڵانەی شاری كانساس بڵاوكراوەتەوە، مشتومڕی ئەوە دەكرێت كە بەردەوامبوونی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان ترس و دڵەڕاوكێی لە نێو خەڵكدا دروست كردووە كە دەبێتەهۆی ئەوەی بۆ چەندین دەیەی داهاتووش بەرهەمی ئابووری و سەركێشی كاركردن دووچاری سستبوون و خابوون ببنەوە.
توێژینەوەكە كە ناوونیشانەكەی بریتیە لە (برینی جەستەیی و هزریی: كاریگەرییە درێژخایەنەكانی كۆڤید 19 لەسەر شێواندنی هزر) باس لەوە دەكات كە پەتاكە لە داهاتوودا شۆكی توند و نەرێنی دروست دەكات و دەخوڵقێنێت.
توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە-هەرچۆنێك بێت- لە كۆتاییدا ئەم پەتایە لە ئارادا نامێنێت، و دواجار پەرە بە ڤاكسینێك دەدرێت و كرێكاران دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، بەڵام- لەگەڵ ئەوەشدا- رووداوێكی هێندە گەورە كاریگەری درێژخایەن دروست دەكات لەسەر سروشتی چالاكی ئابووری- لە داهاتوودا-.
لە داهاتوودا و لە كاتی بڕیاردانی خەڵكی لەبارەی پرۆژە بازرگانییەكانییەكانەوە ئەوا مەترسی سەرهەڵدانی پەتایەكی دیكە لە هزریاندا دەبێت.
توێژەران سەرنجی ئەوەیان داوە كە پرۆژە بازرگانییەكان زیاد لە پێویست بە حەزەر دەبن- لە هەنگاو و بڕیارەكانیاندا- نەك تەنها لەبارەی دەركەوتنی پەتایەكی دیكەوە بەڵكو لەبارەی شڵەژانە پێشبینینەكراوەكانی پەتاكە لەسەر بواری ئابووری.
لە توێژینەوەكەدا هاتووە كە ئێمە فێری ئەوە بووین كە جیهانی مەترسیداتر و پێشبینینەكراوترە لەوەی ئێمە بیرمان لێدەكردەوە. ئەو شۆكەی دووچاری كەرتێكی دیاریكراو دەبێتەوە رەنگە لە داهاتوودا روبەڕوی كەرتێكی دیكە ببێتەوە بە چەشنێك كە مەحاڵە بتوانرێت پێشبینی بكرێت.
هەروەها توێژینەوەكە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەو ڕاستیەی كە پەتاكە دەبێتەهۆی ئەوەی هەندێ لە سەرمایەكانی وەك كەل و پەل و باڵەخانەكان گرنگی لەدەست بدەن بەهۆی ئەوەی لە داهاتوودا و لە بواری ئابووریدا بەهاكانیان بە خێرایی دادەكشێن.
دەكرێت لە ئێستادا ئەم حاڵەتە بەدی بكەن، ئەوەتا دەبینین چێشتخانەكان دەرگاكانیان دادەخەن یاخود پانتاییەكی بچوك بۆ ئەو كەسانە دابین دەكەن كە روویان تێدەكەن. زۆرێك لە نووسینگەكان بەتاڵن، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زیاتری كارمەندان لە ماڵەوە كار دەكەن.
لەوەش زیاتر، توێژینەوەكە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ژمارەیەكی كەمتری تاكەكەسەكان سەركێشی دەكەن و دەست بە كاری نوێ دەكەن- كە لە ئێستادا دواكەوتن لە دانەوەی قەرزەكان و مایەپوچبوون لەسەر ئاستێكی بەربڵاو دڵساردیان دەكاتەوە لە هەڵگرتنی هەنگاوێكی لەم چەشنە.
توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا سەردەكێشێت بۆ زیانێكی قووڵتر و درێژخایەنتر بە بەراورد بە قەیرانی نەوتی كۆتایی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردو و پوكانەوەی سەرەتاكانی ساڵانی نەوەتەكانی هەمان سەدە و پوكانەوە مەزنەكە.
لە ئێستادا و بە پێی دوایین داتاكانی زانكۆی جۆن هۆپكینز، ئەوا دوای پتر لە هەشت مانگ لە سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، نزیكەی 26.1 ملیۆن حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەكە لە ئارادان لە سەرتاپای جیهاندا، لە نێویاندا و بەلای كەمەوە 865,000 كەسیش گیانیان لەدەست داوە.
لە نووسینی ئیسێن كیم لیسەر
لە سایتی ناشناڵ ئێنترێست بڵاوكراوەتەوە
وەرگێڕانی: هێمن سعید - گوڵان
Top