ڤاكسینەكەی روسیا و دەرهاویشتە جیوپۆلەتیكییەكانی

ڤاكسینەكەی روسیا و دەرهاویشتە جیوپۆلەتیكییەكانی
سەرەتا با ئەوە بڵێم كە من زانا نیم. و بە هیچ شێوەیەك ناتوانم هەڵسەنگاندن بكەم بۆ كارایی "سپۆتینك-ڤی" ڤاكسینی كۆرۆنا. بەڵام ئەوەی دەتوانم قسەی لەبارەوە بكەم بریتیە دەرئەنجامە جیپۆلەتیكییەكانی ئەم راگەیاندنە.
كاتێك ئەوە روون بۆوە كە كۆڤید-19 پەتایەكە كە كە لە رویی جوگرافییەوە تەنها لە ناوچەیەكی چیندا قەتیس نابێت، بەڵكو بەرەو ئەوە دەچێ ببێتە پەتایەكی جیهانی، ئەوا حكومەتی روسیا دوو كاردانەوەی سەرەتایی هەبوو. یەكەمیان ئەوەبوو كە بە متمانەبەخۆبوونەوە رایگەیاند روسیا بە شێوەیەكی كارا پارێزراو دەبێت لە ڤایرۆسەكە. دووەمیان-ئەویش لەسەر بنەمای پێشنیارێك كە سەرۆكی روسیا ڤلادمیر پۆتین لە لوتكەی جی-20 پەرەیپێدا- ئەوەبوو كە پێویستە هێزە مەزنەكان دەست لە هەوڵەكانی ململانێكردن هەڵبگرن و پێكەوەكاربكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەش. هیچ یەكێك لەمانە رووینەدا. نەك هەر تەنها ڤایرۆسەكە گەیشتە روسیا، بەڵكو بە خێرایی سیستمی تەندروستی روسیا و توانای حكومەتی فیدراڵی و حكومەتە هەرێمایەتییەكانی خستەژێر باری تاقیكردنەوەی فشارەوە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەكە- - و دەركەوت كە هیچیان لە ئاستی پێویستدا نیین. لەبەر ئەوەی لەسەروەختی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لەسەرتاسەری وڵاتەكەدا كرملین بڕیاریدابوو كە بكەوێتە شەڕێكی قورسی نرخی نەوتەوە لەگەڵ ڕوسیادا، ئەوا كاریگەرییە ئابوورییەكانی- پەتاكە- بە شێوەیەكی دراماتیكی ئاڵۆز بوون. بەو پێیە ئابووری روسیا لە ساڵی 2020دا پێی نایە قۆناغێكی سلبییەوە. لەوەش زیاتر، پەتاكە یەكێك لە رووداوە گرنگەكانی شڵەژاند كە شەرعیەتپێدرەی حكومەتی روسیا بوون- ئاهەنگگێڕانی رۆژی سەركەوتن و زاڵبوون بەسەر نازییەكاندا.
لە هەمان كاتدا، ئیدارەی ترەمپ بە روونی رایگەیاند كە لە روانگەی دروشمی "پێش هەر شتێك ئەمەریكا" لە پەتاكە دەڕوانێت و دودڵی ناكات لە برەوپێدان بە بەرژەوەوەندییەكانی ئەمەریكا بە تایبەتی ئەگەر ركابەر و ململانێكاران دووچاری گورزی سەخت ببنەوە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە.


لە هەمان كاتدا، شی جینگ پینگ هاوكاری چینی خستەڕوو و پێشنیاركرد، بەڵام روون بۆوە كە هەر هاوكارییەك چین ببیبەخشێت مەرجدار دەبێت. بەلای كرملینەوە نیگەرانی سەرەكی ئەوەبو كە دەوڵەتانی دیكە پێش روسیا بەرەوپێشچونێكی گەورە بەدەست بهێنن لە چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنادا- و ئەمەش ببێتەهۆی زیاتر لاوازكردنی روسیا بەهۆی ڤایرۆسەكەوە پێش ئەوەی هاوكاری پێشكەش بكرێت، یان ڤاكسین بەكار بهێنرێت بۆ سازشپێكردنی كرملین.
لەبەر ئەوە بۆ من جێی سەرسوڕمان نەبوو كاتێك راپۆرتەكان باسیان لەوە دەكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان بە روسیاوە هەوڵی هاككردنی سیستمی زانیاری دامەزراوە رۆژئاواییەكان بدەن بۆ بەدەستهێنانی توێژینەوەی پەیوەست بە ڤاكسین و چارەسەرەكان. راگەیاندنی دۆزینەوەی ڤاكسینی "سپوتینك ڤی" چەند ئەجێندایەكی سیاسی دەپێكێت. یەكەمیان بریتیە لە دڵنیاكردنەوەی خەڵكی روسیا كە دەوڵەتەكەیان بەرەو چارەسەر هەنگاو هەڵدەگرێت- بە بێ ئەوەی پشت بە هاوكاری و پشتیوانی دەرەكی ببەستێت. لەوەش زیاتر، بەكاردەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ قوربانییەكانی روسیا كە لەم ساڵانەی دواییدا دووچاری بۆتەوە بەهۆی سزاكانی رۆژئاواوە- پێویستە خەڵكی ئاسایی روسیا بەرگەی دابەزنی ئاستی گوزەران و ژیان بگرن بۆ ئەوەی روسیا توانای ئەوەی هەبێت ببێتە هێزێكی مەزن و لەم رووەوە لە بواری ئاسایشی تەندروستیدا، و لە رووی عەمەلیشەوە لە رووی ئابوورییەوە- بەڵام خەڵكی روسیا ناتوانێت بەرگەی جارێكی دیكەی سەپاندنەوەی رێككارەكانی داخستن بگرێت.


بەڵام ئەوەی زیاتر بەلای منەوە گرنگە لایەنی جیۆپۆلەتكی سپوتینك ڤی یە. مۆسكۆ دەستنیشانی هاوپەیمانێتیەكی كردوە كە خوازیاری ئەوەیە پەرە بە ڤاكسینەكە بدات و دارایی بۆ دەستەبەر بكات-. كیریل دمیترێپڤ، بەڕێوبەری سندوقی وەبەرهێنانی كۆنترۆڵكراو لەلایەن دەوڵەتی روسیاوە ئاماژەی بەوە كردە كە تاقیكردنەوەی كیلینكی كە قۆناغی سێیەمە، لە هیندستان، سعودیە، ئیمارات، بەرازیل و فیلیپین ئەنجام دەدرێت. هەروەها دمیترێپڤ پێشبینی ئەوە دەكات كە بەهۆی شەراكەتی دارایی و كارخانەكانی هیندستان، كۆریای باشور، بەرازیل، سعودیە، توركیا و كوباوە بەرهەم دەهێنرێت.
لە بنەڕەتدا، روسیا نەك هەر تەنها رویكردۆتە هاوبەشە ستراتیژییە درێژخایەنەكەی كە هیندستانە، بەڵكو هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی دەدات لەگەڵ هێزە مامناوەندەكاندا، كە زۆربەیان لەم ساڵانەی دواییدا گرفتیان هەبووە لەگەڵ ئەمەریكادا، یان كەمتر دڵنیان لەبارەی پشتیوانی ئەمەریكاوە. لە هەمان كاتدا، چەند وڵاتێك هەن دەیانەوێت جگە لە چین بژارەی دیكەیان هەبێت. هەروەها رێگاچارەی ستراتیژی روسیا پیادە دەكەن بۆ نزیكبوونەوە لە وڵاتانی بەدەر لە رۆژئاوا و ڕوسیاش وەك بەدیل خۆی دەخاتەڕوو. بە دڵنیاییەوە وڵاتانی وەك هیندستان یان كۆریا یان سعودیە دەست لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا هەڵناگرن و هاوكارییەكانیشیان لەگەڵ دامەزراوە ئەمەریكی و ئەوروپییەكاندا راناگرن كە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێك دەدەن بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەم وڵاتانە- لە نێویاندا ئەوانەی پەیوەندی سیاسی و ئەمنی نزیكیان هەبووە لەگەڵ ئەمەریكا هەیە- چیتر بە پێویستی نازانن بەردەوام بن لە هەنگاوهەڵگرتن لەگەڵ ئەمەریكا بۆ گۆشەگیركردن و ئیحتیواكردنی روسیا.
ئەم ڤاكسینی كۆرۆنایە هەوڵێكی روسیایە بۆ سەركردایەتیكردنی هێزە مامناوەندەكان- ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان لە بژارەی یان ئەمەریكا یان چین لابدەن- هەروەها ئەمە هەوڵێكی پوتینە بۆ ئەوەی رۆڵی سەركردایەتی جیهانی بۆ خۆی دەستەبەر بكات.











لە نووسینی نیكۆلای گڤۆسدێڤ
لە سایتی ئینتەرناشنال ئنترێست بڵاوكراوەتەوە
Top