جەنگی ماسکەکان

جەنگی ماسکەکان
بە درێژایی مانگی ڕابردوودا، ولایەتە یەکگرتووەکان بە ڕێکوپێکی ژمارەی پێوانەیی ڕۆژانەی خۆی بە حاڵەتی تازەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرونا-١٩( کۆڤید ١٩) دەشکاند، بەمەش زیاتر لە چوار ملیۆن حاڵەتی تۆمارکردو ١٥٠ ھەزار کەسیشی لێ مردن. ھەرچەندە دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی دیکە لە ئەوروپا و ئاسیا لە کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکە تا ڕادەیەک سەرکەوتن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاراستەی پێچەوانەی گرتە بەر، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بە بەزەییانەی ئەم پەتایە لە ولایەتەکانی باشوورو ڕۆژئاوا ، دەرکەوت کە ژمارەی تووشبووان لە ولایەتی ئەریزۆنا بەرامبەر کۆی تووشبووانی سەرجەمی یەکیێتیی ئەوروپایە، کە دەکاتە ژمارەی دەوڵەتانی ئەو یەکێتییە شەست ئەوەندەی دانیشتوانی ولایەتی ئەرزۆنایە.
کەواتە، ئەو ھەڵەیە چی بوو کە ئەم ئەنجامە خراپەی لێ کەوتەوە؟ بەشێکی وەڵامەکە بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە ھەندێ ولایەت پێشوەختە کرانەوە، بۆ نموونە کالیفۆرنیا کە ھەر زوو چیرۆکی سەرکەوتنی ڕاگەیاند، ژمارەی تووشبووانی لە ھەفتەکانی دواییدا گەیشتە ٩٠%، بۆیە ناچار بوو ھەندێ ڕێکاری داخستن پەیڕەوبکاتەوە، لە فلۆریدا، ژمارەی تازەی تووشبوون، کە ڕۆژانە ٥٠٠٠ بوو، بە تایبەتی لە دوا ھەفتەی مانگی حوزەیران و دوای مانگێک، گەیشتە دوو ئەوەندە. دیارە تاوانی گەورە لەمەدا بۆ ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوون سەبارەت بە ماسکی دەم و چاو، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو بە بەرەیەکی دیکەی جەنگی کلتووری، بەپێی ڕاپرسییەکی تازە کە سەنتەری(بیۆ) بۆ توێژینەوە کردی، دەرکەوت کە تەنیا ٤٩%ی کۆمارییە پارێزگارییەکان گوتوویانە کە بە درێژایی مانگی ڕابردوو ماسکیان بەستووە، ھەرچی دیموکراتە لیبرالییەکانە ڕێژەکەی ٨٣% بوو، ھەروەھا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت ڕوویدا بە تایبەتیش لە دەرەوەی فرۆشگا بچووکەکان لەنێوان لایەنگران و ڕەخنەگرانی ماسک لە سەرتاسەری وڵات.
جەمسەربەندی لە ئەمریکا دەرەبارەی ماسک گەیشتە لووتکە، لەوەتەی قەیرانی کۆڤید -١٩ سەری ھەڵداوە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بە خۆڕاگرییەوە ڕەتی کردەوە کە ماسک ببەستێت، تەنانەت گاڵتەی بە پەیامنێرێک کرد کە ڕازی نەبوو ماسکەکەی لابەرێت، زۆر لە بەرپرسانی دیکەی ھەڵبژێردراوی کۆمارییش چاویان لە ترەمپ کرد، لەوانە حاکمانی ولایەتەکان وەک ڕۆن دیسانتیس لە فلۆریدا، لەمیانی ڕێپێوانی بەدناوی تۆلسا لە حوزەیراندا، ماسکەکان کەم و دووربوون لە یەکدی(دواتر حاڵەتی بەرکەوتن زیادی کرد)، لە کۆتایی حوزەیراندا و لەگەڵ دابەزینی شەعبییەتی ترەمپ بە پلەیەکی زۆر، ھەروەھا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فراوانی پەتاکە لە ویلایەتەکان، وای پێویست دەکرد سەربکەوێت تا جارێکی دیکە ھەڵبژێردرێتەوە.
بە پێچەوانەوە، بایدن کاندیدی دانراوی دیموکراتەکان کە لە تشرینی دووەم ڕووبەڕووی ترەمپ دەبێتەوە، بەردەوام و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە شوێنە گشتییەکاندا ماسکی دەبەست، پابەندیش دەبوو بە ڕێنماییەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی. سەرباری ئەوەش، بایدن دەیگوت ئەگەر من لە شوێنی ترەمپ بوومایە بە زۆرداری خەڵکم ناچار دەکرد لە شوێنە گشتییەکاندا ماسک ببەستن.
ھەروەھا دەسەڵاتی تەندروستیی گشتی دەنگۆی دژ بەیەکی بڵاوکردەوە، لە سەرەتادا نە سەنتەرەکانی ئەمریکی بۆ نەھێشتنی نەخۆشییەکان و خۆپاراستن و نە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ئامۆژگاریی خەڵکیان دەکرد کە ماسک ببەستن، لە ترسی کەمیی یارمەتییەکانی پیشەوەرانی کارکەر لە بواری تەندروستیدا، بەڵام بە پێچەوانەی ترەمپ ، ھەردوو دەستە ئامۆژگارییەکانیان لەسەر بنەمای بەڵگەی پەتایی گۆڕی.
لەسەر ئاستی میللیدا، لەپاڵ ئازادیی ڕەھاوە کە پاڵپشتە بۆ بۆچوونی ژمارەیەک لە دەنگدەرانی کۆماری و گوایە ماسک ئازادیی تاکە کەسی پێشێل دەکات، دەبینین کە ڕەوتێکی بەھێزی ئایینی دژ بە ماسک لە ولایەتە یەکگرتووەکان ھاتە ئاراوە، تەنانەت یەکێک لە دانیشتووانانی فلۆریدا گازاندەی کرد کە بەستنی ماسک پێشێلکردنە بەرامبەر سیستەمی ھەناسەدان کە خوای گەورە پێی بەخشیوین، بەڵام لە دیدی مەسیحییە بنەچەخوازەکان لۆژیکێکی قووڵتر ھەیە بۆ دژایەتیکردنی ماسک: مەسحییەکان خاچ لەبەر دەکەن، موسڵمانانیش ڕوویان دادەپۆشن. لە ڕاستیدا پەیوەندیی نێوان ئیسلامۆفۆبیا و دژایەتیکردنی داپۆشینی ڕووی کۆن، پێش دوو ساڵ بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئافرەتانی سەرپۆشداری موسڵمانانی بە (سەندوقی پۆستە) چواند، لە ساڵی ٢٠١١ سەرۆکی فەرەنسا نیکۆلا سارکۆزی پەچەی ژنانی قەدەغەکرد، واتا قەدەغەی لەسەرکردنی سەرپۆشی تەواوی ئافرەتانی لە شوێنە گشتییەکان دانا. لە فەرەنسا زۆر کەس فەرمانی حکومەتیان بە بەستنی ماسک بە شتێکی بێزارکەر دانا، ھەروەھا جیمس ماکولی لە ڕۆژنامەی واشنتۆن فۆست سەرنجی دا کە ئەگەر ئافرەتێکی پابەندی موسڵمان ویستی سواری میترۆی پاریس ببێت، ئەوا داوای لێ دەکرێت سەرپۆشەکەی لابەرێت و لەجیاتی ئەو ماسک ببەستێت.
ئەگەر مەبەست لە یاسای سارکۆزی بە ناونیشانی(ئێمە بە ڕوویەکی ئاشکرا لە کۆماردا دەژین) بە ئاشکرا جیاکاری بێت، ئەوا ئەو یاسایەی بە پاساوێک پەردەپۆش کردووە، کە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری دەگەڕێتەوە، کە دەرکەوتنە بە بێ ماسک لە بواری گشتیدا، ھەروەھا بە ڕەتکردنەوەی سیاسەتە ڕازاوەکانی سیستەمی کۆن کە لە ئاھەنگەکانی دانسدا ماسکی ئۆرستکراتەکان ھێما بوو، ھەندێ لە فەیلەسووفانی وەک جان جاک ڕۆسۆ پێیان وابوو کە حوکمڕانی لە ھەر کۆمارێکدا پێویستە بە تەواوی ڕوون و شەفاف بێت، کە پێویستە ئەوانەی بەشداری لە بواری گشتیدا دەکەن توانای ئەوەیان ھەبێت خەڵک ببینن و خەڵکیش ئەوان ببینن، بەم شێوەیە دەکرێت سیاسەتە ڕاستەقینەکانی دیموکراسی بێتە ئاراوە.
بیرۆکەی ڕۆسۆ بە کورتی بریتییە لەوەی کە ھاووڵاتیانی دیموکرات بە ئاشکرا مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا دەکەن، ئەمەش ناچاریان دەکات لەھەمبەر ڕاوبۆچوونەکانیان بەرپرسیار بن. بەڵام دوو پەرەسەندنی تازە دەبنە تەحەدی بۆ ئەو ڕووبەرەی دیموکراسییەت. یەکەمیان بریتییە لە داھێنانی تەکنەلۆژی وەک تەکنەلۆژیای دەموچاو ناسین، کە دەوڵەتان بۆ چاودێریکردنی دانیشتوانیان و کۆنتڕۆڵکردنیان بەکاری دەھێنن، لەبەر ئەم ھۆیە ئەوانەی ناڕازین لە لایەنگرانی دیموکراسییەت لە ھۆنگ کۆنگ ، بۆ نموونە، چاوەڕوانیان نەکرد ڕوویان داپۆشن تا ئەو پەتایە تووشیان نەبێت.
دووەم، دانانی زۆرەملێی ماسک کە زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەپاندوویانە وەک بەدەنگەوەھاتنێکی پەتای کۆڤید-١٩، زۆر زەحمەتە جۆرێک لەو شەفافییەتە بێنێتە جێ کە ڕۆسۆ وێنای کردبوو، کاتێکیش ناڕەزاییەکانی (ژیانی ڕەشپێستان گرنگە)لە حوزەیران بەرپابوو، بەشداربووان بەو ناوەی دیموکراسیخوازانی چاک بوون و زۆرجار ڕوویان دانەدەپۆشی، بڕیاریان دا ڕوویان داپۆشن.
لە ڕاستیدا نەبوونی ئەو شەفافییەتە جێگەی بێ ئومێدی بوو بۆ خۆپیشاندەران کە نەیاندەتوانی بە دۆست و ھەڤاڵانیان ئاشنا بن، بەڵام کاتێک ئەمە لە لایەکی دیکە ڕوودەدات- کاتێک ھێزە ئەمنییەکان بەڵگە فەرمییەکانیان لادەبەن، کە بەم ڕێگەیە دەتوانن لەو سزایە قوتاربن بەرامبەر ئەو توندوتیژییەی دژی خۆپیشاندەرانی سڤیل پیادەی دەکەن- ئەو کاتە ئەو ھەڕەشەیەی بەسەر ڕووبەری گشتیی دیموکراسییەت سەپێنراوە دەبێتە شتێکی جەوھەری، لە کۆتاییدا پێویستە ئەو پەتا و ناڕەزاییانە ڕاستییەکی سووکمان بیربخەنەوە: ماسک ھەمیشە ماسکە، ئەوەی بە ڕاستی بۆ دیموکراسییەکان گرنگە، ئەوە نییە کە خەڵکەکە لە شوێنە گشتییەکاندا دەم و چاویان دادەپۆشن، بەڵکو کامەیان ئەمە دەکات و بۆچی.



نووسين: ھۆگۆ درۆچۆن
لە عەرەبییەوە/ بەھادین جەلال
سەرچاوە/ پڕۆجێکت سایندیکەیت
Top