بۆچی داعش دژی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؟

بۆچی داعش دژی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؟
دوای چەندین مانگ لە تەنگوچەڵەمە و مردنی پتر لە نیو ملیۆن کەس، جیھان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی پەرەپێدانی پێکوتەیەکی کارا و سەلامەتە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە کاتێکدا ھێشتا نادڵنیاییەک ھەیە لەبارەی ئەوەی کەی ئەم ڤاکسێنە بەردەست دەبێت یاخود ئایا ھەر بەردەست دەبێت، بەڵام ئومێدێکی زۆر ھەیە کە یەکێک لە پێکوتەکان بەم نزیکانە سەرکەوتوو بێت.
رێکخراوە تیرۆریستییەکان ھەم پاڵنەر و ھەم ئامرازی ئەوەیان لەبەردەستدایە کە ھەوڵەکانی دابەشکردنی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەباربەرن. رەنگە لە ھەموویان زیاتر داعش بێت، ئەو رێکخراوەی باوەڕی وایە پەتاکە تۆڵەی خودایە لە دژی دوژمنە بێباوەڕەکان. حاڵی حازر، ئەم گروپە کەڵکی لەو رەوشە کۆمەڵایەتی و سیاسی پڕ لە گیروگرفتەکە وەرگرتووە کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ھاتۆتەئاراوە و ئەمەی کردۆتە دەرفەتێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی جیھانبینیە رقئامێزەکەی و راکێشانی ئەندامی نوێ و بەدەستھێنانی باڵادەستی زیاتر.
تاوەکو پەتاکە زیاتر درێژەبکێشێت و تاوەکو کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر بەدوای خۆیدا بھێنێت، ئەوا داعش زیاتر سوودمەند دەبێت. ئەمەش ئەو ئەگەرە دروست دەکات کە ئەم رێکخراوە کار بکات بۆ پەکخستنی ھەوڵەکانی دابەشکردنی پێکوتەیەک لە پێناوی درێژکردنەوەی قەیرانەکەدا کە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.
لەم جیھانە پێکەوەگرێدراوەدا، پەکخستنی دەستڕاگەیشتن بە پێکوتەکان بۆی ھەیە رێگر بێت لەبەردەم ریشەکێشکردنی نەخۆشییەکە و سەرھەڵدانەوەی ئەو نەخۆشییانە بەھۆی پێکوتەکانەوە دەتوانرێت رێگرییان لێبکرێت، ھەروەک ئەوەی لە پەیوەندیدا بە کۆلێرا و ئیفلیجی منداڵان و سورێژەوە روویدا لەم ساڵانەی دواییدا. ئەوەی مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە لە رابردودا داعش و توندڕەوەکانی دیکە کاریان کردووە بۆ پەکخستنی پێکوتەکان، لە نێویاندا ھێرشی دڕندانە بۆ سەر سەنتەر و کارمەندانی دروستکردنی پێکوتەکان.
داعش توانای ئەوەی ھەیە کار بکات بۆ پەکخستنی ھەوڵەکانی دابەشکردنی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەبەر ئەوەی ھێشتا ١٢,٠٠٠ چەکداری تەنھا لە عێراقدا ھەیە، و توانای ئەوەی ھەیە لەسەر ئاستی جیھان ھێرشی شۆکھێنەر ئەنجام بدات.
بە داخەوە، جگە لە ھێرشەکان، داعش توانایەکی گەورەی ھەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و بێمتمانەیی لە ئاستی پێکوتەکەدا- کە رەنگە ئەمە تاکتێکێکی کوشندەتر بێت. ئەم گروپە دەتوانێت ئاماژە بکات بە کەڵکوەرگرتنی خراپی دەزگای ناوەندی ھەواڵگری ئەمەریکا لە ڤاکسینی ھەوکردنی جگەر کە کردییە پاساوێک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری لە پرۆسەی راوەدونانی ئوسامە بن لادن. ئەم کارەش ئەو گومانە تۆخ دەکاتەوە کە رۆژئاوا ھەڵمەتی کوتان بەکاردەھێنێت بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بۆ فرۆکە بێفرۆکەوانەکان یان بۆ نەزۆککردنی منداڵان. ئەوەبوو ئەو کەسانەی ھەڵمەتی کوتانەکەیان ئەنجام دەدات لەلایەن توندڕەوەکانەوە کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا دەیان ھەزار منداڵ نەکوتران.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە داعش بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمە پەتایەکە و لە ئاسمانەوە ھاتووە، کەچی ئەم رێکخراوە داوای خۆپارێزی و لێکدورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ئەندامەکانی دەکات.
بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٥دا، داعش زۆرێک لە چاودێرانی دووچاری سەرسوڕمان کرد کاتێک رێگەی بە تیمی کوتانی دژی ئیقلیجی منداڵاندا بۆ ئەوەی بچنە ئەو ناوچانەی عێراق و سوریاوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بوون. بەڵام دواتر و ھەر لەو ساڵەدا چالاکانە رێگری کرد لە ھەڵمەتی کوتان لە ئەفغانستاندا. ھۆکاری سیاسی لە پشت جیاوازی نێوان ئەم دوو ھەڵسوکەوتەوە بوو. لە عێراق و سوریا، رێکخراوەکە لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوو و ویستی توانای خۆی وەک حکومەتێکی پیشان بدات. و درکی بەوەکرد کە ئەگەر ئیفلیجی منداڵان لە نێو دانیشتوانی ژێر دەستیدا بڵاو بێتەوە ئەوا ئەمە گورزێکی جیددی و حەتمی لەبەرپرسیارێتیە سیاسیەکەی دەدات، بە پێچەوانەوە، لە ئەفغانستان، ئەم گروپە لە ھەوڵی ئەوەدابوو جێ پێی خۆی پتەو بکات و پتر شێوازی دڵڕەقانەی بەکار دەھێنا بۆ پتەوکردنی بانگەشە ئایدۆلۆژییەکەی و کەمتر لە خەمی ئەوەدا بوو کە پشتیوانی جەماوەری لە رێی دەستەبەرکردنی تەندروستییەوە بەدەست بھێنێت.
بەڵام لە ئێستادا داعش پێی وانییە سوودمەند بێت لە ھاوکاریکردن بە چەشنی ئەوەی چەند ساڵێک پێش ئێستا لە عێراق و سوریادا بەدی کرد. لەبەر ئەوەی لە ئێستادا بۆتە ھێزێکی گەریلایی لە زۆرێک لەو خاکانەی پێشتر لە ژێر دەستیدا بوو، ھەروەھا لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی حوکمڕانی لە ئەستۆ نییە، ئەوا ئەم گروپە پتر سوودمەند دەبێت لە درێژەکێشانی ئەو پشێوییەی بەھۆی پەتاکەوە دروست بووە.
لە راستیدا پێویستە ئەم ھەڕەشەیە بە جیددی وەربگیرێت. پێویستە سەرکردەکان ئامادەکاری بکەن بۆ پاراستنی تیمەکانی کوتان. جگە لەم مەترسییانە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەڵمەتێکی کوتانی جیھانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرێتەبەر بۆ ئەوەی دوایین گورز لە داعش و کاراکتەرە ھاوشێوەکانی بدات.
دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتە کەمدرامەت و پڕ لە ناکۆکییەکان- ئەوانەی مەترسی ڤایرۆسەکە و توندڕەوەیان لەسەرە- لە کاتی خۆیاندا و بە شێوەیەکی یەکسان پێکوتەکەیان پێدەگات، مرۆڤانەترین ڕێچکەیە بۆ کۆتاییھێنان بە پەتاکە.
بۆ سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە، پێویستە حکومەتەکان قۆرخکاری نەکەن و بڕی ئەو پێکوتەیەی لەسەرەتادا بەرھەم دەھێنرێت تەنھا بۆ ھاونیشتمانییەکانیان سنوردار نەکەن. پێویستە وڵاتان، بە تایبەتی ئەمەریکا، چارەسەرێکی فرەلایەنی بگرنەبەر و لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەکشێنەوە.
ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت پارێزگاری لە پابەندبوونی خۆی بکات بۆ دابەشکردنی یەکسانی پێکوتەکە و بەرگرتن لە ھەوڵە تێکدەرەکانی توندڕەوەکان، ئەوا پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیھانی دووچاری سەرسوڕمان دەکات چونکە ھەم دەبێتەھۆی باشترکردنی تەندروستی جیھانی و ئەم چیرۆکی سەرکەوتنی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزمیش دەبێت.



لە نووسینی ئیلیۆت ستیوارت
لە سایتی ناشناڵ ئنترێستدا بڵاوکراوەتەوە
وەرگێڕان. هێمن غەنی
Top