دوای ســیســتــمە لـیـبراڵـیـە نـێـودەوڵــەتـیـیـەکـــە

دوای ســیســتــمە لـیـبراڵـیـە نـێـودەوڵــەتـیـیـەکـــە
زۆرێک لە شرۆڤەکاران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ ھەڵکشانی ھێزی چین و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکی، دۆناڵد ترەمپدا، ئەوا سیستمی لیبراڵی نێودەوڵەتی کۆتایی ھاتووە. بەڵام ئەگەر جۆ بایدن شکست بە ترەمپ بھێنێت لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمدا، ئایا پێویستە ھەوڵبدرێت دووبارە ئەم سیستمە زیندو بکرێتەوە؟ رەنگە وەڵامەکە نەخێر بێت، بەڵام پێویستە بگۆڕدرێت بە سیستمێکی دیکە.
و رەخنەگران لەسەر ھەقن کاتێک ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستمی ئەمەریکی لە دوای ساڵی ١٩٤٥، بە ڕاددەیەکی گەورە سیستمێکی جیھانی و لیبراڵی نەبوو. لەبەر ئەوەی ئەم سیستمە پتر لە نیوەی جیھان ( کوتلەی یەکێتی سۆڤیەت و چین)ی لە خۆنەگرتبوو، ھەروەھا چەندین دەوڵەتی سەرکوتکاری لە خۆگرتبوو. و ھەمیشە زیادەڕەوی دەکرا لە باسکردنی ھەژمونی ئەمەریکا. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە بەھێزترین دەوڵەت رۆڵی سەرکردایەتی ببنینێت لە دروستکردنی سوودی گشتی جیھانیدا، ئەگەرنا ئەم ھێزە بوونی نییە و ئەو کاتە ئەمەریکییەکانیش گرفتار دەبن. ئەم پەتایەی ئێستا نموونەیەکە لەم بارەیەوە. و پێویستە ئامانجی واقیعبینانەی ئیدارەی بایدن دروستکردنی دامەزراوەی نێودەوڵەتی فرەلایەن و بنیاتنراو لەسەر یاسا بێت، ئەویش لە پێناو چارەسەرکردنی چەندین پرسی جیاوازدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چین و روسیا رازی دەبن بە بەشداریکردن؟ لە میانەی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی بیست و دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا، ھیچ یەکێک لەم دو وڵاتە نەیانتوانی پارسەنگی ھێزی ئەمەریکا بن، و ئەمەریکاش سەروەری پێشێلکرد لە پێناوی بەھا لیبراڵییەکاندا. ئەوەبوو ئەمەریکا بە بێ رەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایش، سربیای بۆردومان کرد، عێراقی داگیرکرد، ھەروەھا پشتیوانیکرد لە بڕیاری کۆمەڵەی گشتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠٠٥دا، کە دەستەبەری بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو ھاوڵاتییانە دەکات کە حکومەتەکانیان بە چەشنێکی وەحشیانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن- و ئەمەش پاساوێک بوو کە ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١ بەکاری ھێنا بۆ بۆردومانکردنی لیبیا بە بیانوی پاراستنی ھاوڵاتییانی بەنغازی. رەخنەگران ئەم تۆمارە بە لوتبەرزی ئەمەریکا لە دوای شەڕی ساردەوە وەسف دەکەن- روسیا و چینیش ھەستیانکرد ھەڵخەڵەتێنراون، بە تایبەتی کاتێک دەستێوەردانەکە بە سەرکردایەتی ناتۆ لە لیبیا بووەھۆی گۆڕانی رژێمەکە- بەڵام بەرگریکاران بە پەرەسەندنی سروشتی یاسایی نێودەوڵەتی مرۆیی وەسفیان کرد. بە ھەرحاڵ، گەشەی ھێزی چین و روسیا سنورێکی توندتریان بۆ دەستێوەردانی لیبراڵی دروست کرد.

چی ماوەتەوە؟ روسیا و چین پێداگری دەکەن لەسەر پێوەری سەروەری کە لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکاندا چەسپێنراوە، کە بە بەھۆیەوە دەوڵەتەکان دەتوانن تەنھا شەڕی بەرگری لە خۆیان بکەن، یان بە رەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایش ئەم کارە بکەن. بە چەشنێک لە ساڵی ١٩٤٥ەوە، بە دەگمەن نەبێت لە رێی بەکارھێنانی ھێزەوە خاکی دەوڵەتی دراوسێ دەستی بەسەردا نەگیراوە، و کاتێکیش ئەمە روویدابێت ئەوا سزای پڕ تێچوونی ھەبووە ( ھەروەک ئەوەی روویدا کاتێک روسیا لە ساڵی ٢٠١٤ دورگەی کرێمیا کردە بەشێک لە وڵاتەکەی). لەوەش زیاتر، زۆرجار ئەنجومەنی ئاسایش مۆڵەتی داوە بە بڵاوکردنەوەی ھێزەکانی ئاشتیپارێز لە وڵاتە ناسەقامگیرەکاندا و ھاوکاری سیاسی سنوری بۆ بڵاوکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژ و موشەکی بالیستی دانا. و ھێشتا ئەو رەھەندەی پشتیوانی لە سیستمی بنیاتنراو لە یاساکان دەکات، گرنگیەکی یەکلاکەرەوەی ھەیە.
ئەوەی پەیوەست بێت بە یاساکانی پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە ئەوا پێویستیان بە پێداچوونەوە ھەیە. چونکە بە ماوەیەکی زۆر پێش بڵاوبونەوەی پەتاکە، سەرمایەداری دووڕەگی دەوڵەت لە چین پشتیوانی لە مۆدێلی بازرگانی نادادپەروەرانە کرد، کە بووەھۆی شێواندنی کاری رێکخراوی بازرگانی جیھانی. و دەرئەنجامەکەش لێکدابڕینی زنجیرەی جیھانی دەستەبەرکردن بوو، بە تایبەتی کاتێک ئاسایشی نەتەوەی بکەوێتە مەترسییەوە. و سەرەڕای ئەوەی چین سکاڵا دەکات کاتێک ئەمەریکا رێگە نادات کۆمپانیایەکی وەک ھواوی تۆڕی پەیوەندی ( نەوەی پێنجەم) دروست بکات لە رۆژئاوادا، ئەوا ئەم ھەڵوێستە لەگەڵ سەروەریدا یەکدەگرێتەوە. بەھەرحاڵ، چین بە پاساوی ھۆکاری ئەمنی رێگە بە کارکردنی گوگڵ و فەیسبووک و تویتەر نادات لە وڵاتەکەیدا. و دەکرێت گفتوگۆکردن لەبارەی رێسای نوێی بازرگانییەوە ھاوکار بێت لە رێگەگرتن لە ھەڵکشانی زیاتری ستراتیژیەتی لێکدابڕین. لە ھەمان کاتدا، و سەرەڕای ئەو قەیرانەی ئێستا، ئەوا ھێشتا ھاوکاری لە بواری داراییدا بەھێزە. لە بەرامبەردا، پرسی ژینگە بەربەستێکە کە ناتوانین زاڵبین بەسەریدا لە بەرامبەر سەروەریدا، لەبەر ئەوە ھەڕەشەکان سنورەکان دەبڕن. و سەرەڕای پاشەکشەی جیھانگەرایی ئابووری، ئەوا ھێشتا جیھانگەرایی ژینگەیی بەردەوامە، لەبەر ئەوەی ملکەچی یاساکانی بایەلۆژی و فیزیایە، نەک لۆژیکی ھاوچەرخی جیۆپۆلەتیک. لە راستیدا ئەم کێشانە ھەڕەشەن بۆ سەر ھەمووان و ھیچ دەوڵەتێک بە تەنھا ناتوانێت ئیدارەیان بکات. ئەوەی پەیوەست بێت بە کۆڤید-١٩ و گۆڕانی ژینگە، ئەوا مومارەسەکردنی دەسەڵات دەرئەنجامێکی ئیجابی ھەبووە. لەم سیاقەدا، بیرکردنەوە لە مومارەسەکردنی دەسەڵات بەسەر ئەوانی دیکەدا بەس نییە، بەڵکو دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە لەگەڵیاندا مومارەسەی دەسەڵات بکەین.

رێککەوتنی ژینگە لە پاریس و رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھاوکاری ئێمە و ئەوانی دیکەش دەکات. لەو کاتەی کە ریتشارد نیکسۆن و ماوتسی تۆنگ لە ساڵی ١٩٧٢دا کۆبونەوە، ئەمەریکا و چین ھاوکاری یەکتریان کرد سەرەڕای جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکانیان. و پرسیارە قورسەکەش کە روبەڕوی بایدن دەبێتەوە ئەوەیە ئایا ئەمەریکا و چین دەتوانن لە بەرژەوەندییە گشتییە جیھانییەکاندا ھاوکاری یەکتر بکەن و لە ھەمان کاتدا لە بوارە تەقلییدیەکاندا- کە ھێزە مەزنەکان رکابەری تێدا دەکەن- ململانێ بکەن؟ لەلایەکی دیکەوە، فەزای ئەلیکترۆنی پرسێکی نوێ و گرنگە- و تا راددەیەکی سنوری نەتەوەکان دەبڕێت، بەڵام دەچێتە ژێرباری رێککارە حکومیەکانی دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکانەوە. و تا راددەیەکیش ئەنتەرنێتیش دووچاری پەرتبوون بووە. بەڵام دەکرێت پەرە بە چەندین یاسایەکی پەیوەندیدار بە ئازادی ڕادەربڕین و تایبەتمەندێتی لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت بدرێت لە پاڵ بازنەیەکی ناوخۆی لە دیموکراسییەکان، بەڵام نەکەوێتە چاودێری دەوڵەتە سەرکوتکارەکانەوە. و بە پێی ئەوەی لیژنەی جیھانی پەیوەست بە سەقامگیری فەزای ئەلیکترۆنییەوە پێشنیاری کردووە ئەوا ھەندێ لەو رێسایانە رێگری دەکات لە کەڵکوەرگرتنی خراپ لە بونیادی بنەڕەتی ئەنتەرنێت، دەرژێتە بەرژەوەندی سەرکوتکارەکانەوە، و کاتێک رژێمە سەرکوتکارەکان کەسانێک وەک وەکیلی شەڕی زانیارییەکان بەکار دەھێنن، یان دەستێوەردان دەکەن لە ھەڵبژاردنەکاندا ( کە سەروەری پێشێل دەکات)، ئەوا پێویستە ستانداردەکان بە ھەندێ لە رێساکان تۆکمە بکرێن بە چەشنی ئەو رێسایانەی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت گفتوگۆیان لەبارەوە کردن لە سەروەختی شەڕی سارددا ( ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە رووی ئایدۆلۆژییەوە دژی یەکتری بوون)، لە پێناوی سنوردانان بۆ زیادبوونی رووداوەکانی نێو دەریاکان. و پێویستە ئەمەریکا و دەوڵەتە ھاوبیرەکانی ئەو ستانداردانە رابگەیەنن کە نیازیان ئەوەیان ھەیە پێیانەوە پابەندبن، و لەم رووەوە بەرپەرچدانەوە کارێکی پێویست دەبێت. پێداگیری لەسەر بەھا لیبراڵییەکان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بە مانای ئەوە نایەت ئەمەریکا تاکلایەنانە دەست بداتە چەکداماڵین، بەڵکو دەبێت ئەمەریکا جیاوازی بکات لە نێوان ھێزی نەرم کە بەھۆیەوە دەتوانێت قەناعەت بەوانی دیکە بکات، و بەکارھێنانی ھێزی زبر لە شەڕی پەیوەست بە زانیاریی نھێنییەوە، کە لەم حاڵەتەشدا پەنا دەباتەبەر تۆڵەسەندنەوە. و لەم رووەوە رێگە بە روسیا و چین دەدرێت کە پرۆگرامە ئاشکراکانی خۆیان پەخش بکەن، بەڵام ئەمە ھەندێ پرسی دیکە ناگرێتەوە، وەک کەڵکوەرگرتنی خراپ لە ھۆکارەکانی سۆشیال میدیا. ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە رەخنەگرتن لە تۆماری مافەکانی مرۆڤ لەم وڵاتانەدا. راپرسییەکانیش ئەوە دەردەخەن کە خەڵکی ئەمەریکا دەیانەوێت خۆیان لە دەستێوەردانی سەربازی لابدەن، نەک کشانەوە لە ھاوپەیمانێتی یان ھاوکارییە ھەمەلایەنەکان. ھەروەھا ھێشتا بایەخ بە بەھاکان دەدەن.و ئەگەر بایدن سەرکەوتن بەدەست بھێنێت لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوا ئەو پرسیارەی روبەڕوی دەبێتەوە ئەوە نییە ئایا دووبارە سیستمی لیبراڵی نێودەوڵەتی دەگەڕێنرێتەوە، بەڵکو ئەوەیە ئایا ئەمەریکا دەتوانێت کار لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیدا بکات بۆ برەودان بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، لە ھەمان کاتدا ئایا دەتوانێت ھاوکاری بکات لەگەڵ گروپێکی بەرفراوانتر لە دەوڵەتان ئەویش لە پێناوی ئیدارەدانی دامەزراوە نێودەوڵەتییە پێویستەکان کە لەسەر یاساکان بنیاتنراون، ئەویش لە پێناوی بەرەنگاربونەوەی ھەڕەشە جیھانییەکان، بە تایبەتی گۆڕانی ژینگە، و پەتاکان و ھێرشە ئەلیکترۆنییەکان و تیرۆر و ناسەقامگیری ئابووری.






لە نووسینی جۆزێف نای
لە سایتی سیندیکەیت پرۆجێکت بڵاوکراوەتەوە
Top