کەمتەرخەمی لەبەرامبەر قەیرانی کۆڤید-١٩ باجی قورسی دەبێت

کەمتەرخەمی لەبەرامبەر قەیرانی کۆڤید-١٩ باجی قورسی دەبێت
قەیرانە کتوپڕەکە پرۆسە رۆتینییەکانی بڕیاردانی گۆڕی و سەرکردەکانی ناچار بە گرتنەبەر ڕێککاری بەپەلە کرد. تێکەڵێک لە بێ متمانەیی و بە ھەڵەتێگەیشتن و ترس سەریانکێشا بۆ لەبەریەکھەوەڵشانەوەی ئەو رایەڵانەی شارستانیەتی ھاوچەرخ پێکەوە گرێدەدەن.
ئەمە لە ھاوینی ساڵی ١٩١٤ەدا بوو، کاتێک ئەوروپا سەرقاڵی خۆئامادەکردن بوو بۆ جەنگ. بەڵام دەکرێت ئەم وەسفە بەسەر ھاوینی ساڵی ٢٠٢٠دا جێبەجێ ببێت. خراپترین پەتا لە دوای نەخۆشی ئەنفلۆنزای نێوان ساڵانی ١٩١٨-١٩٢٠ بە چەشنێکی خێرا گۆڕدراوە بۆ تەنگژەیەکی بونیادی و روبەڕوی جیھانگەرایی بۆتەوە، کە رەنگە زەمینە بسازێنێت بۆ مەترسیدارترین روبەڕوبونەوەی جیوپۆلەتیکی لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ساردەوە. لە میانەی چەند ھەفتەیەکی کەمدا، پەتای کۆڤید-١٩ بووەھۆی داخرانی یەک لەسەر سێی ئابووری جیھانی و سەرھەڵدانی گەورەترین تەنگژەی ئابووری لە دوای داکشانە مەزنەکە. و ئەگەر لە ئایندە بڕوانین، ئەوا ھۆکاری ھەر گرنگ کە چۆنییەتی پەرەسەندنی قەیرانەکە دیاری دەکات بریتیە لە سەرکردایەتی بە کۆمەڵ. لەگەڵ ئەوەشدا، ھێشتا ئەم توخمە یەکلاکەرەوەیە لە ئارادا نییە. لەگەڵ ھەڵکشانی ململانێی نێوان ئەمەریکا و چیندا، ئەوا پێویستە سەرکردایەتی جیھانی دروست بێت لە شوێنێکی دیکەوە جگە لە واشنتۆن دی سی یان پەککین. سەرەڕای ئەوەش، و لە پێناوی رێگەخۆشکردن بۆ نوێبوونەوەی ھاوکاری نێودەوڵەتی، دەبێت سەرەتا سێ ئەفسانە پوچەڵ بکرێنەوە. ئەفسانەی یەکەم ئەوەیە کە وا وەسفی کۆڤید-١٩ دەکرێت وەک ئەوەی رووداوێک بێت و کەس پێشبینی نەکردبێت و کەس ئامادەکاری نەکردبێت بۆ روبەڕوبونەوەی. لە واقیعدا، بەرگریکارانی تەندروستی گشتی وەک بیل گەیتس و زانایانی پەتاناسی وەک مایکل ئۆسترھۆلم لە زانکۆی مینیسۆتا بۆ چەندین ساڵە زەنگی مەترسییان لێدا لەبارەی مەترسیییەکانی پەیوەست بە ڤایرۆس و ئەنفلۆنزاوە، و ئاژانسە سەرەکییەکانی ھەواڵگریش ھۆشداری ھاوشێوەیان دا. قوڵایی ئەم تەنگژەیەی ئێستا دەرئەنجامی شکستی بە کۆمەڵی ئێمەیە بۆ وەڵامدانەوەی ھۆشدارییە روونەکانی زانایان. لەوەش خراپتر، دەکرێت ئەم ڤایرۆسە تەنھا راھێنانێک بێت بۆ ئەو کارەساتانەی چاوەڕوانمان دەکەن لە دەرئەنجامی گۆڕانی ژینگەییەوە. ئەفسانەی دووەم، پێی وایە کۆڤید-١٩ میسداقیەتی جیھانگەرایی لاواز کردووە. بە دڵنیاییەوە گەشتە نێودەوڵەتییە ئاسمانییەکان، بە بەراورد بە ھۆکارە کۆنەکانی گەشتکردن، ھۆکارێک بوون بۆ خێراتر بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە سەرتاسەری جیھاندا. لە ھەمان کاتدا جیھانگەرایی زانیاری و زانستی پزیشکی و تەکنەلۆژیا و دامەزراوە فرەلایەنەکانمان بۆ دەستەبەر دەکات کە پێویستن بۆ لەناوبردنی نەک تەنھا ڤایرۆسەکان، بەڵکو سەرجەم ھەرەشە ھاوبەشەکانی دیکە. بەھۆی بوونی کۆمەڵگەیەکی زانستی جیھانی پێکەوەگرێدراو لە رێی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردەوە، جینۆمی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراو و بە ئاشکرا لە ١٢ی کانوونی دووەمدا بڵاوکرایەوە، ئەویش دوای دوو ھەفتە لە راگەیاندنی چین بە تووشبوون بە چەند حاڵەتێک. لە ئێستادا توێژەرانی سەرتاسەری جیھان دەرئەنجامەکانیان ھاوبەشی پێدەکەن لە ھەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتن بە ڤاکسینێک. ھیچ کاتێک رووینەدا ژمارەیەکی ھێندە گەورە لە شارەزایانی جیھان کار لەسەر یەک پرۆژە بکەن.

ئەفسانەی سێیەم بریتیە لەوەی ئامرازە سیاسیەکانی ئێستا و رێکخستنی دامەزراوەییمان ھاوکار نەدەبوون بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە. لە واقیعدا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بە خستنەگەڕی بەشێکی کەمی سەرچاوەکانیان ئیحتیوای ڤایرۆسەکە و دەرھاویشتە ئابوورییەکانی بکەن. لەبەر ئەوە تاوەکو شێوازی کارکردنی دامەزراوەکانی وەک رێکخراوی تەندروستی جیھانی نەگۆڕین و کاری زیاتر ئەنجام نەدەین بۆ سوودەرگرتن لە سەرچاوەی کاراکتەرە تایبەتەکان، ئەوا ناتوانین پێشبنییەکانمان بەدی بێنین. کۆڤید-١٩ لە سەروەختێکی ھەستیاردا سەریھەڵدا، و بووەھۆی خێرا سەرھەڵدانی تەنگژەیەکی قووڵتر لە پەیوەندیدا بە ھاوکاری نێودەوڵەتییەوە. زاڵبوون بەسەر ھەردوو قەیرانەکەشدا داھێنانکاری گەورەتر و ھەوڵی بە کۆمەڵی پێویستە بۆ ھێنانەدی ھاوسەنگییەکی سەقامگیر لە نێوان گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیدا. ئەنجامدانی ئەم کارەش ئەرکێکی ئاسان نییە. گۆڕینی دامەزراوەکان و سیستمە ئابوورییەکانمان بەس نییە، بەڵکو دەبێت گۆڕانکاری لە خۆشماندا بکەین. ئەو پرۆگرامەی پێویستمانە پێنج بەش لە خۆدەگرێت. یەکەم، ئێمە پێویستمان بە کارکردنە بۆھێنانەدی سەرکردایەتیەکی گشتگیرتر لەسەر ئاستی جیھانی. بەلەبەرچاوگرتنی بارگرژییەکانی ئێستای نێوان ئەمەریکا و چین، ئەوا پێویستە وڵاتانی دیکەی گروپی ٢٠ پێکەوە کاربکەن لە پێناو ھێنانەئارای بیرۆکەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکان: تەنگژەی سیستمی بازرگانی جیھانی، و زیادبوونی ململانێی تەکنەلۆژی و پاشەکشەی متمانەکردن بە چوارچێوە فرەلایەنەکان. پێویستە یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا و یابان و کەنەدا و ئەندەنوسیا و ھیندستان و کۆریای باشوور و بەرازیل، بە تایبەتی، رۆڵێکی گەورەتر ببینین بۆ گرتنەئەستۆی سەرکردایەتی. دووەم پێویستمان بە ھاوپەیمانێکی سەرکردایەتی نوێ لەسەر چەندین ئاست ھەیە کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت و ناوەندە فیکرییەکان و لایەنە کاراکانی دیکەی بگرێتەوە. کاتێک شێوازی رۆتینی سەرکردایەتی لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە ئارادا نەبێت، ئەوا دەبێت ئەوانی دیکە لە ئاستی دۆخەکەدا بکەن. سێیەم، پێویستمان بە پرۆسەیەکی بێ گرێوگۆڵی پەرەپێدان و دابەشکردنی ڤاکسینی ڤایرۆسەکە دەبێت. پێویستە ئەندامانی گروپی ٢٠ کار لەسەر پابەندبوونەکانی پێشویان بکەن و کار لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و ھاوبەشە خۆبەخشەکانی کەرتی تایبەت بکەن بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێک بۆ پێشکەشکردنی ڤاکسینەکان بە شێوەیەکی خێرا و دادپەروەرانە. ئەمە تەحەددیەکی بێ پێشینەیە و پێویستی بە ھاوپەیمانێتیەکی بێ پێشینە دەبێت. چوارەم، پێویستە رێککاری کاراتر بگیرێتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تەنگژە داراییەی چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە لە ئابووری تازەگەشەکردووەکاندا بێتەئاراوە. لە کۆتاییدا، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبکات بە بنیاتنانی ھاوپەیمانێتی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتن لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ فرە بایەلۆژی، ھەروەھا کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ژینگە لە ساڵی داھاتوودا. جیھان پێویستییەک بە پەلەی ھەیە بە بەشداری زیاتری دەوڵەتان لە چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان، مێژوونوس مارگرێت ماکمیلان بەم شێوەیەی خوارەوە کۆتایی بە شرۆڤەکارییەکەی ھێنا دەربارەی جەنگی جیھانی لە ساڵی ١٩١٤دا: "ئەگەر بمانەوێت لە سەدەی بیست و یەکەوە پەنجەی تاوان درێژ بکەین، ئەوا دەتوانین لە دوو رووەوە ئۆباڵەکە بخەینە ئەستۆی ئەو کەسانەی ئەوروپایان پەلکێش کرد بۆ جەنگ، شکستھێنانیان لە پێشبینیکردنی ئاستی ئەو کاولکارییەی جەنگێکی لەم شێوەیە دروستی دەکات، و نەبوونی بوێری بۆ وەستانەوە لە رووی ئەو کەسانەی مشتومڕی ئەوەیان دەکرد جگە لە جەنگ رێگاچارەیەکی دیکە لە ئارادا نەماوە." بەڵام ھەمیشە رێگاچارەی دیکە ھەیە، ھەمیشە خۆدزینەوە لە کارکردن باجی قورسی ھەیە و لە بری قبوڵکردنی داڕووخانی سیستمە فرەلایەنەکە، پێویستە بیر لە میکانیزمە نوێیەکانی ھاوکاری بکەینەوە کە پێویستن بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەکە.






لە نووسینی برێتراند باردێ و یڤێس تیبێرگیەن
لە سایتی پرۆجێکت سیندیکەیت بڵاوکراوەتەوە
Top