ھەواڵێکی مژدەبەخش لە شەڕی کۆڕۆنادا

ھەواڵێکی مژدەبەخش لە شەڕی کۆڕۆنادا
ھەر چەند ھەوڵ بدەیت خۆت لە بیستنی ھەواڵەکانی کۆرۆنا خۆت بە دوور بگرێت، بێ گومان ناتوانیت، چونکە بۆ ھەر شوێنێک بچیت ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، لانی کەم تا یەکێک لەو چوار شتە یان ھەموویان ڕوودەدەن، ھەوڵەکانی ئێستای دەوڵەتان سەربگرن لەنێو تاقیگەکانیاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، یان جیھان بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەکەن، یانیش ڤایرۆسەکە بەرەبەرە لاوازدەبێت، یاخود لەگەڵ ئەم پەتایە ڕادێین، وەک چۆن لەگەڵ ڤایرۆسەکانی دیکە ڕاھاتووین کە ئەوەندە ترسناک نین.
لەنێو جەنجاڵیی ھەواڵەکانی ئەو پەتایەدا، کە ھەموویان دەروونمان دەھەژێنن، لەم ڕۆژانەدا گوێمان لە ھەوڵێکی مژدەبەخش بوو کە پسپۆران دەربارەی کۆڤید ١٩ بڵاویان کردەوە، کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی بە ھەنگاوێکی زانستیی لە قەڵەم دا، بەو پێیەی کە یەکەم چارەسەری چەسپاوەو ئەنجامی باشی لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەویش لە کەمکردنەوەی مردووان لەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبن. زانایان لە زانکۆی بەناوبانگی ئۆکسفۆرد بە ھاوکاریی چەندین نەخۆشخانەی بەریتانی توانیان دەرمانی (دیکسامیسازۆن) بەکاربھێنن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی چەند نەخۆشێکی کۆڤید ١٩، ئەوانەی ڕەوشیان ناجێگیر بوو و خرابوونە ژێر ئامێری ھەناسەدانی دەستکردەوە، یان لە قۆناغێکی تۆزیک مەترسیدارتردا بوون و ھاوکاریی ھەناسەدانیان دەکرا لە ڕێی بوتڵی ئۆکسجینەوە، لە گرووپی یەکەمدا ئەو دەرمانە ھاوکاریی کردن بە کەمکردنەوەی حاڵەتی مردن بە ڕێژەی ٣٠% و لە حاڵەتی دووەمیشدا بە ڕێژەی ٢٠%.
خەسڵەتێکی باشی ئەم دەرمانە ئەوەیە، ئێستا بەردەستە و بێ ڕاچێتەی پزیشک بە نرخێکی ھەرزان و بە (٥ جونەیھی ئیستەرلینی) دەفرۆشرێت، ئەنجامەکانیشی بەرچاون، دوای ئەوەی کە چەند نەخۆشخانەیەکی بەریتانی بۆ نەخۆشەکان بەکاریان ھێنا و ئەنجامی ئەرێنی ھەبوو، شارەزایان گوتوویانە کە ئەو دەرمانە ئەگەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەکاربھێنرایە دەیتوانی گیانی نزیکەی پێنج ھەزار کەس لە مردن ڕزگاربکات، شتێکی دیکەی گرنگ تایبەت بەو دەرمانە کە لە جۆری سترۆیدە، لە زۆربەی دەوڵەتاندا ھەیە لەوانەش دەوڵەتانی ھەژار، بۆ چەندین نەخۆشی بەکاردەھێنرێت لەوانە باداری و ھەوکردنەکان و نەخۆشییەکانی ھەناسە وەک تەنگەنەفەسی و کۆئەندامی بەرگری،. دوای ئەوەی دەرکەوت کە ئەمە سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەی مردن لەنێو نەخۆشەکان لە دۆخی ناجێگیر و مەترسیدار، دەبینین ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی سوودیان لێ وەرگرتووە زۆر زیادی کردووە.
جا بۆ ئەوەی خەڵکەکە بە ڕاکردن نەچن بیکڕن و لە خۆیانەوە بەکاری بھێنن، بۆیە شارەزیان ئامۆژگاری دەکەن کە بەکارھێنانی بە پێی ڕێنمایی پزیشک بێت، لەبەر ئاسەواری لاوەکی کە ڕەنگە کاریگەریی ھەبێت بۆسەر ئەوانەی نەخۆشیی دیکەیان ھەیە، بە ھەر حاڵ کاریگەریی ئەو دەرمانە تەنیا بۆ دۆخە مەترسیدارەکانی نەخۆشانی کۆڤید ١٩ بەکاردەھێنرێت، بەڵام ساغ نەبۆتەوە کە سوودی ھەبێت بۆ ئەو نەخۆشانەی نیشانە سووکەکانیان ھەیە، ئەمە چارەسەری خودی نەخۆشییەکە نییە، بەڵکو یارمەتیدەری کەمکردنەوەی مردووانە، ئەوانەی خراپ تووشی کۆرۆنا بوونە، دەرفەتێکیان پێ دەدات بۆ بەرگریکردن و ڕەنگە چاکیش ببنەوە بە ھاوکاریی تێکەڵەی دیکەی دەرمان و سیستەمی خود بەرگری.
بۆچی شارەزایان دڵیان بە تاقیکردنەوەکەی بەریتانیا خۆش بوو؟ دوای ئەوەی تاقیکردنەوەکانی دیکەی دەرمانە جۆراوجۆرەکان شکستیان ھێنا، ھەروەھا سەلمێنرا کە ئەو دەرمانانەنی پێشتر بەکارھێنران وەک(ھایدرۆکسی کلۆرۆکین) بۆ حاڵەتەکانی کۆرۆنا سوودیان نەبوو، بۆیە بەکارھێنانی سەرکەوتووانەی دەرمانی(دیکسامیسازۆن) بە ھەنگاوێکی مژدەبەخش دادنرێت لە شەڕی دژ بە کۆرۆنا. چونکە ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئایندەدا لەگەڵ دەرمانی دیکەدا تێکەڵ بکرێت و پزیشکان سوودی لێ ببینن، لەبەر ئەوەی ئەم دەرمانە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی ھەناسە بەکاردێت یان پەیوەندیی ھەیە بە کۆئەندامی بەرگرییەوە. پسپۆران پێیان وایە کە چارەسەر لە یەک جۆری دەرمانەوە دروست نەکراوە، ئەوان لە پێشبڕکێی بەردەوامدان لە چەندین دەوڵەتدا، ئەویش بە تێکەڵکردنی لەگەڵ چەند دەرمانێکی دیکە.
لە ھەموو حاڵەتێکدا گەیشتن بە چارەسەر، ئەگەر ئەمە ڕوویدا، ئەوا کاتێکی زۆر دەخایەنێت، کە زانایان ١٢ بۆ ١٨ مانگیان بۆ داناوە، تا ئەو کاتە ھەر دەرمانێک بدۆزرێتەوەو کاریگەریی ھەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی مردووان و دابینکردنی دەرفەتی چاکبوونەوە لەو نەخۆشییە، ئەمە بە ھەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت. بۆیە ئەم دڵنەوایی دەداتە خەڵک، ھەروەھا ژیانی ئاسایی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی، ھاوکات دەرفەت بە زاناو توێژەران دەدات بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ڕزگاربوونی کۆتایی لەو پەتایە، ھەتا ئەگەر ھەوڵەکانیشیان سەرنەگرن، بەڵام جیھان قۆناغێکی پێشکەوتووی بڕیوە لە دامرکاندنەوەی تەوژمی ئەو پەتایە، ئەویش لە ڕێی دەرمانی دیکە بۆ ئەو نەخۆشییانەی کە بتوانین لەگەڵیاندا ھەڵ بکەین، وەک نەخۆشی و ڤایرۆسەکانی دیکە کە لەمێژە ھەن و ڕاھاتووین وەک ئەنفلوانزای وەرزی و تاوولەرز و ئیبۆلاو تەنانەت ئایدز.
ساڵانە نزیکەی ملیارێک مرۆڤ تووشی ئەنفلۆنزا دەبن، ڕەنگە سێیەکیان بە توندی دەیگرن، ئەمەش ساڵانە دەبێتە ھۆی مردنی ٢٩٠ ھەزار بۆ ٦٥٠ ھەزار کەس بە پێی ژمارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی. بەڵام سەرباری ئەمەش کە باس دەکرێت ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا بڵاوناکاتەوە وەک کۆرۆنا، ھەرچەندە ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا ھەمەجۆرن، مەترسیدارترینیان کە تا ئەمڕۆ بڵاوبووبێتەوە، ئەنفلۆنزای ئیسپانییە(١٩١٨ - ١٩٢٠) کە ٥٠٠ ملیۆن مرۆڤ تووشی بوو و نزیکەی ٥٠ ملیۆنی کوشت.
بەگشتی ھەواڵی دەرمانی(دیکسامیسازۆن) ھیوایەک بە خەڵک دەبەخشێت، لەگەڵ کارابوونەوەی وردەوردەی ژیان و سووککردنی کۆتوبەند، شان بە شانی گرتنەبەری ڕێنماییەکانی خۆپارێزی، چونکە شەڕکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا درێژخایەنە، سەرباری ھەندێ شکست لەو دەوڵەتانەی کە کۆتوبەندییان سووککردووە، ھەروەھا ترسیان لە سەرھەڵدانی شەپۆلی دووەم، بەڵام دەوڵەتان و زانایان، توانیویانە تا ڕادەیەک بەری پێ بگرن، ڕۆژیش نییە کە گوێمان لە ھەواڵی خۆش نەبێت لە بەدەستھێنانی دەستکەوت و ھەنگاوی کارای پسپۆرو زانایان بۆ زاڵبوون لەو شەڕەدا.

نووسینی: عوسمان میر غەنی
لە عەرەبییەوە: بەھادین جەلال مستەفا
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەت
Top