دۆخی جیهان دوای پەتای كۆڤید-19

دۆخی جیهان دوای پەتای كۆڤید-19
زانایان گومانیان لەوە نییە كە وێرانبوونی سروشت هۆكارە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی زیاتر دوچاری تووشبوون بە نەخۆشی و پەتاكان ببێت، بۆ نموونە پەتای كۆڤید- 19، كە ملیۆنان كەسی تووش كردو سەدان هەزاریشی كوشت، سەرباری ئەوەی هۆكارەكانی ژیانیشی خستە مەترسییەوە.
ئەم پەتایە بە درێژایی ڕۆژگارهەموو بووژانەوەیەكی ئابووریی جیهان پەك دەخات، چونكە زیاتر لە نیوەی بەرهەمی ناوخۆی جیهان بە جۆرێك لە جۆرەكان پشت بە سروشت دەبەستێت، ئایا دەبێت قەیرانی كۆڤید- 19 زەنگێكی مەترسیدار بێت و دەرفەتێكێیش بێت لەپێناو گۆڕینی ڕێڕەوی ژیان ؟ لە كاتێكدا هەندێ لە سیاسەتوانان پێان وایە كە ئەم پەتایە بەم قەبارەیە پێشبینی نەدەكرا، بەڵام زۆر لە شارەزایان لەو باوەڕەدان كە دەبوایە ڕووبدات، چونكە ئەم نەخۆشییە سەرچاوەكەی لە ئاژەڵەوەیە، واتا لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، هەروەها دیارە 60%ی نەخۆشییە درمەكان سەرچاوەكانیان خودی ئاژەڵە.
كاری كشتوكاڵی و بەخێوكردنی مەڕوماڵات و پاككردنەوەی دارستان و بەكارهێنانی ئاژەڵی كێوی، ئەمانە هەموویان كردەوەو كاری ئاسایین، بەڵام لە هەمان كاتیشدا بەركەوتنی ڕاستەوخۆی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵە، هەر ئەمەیە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان، بۆیە نەخۆشی ئیبۆلا و ئاییدزو سارس و مێرس هەموویان هەمان سەرچاوەی ئاژەڵین، جیهان تا ئێستا نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵیان بكات و چارەسەری كۆتاییان بۆ بدۆزێتەوە.
بەڵام كۆڤید-19 ڕەنگە جیاوازتر بێت، چونكە بە بەراورد بە نەخۆشییەكانی دیكە زیاتر دەركەوت، واتا پەیوەندیی ڕەسەنی نێوان تاكەكانی كۆمەڵی لەق و شەق كرد و خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی مرۆڤایەتی خستە بارێكی مەترسیدارەوە. بۆیە ئەوانەی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە پاراستنی ژینگە ئابوورییەكان دەڕووخێنێت، بێ گومان ئەنجامەمكان بە پێچەوانەوە بوون، ئەوانە هەڵە بوون چونكە وێران بوونی ژینگە هۆكار بوو لە پەكخستنی ئابووریی جیهان. لەپاڵ ئەمەشدا و بە پێچەوانەی نەخۆشییەكانی پێشتر كە بەم دواییە بڵاوبوونەتەوە، گۆڤید-19 بووە هۆی ئەوەی كە دەوڵەتان پێشوەختە دەستێوەردان بكەن، حكومەتەكان لەسەر ئاستی جیهاندا ستراتیجییە سەرتاسەرییەكانیان پەرە پێ دا بۆ ئەوەی ببووژێنەوە، ئەمەش دەرفەتێكی زێڕینمان پێ دەدات بۆ ئەوەی پاراستنی ژینگە بسەپێنین و پارێزگاریی لە سیستەمە ئابوورییەكانمان بكەین.
دوو پرەنسیپ هەن كە ستراتیجییەكانی بووژانەوە پێك دەهێنن، یەكەمیان تەنیا هاندان بەس نییە، چونكە حوكم و پێویستییەكان كە بە بەشداریی كارای كەرتی خاوەنكاران و وەبەرهێنەران دادەڕێژرێن، ئەوانیش یەكلاكەرەوەن، دووەمیان پێویستە خەرجیی گشتی بەو ڕێگایانە تەرخان بكرێت كە هاوسەنگییەك بێنێتە دی لەنێوان تەندروستیی كۆمەڵگاو ئابووری و ژینگەدا، بەمانای وەبەرهێنان لەو پیشەسازییانەی دۆستی ژینگەن، بە تایبەتیش كە بنەماكانی ئابووری بەهێزدەكەن و بەرهەمی گشتی وڵات دەخاتەوە سەر ڕێچكەی زانستی .
گەورە ئابووریناسان لەوانەش جوزێف ستیلیتز و نیكۆلاس ستێرن كە هەردووكیان خاوەنی خەڵاتی نۆبلن گەیشتنە ئەو ڕاستییەی كە كایەكانی بووژانەوە كە دۆستی ژینگەن سوودو قازانجی زیاترمان پێ دەبەخشن، لەگەڵ هەندێ ئەركی كورتخایەن، هاوكات خەرجی زیاد دەكات، بە بەراورد لەگەڵ هاندانی دارایی، بۆ نموونە بنیادنانی ژێرخانی وزەیەكی پاك، بە تایبەتی ئەو چالاكییەی كە پشت بە توێژی كرێكاران دەبەستێت، دوو ئەوەندە قازانج و سەرمایە دەستەبەردەكات بە بەراورد بە وەبەرهێنان لە سووتەمەنیدا. وەبەرهێنان لە سەرمایەی سروشتی وەك زیندووكردنەوەی سیستەمە ژینگەییەكانی دارستان یەكێكە لە ئەولەویاتی دیكەی پەرەپێدانی ئابووری، چونكە داهاتێكی فرەلایەن دەستەبەردەكات، بەو پێیەی لە هەموو بوارەكانی ژینگەدا تەكان بە جووڵەی ئابووری دەدات، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕوودانی لافاو و هەڵمژینی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە ژینگەدا، دواجار ئاووهەوا پاك دەكاتەوەو سروشت دەبووژێنێتەوە.
بڕیاربەدەستان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن، سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی چەندین ڕێنمایی گشتی بڵاوكردەوە پەیوەست بە بووژانەوەی دۆستی ژینگە، هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی خاتوو كریتالینا جۆرجیفا داوای كرد كە پرۆسەی رزگاركردنی كۆمپیانییەكان ببەسترێتەوە بە مەرجە ژینگەییەكان، دیارە حكومەتی فەرەنساش بە كردەوە ئەمەی جێبەجێ كرد.
لەپاڵ ئەمەشدا یەكێتیی ئەوروپا پلانی بووژانەوەی دۆستی ژینگە كە پەیوەستە بە كۆڤید-19 دادەڕێژێت، ئەمەش لە شێوەی گرێبەستێكی ئەوروپییە مەبەستی جارێكی دیكە هێنانەوەی فرەجۆریی ژینگەییە، هاوكات خێراكردنی گۆڕانكارییە لە ئابووریدا، گرووپی ئەوروپی كە لە 180 سیاسەتوان و كۆمپانیاو سەندیكاو گرووپی فشار و ناوەندەكانی توێژینەوە پێكهاتووە، بەم دواییە پەیامێكیان دەركردووەو تێیدا هانی سەركردەكانی یەكێتیی ئەوروپا دەدەن ڕێكارەكانی دۆستیی ژینگە لە ئەستۆ بگرن. بەڵام لەپێناو وەدیهێنانی بووژانەوەی بەردەوامی جیهانیدا، پێویستە لەسەر زۆربەی حكومەتەكان سیاسەتی بووژانەوەی دۆستی ژینگە بگرنەبەر، بەڵام ئێستا دەبینین زۆر لە حكومەتەكان بە پێچەوانەوە كاردەكەن و پارەیەكی زۆر بۆ پیشەسازی و چالاكییە وێڕانكەرەكانی ژینگە تەرخان دەكەن. بۆ نموونە و بەپێی چەند توێژینەوەیەك كە ستیجلتز بەشداریی تێدا كردووە دەبینین كە ئەو پاكێجەی تایبەت بە رزگاركردنی نایاسایی پێشكەش بە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی كراوە، ئەنجامی خراپ بەدەستەوە دەدەن كە كاریگەریی نێگەتیڤانەی بۆسەر ئابووری و خێرایی و پێوانەكانی ئاووهەوا دەبێت، سەرباری ئەمە بە ملیاران دۆلار لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی خەرج دەكرێت كە بە هیچ شێوەیەك بە ڕێكارەكانەوە پابەند نابن.
لە ڕاستیدا و بە پێی ڕاپۆرتێك كە ئاماژە بە هاندانی دۆستی ژینگە دەكات و بەم دواییە بڵاوبۆتەوە، زیاتر لە چارەكی خەرجیی هاندان تا ئێستا و لە 16 جۆری سێكتەری ئابووریدا دەری دەخات كە زیانێكی زۆر بە ژینگە گەیشتووە، هەندێكیش لەوانە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕێساكانی ڕێكخستنی پەیوەست بە ژینگەی سووك كردووە، ئەمەش لەپێناو یارمەتیدانی ئەو شتانەی كە هۆكارن بۆ پیسبوونی ژینگە و كاریگەریی خراپیان بۆ سەرلەنوێ بووژانەوە هەیە.
سیاسەتوانان و خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتییەكان دەتوانن خۆیان لە تەحەدییەكانی داهاتوو لابدەن، بەڵام ئەمە هۆكار نییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە قەیرانەكان بگرێت، دیارە ئەو قەیرانانەش كە لە ئاییندەدا دێنەپێش، چاوەڕوانی ئەوە ناكەن بووژانەوەی پەیوەست بە كۆڤید-19 تەواوبكرێت، بەڵكو بە پێچەوانەوەی ئەمە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو ڕەنگە ڕوودانی ئەم جۆرە قەیرانانە خێراتر بكات.

نووسینی: ئەندرێه هۆفمان
لە عەرەبییەوە: بەهادین جەلال
سەرچاوە/ www.project-syndicate.org
Top