كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە دەرگای كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی (میونشن)ی بۆ كوردستان كردەوە

كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە  دەرگای كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی (میونشن)ی بۆ كوردستان كردەوە
لە رۆژی 24ی كانوونی دووەمی ساڵی 2015 و لە 45ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتی لە داڤۆس، یەكێك لە پەنێڵەكان بۆ چارەنووسی (ئایندەی سوپا – The Future of Military) لە جیهاندا تەرخان كرابوو، ئامادەبووانی ئەم پەنێڵە بریتی بوون لە:
د. رۆژ نوری شاوەیس، فەرماندەی پێشمەرگە و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق.
خوان كارلۆس بینزۆن وینۆ، وەزیری بەرگریی كۆلۆمبیا.
جۆزیف نای، بیرمەندی ستراتیژیی سەربازی و یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگریی ئەمریكا.
ڤۆلفگانگ ئیشنگر، دیپلۆماتكاری ئەڵمانی و سەرۆكی كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونشن.
كۆرت والتەر تید، یاریدەدەری سەرۆكی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا.
ناوەرۆكی ئەم پەنێڵە بۆ ئەوە تەرخان كرابوو، ئایا ئەو سوپایەی كە پێویستە بۆ ئایندەی شەڕی تیرۆریستان هەبێت و بتوانێت لە سەر زەوی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنێت و، ئەوانەشی بانگهێشتی ئەم پەنێڵە كرابوون، هەر یەكەیان خاوەن ئەزموون و تایبەتمەندییەكی بەرچاو بوون لە شەڕی تیرۆریستان و گرووپە توندڕەوەكان، بەمجۆرە:
1. د. رۆژ نوری شاوەیس لەگەڵ ئەوەی وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادە بوو، بەڵام پێشكەشكاری پەنێڵەكە وەك فەرماندەیەكی مەیدانیی پێشمەرگە ناساندی و ئاماژەی بەوە كرد كە یەكێكە لە فەرماندە مەیدانییەكانی هێزی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.
2. خوان كارلۆس بینزۆن وینۆ، وەزیری بەرگری ئەو كاتی كۆلۆمبیا، ئەزموونێكی گەورەی لەگەڵ شەڕی دژی ئەو گرووپە چەكدارانە هەبووە، كە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەریان دەكرد، ئەم گرووپانە خاوەنی زۆر چەكی پێشكەوتوو بوون و توانیبوویان رووبەڕووی حكومەتی كۆلۆمبیا رابوەستنەوە.
3. جۆزیف نای، جیا لەوەی ماوەیەكی زۆر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بووە، لە هەمانكاتدا یەكێكە لە بیرمەندە گەورەكانی بواری (هێز و ستراتیژیەتی سەربازی)، هەروەها خاوەنی كتێبەكانی (هێزی نەرم) و (ئایندەی هێز)ـە و چەندین وتار و لێكۆڵینەوەشی لەسەر ئایندەی سوپا لە جیهاندا نووسیوە.
4. ڤۆلفگانگ فێردریش ئیشنگێر، ئەمیشیان جیا لەوەی لە ماوەی ساڵانی 1998-2001 جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بووە و لە 2001-2006 باڵیۆزی ئەڵمانیا بووە لە ئەمریكا، لەساڵی 2008یشەوە بۆتە سەرۆكی كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونشن.
5. كۆرت واڵتەر تید، یەكێكە لە ئەدمیراڵە دیارەكانی ئەمریكا و ئەوكات ئەزموونی 27 ساڵی كاری مەیدانی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا لە سەرانسەری جیهان بووە و، وەك نوێنەری سەربازیی ئەمریكا لەو پرسە گرنگەدا بەشداری كردبوو.
لەناو ئەم پەنێڵە ستراتیژی و سەربازییە جیهانییەدا، ئەزموونی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی داعش، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەزموونی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە ببێتە تەوەرێكی سەرەكی لە كۆنفڕانسی (51)ـەمینی كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی داڤۆس و، ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكە لە زاری ئەو رێبەرە سەربازییەوە بە ئەزموونی قارەمانیەتی پێشمەرگە ئاشنا بن، هەر لەناو پەنێڵەكەوە، ڤۆلفگانگ فێردریش ئیشنگێر سەرۆكی كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئامادەبووانی داڤۆسی راگەیاند، كە بۆ كۆنفڕانسی ئەمساڵی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونشن (6-8ی 2ی 2015)، بە شەخسی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانم بانگهێشت كردووە، لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆكە خۆی بە شێوەیەكی مەیدانی سەرۆكایەتیی هێزی پێشمەرگەی كردووە لە بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشدا.
لە كۆنفڕانسی (51)ـەمینەوە لە شوباتی 2015 هەتا شوباتی 2020 ئەمە شەشەمین جارە لەسەر یەك كوردستان بە فەرمی دەبێتە ئەندامی كۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونشن، كۆدی كردنەوەی دەرگای ئەم كۆنفڕانسەش بۆ كوردستان بە هاوشێوەی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری، قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە لە شەڕی دژی داعش.
Top