ئیدریس بارزانی حەكیم بۆ دەستنیشانكردنی كێشەكان و هونەرمەند لە چارەسەركردنیان

ئیدریس بارزانی  حەكیم بۆ دەستنیشانكردنی كێشەكان و هونەرمەند لە چارەسەركردنیان
«من و ئیدریس جگە لە برایەتی، ئێمە رەفیق بووین، ئێمە تەنیا برای ئەوە نەبووین كە كوڕی مەلا مستەفاین، برایەتیی ئێمە هی عەقیدە بوو، هی كوردایەتیش بوو. كاك ئیدریس وێنەیەكی پاك و بێگەردی (بارزانی) بوو، هەموو سیفاتی لەودا كۆ ببوونەوە.»

سەرۆك مسعود بارزانی


نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی لە دیدارێكی گوڵاندا پێی گوتین: «كاتێك لاو بووم مەیلی هزری چەپم هەبوو، بەڵام باوكم (ئیدریس بارزانی) پێی خۆش نەبوو، زیاتر حەزی دەكرد بە بیری نەتەوەیی كوردستانی پەروەردە ببم، هەر بۆیە شەهید فەتاح ئاغا كە هزری كاژیكی هەبوو، رایسپارد تا لەگەڵم وتووێژ بكات و كاریگەریی لەسەرم هەبێت، تا منیش بە بیری نەتەوەیی پەروەردە بم».
نێچیرڤان بارزانی لە گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە، دوو سیما و خەسڵەتی كاریزمایی ئیدریس بارزانی ئاشكرا دەكات:
1. لەگەڵ ئەوەی ئیدریس بارزانی باوكیشی بووە، بەڵام تا ئەو راددەیە بڕوای بە ئازادیی بیروباوەڕی سیاسی هەبووە، كە ئەو مافەی بە خۆی نەداوە زۆر لە كوڕەكەی بكات.
2. ئیدریس بارزانی بە تەواوەتی ئەو قەناعەتە هزرییەی لەلا دروست بووە كە چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكانی كوردستان، تەنیا بیری نەتەوەیی و نیشتمانیی و كوردبوون و كوردستانیبوون بووە.
لێرەوە ئەگەر بەراوردێك لەنێوان تێگەیشتنی مستەفا بارزانی بۆ چارەسەری كێشەی گەلی كوردستان و لەگەڵ تێگەیشتنی ئیدریس بارزانی بۆ هەمان كێشە بكەین، ئەوا دەگەینە ئەو قەناعەتەی چۆن مستەفا بارزانی لەگەڵ ئەوەی ماوەی 12 ساڵ لە یەكێتیی سۆڤیەتی پێشان ئاوارە بوو، بەڵام هەر بیری نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانی بە چارەسەری كێشەكانی گەلی كوردستان دەزانی، بە هەمان شێوە ئیدریس بارزانی وەك قوتابییەك كە پەروەردەی بەردەستی مستەفا بارزانی بووە، هەمان ئەو كەسە بووە كە سەرۆك مسعود بارزانی پێناسەی كردووە و دەڵێت: «كاك ئیدریس وێنەیەكی پاك و بێگەردی (بارزانی) بوو، هەموو سیفەتی لەودا كۆببووەوە».
ئەگەر مێژووی خەباتی ئیدریس بارزانی بە سەر دوو قۆناخدا دابەش بكەین، كە بریتین لە قۆناخی شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتیی مستەفا بارزانی و قۆناخی شۆڕشی گوڵان كە هاوڕێ و هاوكاری سەرۆك مسعود بارزانی-یە، ئەوا دەبینین لە قۆناخی یەكەمدا، ئەو پێشمەرگەیەكی بوێر و دڵسۆزی مستەفا بارزانی بووە و جیا لەوەی لە داستانە مەزنەكانی شۆڕشی ئەیلوول رۆڵی فەرماندەی گێڕاوە، ئەوا لە بواری سیاسیشدا هەموو كات توانیویەتی بە شێوەیەكی زۆر لێهاتووانە لەسەر مێزی دانوستاندن داكوكی لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات و، ئەم لێهاتووییەشی لە رێككەوتننامەی ئاداری 1970 بەرجەستە بوو، كاتێك سەرۆكایەتیی شاندی كوردستانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی (بەغدا) دەكرد. لە قۆناخی دووەمیشدا كە قۆناخی دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول بووە، رۆڵ و لێهاتوویی و شێوازی سەركردایەتیی ئیدریس بارزانی زیاتر دەردەكەوێت، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، ئەم قۆناخە جۆرێك لە نائومێدی لای خەڵكی كوردستان و جۆرێك لە غرووری لای داگیركەرانی كوردستان دروست كردبوو، بەڵام ئیدریس بارزانی كە هەرگیز لە ناو شكستدا نە نائومێد دەبوو، نە لە سەركەوتنیشدا مەغروور دەبوو، لە یەك كاتدا وەك هاوكار و پشتیوانێكی سەرەكیی سەرۆك مسعود بارزانی و، هەڤاڵێكی خۆنەویستی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، توانی جارێكی دیكە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێك بخاتەوە، بەمەش توانرا هەر ساڵێك دوای نسكۆ شۆڕشی گوڵان رابگەیەندرێت.
قۆناخی دووەم لە ژیان و شێوازی سەركردایەتیی ئیدریس بارزانی، جیا لەوەی لە رووی سیاسییەوە قۆناخێكی سەخت و ئاڵۆز بوو، لە هەمانكاتدا ئەو جڵەوگیری و یەكڕیزییەی كە كاریزمای مستەفا بارزانی لە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دروستی كردبوو، دوای نسكۆ كەوتە جۆرێك لە پەرتەوازەییەوە و، پێویستی بە سەركردەیەكی وەك ئیدریس بارزانی هەبوو، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نێوماڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان رێكبخاتەوە، لەم پێناوەشدا ئیدریس بارزانی درێغیی نەكرد و هەموو هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بەرەی جوود، بەرەیەكی نیشتمانی دروست بكات و هێز و لایەنە سیاسییەكان كۆبكاتەوە، دواتریش لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو جارێكی دیكە هەموو هەوڵەكانی خۆی خستەوەگەڕ، بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ناو كۆی هێزە سیاسییە كوردستانییەكاندا بەرەو سەركەوتن ببات، ئەم هەنگاوەش بووە بەردی بناخە بۆ دروستبوونی بەرەی كوردستانی كە پاشان سەركردایەتیی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانی كرد و سەرەنجام دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێ دامەزرا.
ئەوەی لێرەدا پێویستە جەختی لەسەر بكرێتەوە و بگوترێت، ئەوەیە كە هزر و شێوازی سەركردایەتیی ئیدریس بارزانی تەنیا بەشێك نییە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و ساڵانە یادی دەكەینەوە، بەڵكو هەنگاوەكانی ئیدریس بارزانی و جەختكردنەوە لەسەر كوردبوون و كوردستانیبوون و یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئەو پێداویستییەیە كە ئێستا لە هەموو كاتێكی دیكە گەلەكەمان پێویستی پێیەتی، درێژەدان بەو هەنگاوانە وا دەكات كە هەموو ساتێك هەست بكەین ئیدریس بارزانی هەر رێگە پیشاندەرە و لەناوماندایە.
Top