كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكی كوردستان و سەرۆكی ئەمریكا

كۆبوونەوەی لوتكەی  سەرۆكی كوردستان و سەرۆكی ئەمریكا
دۆناڵد ترەمپ لەو كاتەوەی چۆتە كۆشكی سپی، ئەمە دووەمین جارە بەشداری لە كۆڕبەندی جیهانیی داڤۆس دەكات، لە كانوونی دووەمی 2018 كاتێك بۆ یەكەمین جار لەسەر سەكۆی داڤۆس قسەی بۆ ئامادەبووان كرد، راشكاوانە بە سەركردەكانی جیهانی راگەیاند، بایەخی سەرەكیتان بۆ نەتەوە و وڵاتی خۆتان بێت و هەوڵبدەن، دەوڵەتەكەتان لە پێش هەر شتێكی دیكە بێت، بەڵام لە كانوونی دووەمی 2020 گوتارێكی دیكەی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و رایگەیاند، «ئەوەی من لەم سێ ساڵەدا وەك سەرۆكی ئەمریكا بەدەستم هێناوە، هیچ سەرۆكێكی دیكەی ئەمریكا لە مێژوودا بەدەستی نەهێناوە..»و بە زمانی ژمارە سەركەوتنەكانی خۆی بە ئامادەبووان راگەیاند.
بێگومان سەركەوتنەكانی ئەم سێ ساڵەی رابردووی ترەمپ لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسەتی ئەمریكا جێگەی سەرنجی ئامادەبووانی كۆڕبەندەكە بوو، بۆیە بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لە گوتارەكەی كرا.
ئەم گوتارەی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، راگەیاندنی سەركردایەتیی دووبارەی ئەمریكا بوو بۆ جیهان و بە شێوازێكی دیكە، راشكاوانەتر وەك بیرمەندی جوو «یۆرام هۆزانی» لە كتێبی (فەزیلەی ناشنالیزم) ئاماژەی پێ كردووە، پەروەردگار مووسای (د.خ) نارد بۆ گەلی جوو، وەك گەلێكی هەڵبژێردراو لەلایەن پەروەردگارەوە، بۆ ئەوە بوو، جوو دەوڵەتی نیشتمانیی خۆیان بە شێوەیەك دروست بكەن كە نەتەوەكانی دیكەش لاسایی بكەنەوە، نەك دەوڵەتەكەی جوو نەتەوەكانی دیكە داگیر بكات.
لەم چوارچێوەیەدا ترەمپیش بە هەمان میتۆد رووی كردە سەركردەكانی جیهان و پێی راگەیاندن، ئەگەر دەتانەوێت كێشەی نەتەوە و دەوڵەتەكانتان چارەسەر بكەن، لاسایی من بكەنەوە، دوو ساڵ پێش ئێستا ئەمریكا لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا بوو، بەڵام ئێستا لە هەموو سێكتەرەكاندا پێشكەوتنی سەرسووڕهێنەری هەیە.
ئاماژەكردنمان بە گوتەكانی ترەمپ، پێش ئەوەی بێینە سەر كۆبوونەوە لوتكەكەی لەگەڵ سەرۆكی كوردستاندا، بۆ ئەوەیە بڵێین: دیدار و كۆبوونەوەكانی ترەمپ لەگەڵ سەرۆكەكان زۆر سنووردار بوو، تەنیا لەگەڵ شەش كەسایەتی كۆبۆتەوە، كە چواریان سەرۆك بوون، ئەوانیش سەرۆكەكانی (كوردستان، عێراق، پاكستان و سەرۆكی ئەنجومەنی فیدڕاڵی سویسرا)، دوو كەسایەتییەكەی دیكە بریتی بوون لە سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا و سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕبەندی جیهانیی داڤۆس.
ئەگەر سەیری ئەو شەش كەسایەتییە بكەین كە كۆشكی سپی بەرنامەی دانابوو سەرۆك ترەمپ لەگەڵیان كۆببێتەوە، ئەوا دەبینین هەریەك لەو كەسایەتییانە هۆكاری خۆی هەبووە كە كۆشكی سپی بەرنامەی داناوە بۆ ئەوەی سەرۆكەكەی لەگەڵیان كۆببێتەوە.
سێ لەو سەرۆكانەی كە ترامپ وەك سەرۆكی رۆژهەڵاتی لەگەڵیان كۆبووە، سەرۆكەكانی (پاكستان، عێراق، كوردستان) بوون، ئاشكرایە پاكستان یەكێكە لە هاوپەیمانە دێرینەكانی ئەمریكا و كارەكتەرێكی سەرەكییە بۆ وتووێژەكانی نێوان ئەمریكا و تاڵیبان، هەموو كاتێكیش پاكستان پاڵپشتییەكی گەورە بووە، بۆ سیاسەتەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، سەبارەت بە كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمە جیا لەوەی لەسەر گرووپ و هێزەكانی حەشدی شەعبی سەركۆنە كرا، بەڵام ئامانجی ترامپ لەم كۆبوونەوەیە ئەوە بوو كە عێراق ناچار بكات، ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكات كە پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق دەریكردووە، بەڵام لەناو ئەم هۆكارانەدا، كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كوردستان هۆكارگەلێكی دیكەی هەبوو، بەتایبەتی كە سەرۆكی كوردستان جیا لەو دیدارەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە داڤۆس، داوەتنامەیەكی فەرمیشی لە كۆشكی سپییەوە بۆ هاتووە، بۆ ئەوەی لە كۆشكی سپییش جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆك ترامپ كۆببێتەوە.
رێوڕەسمی ئامادەكردنی كۆبوونەوەكە لەگەڵ سەرۆكی كوردستان لەلایەن لیژنەی ئامادەكاری كۆشكی سپی بۆ ئەو دیدارانە و دانانی هەرسێ ئاڵای كوردستان و ئەمریكا و عێراق لە پشت سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی كوردستان، پەیامێكی راشكاوانە بوو لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا بۆ هەموو جیهان، بەوەی كوردستان لەگەڵ ئەوەی هەرێمێكە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام رۆڵی كاراكتەرێكی دەوڵەتی دەگێڕێت لە شەڕی دژی تیرۆر و لە بونیادنانی سەقامگیری لەناوچەكە و لە پەرەپێدان و پێشكەوتن و پیادەكردنی حوكمڕانیی باشدا، بە مانایەكی دیكە، كێشەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە نییە كە جوگرافیای ناوچەكە بۆ حوكمڕانی سەختە، بەڵكو كێشەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە كە سەرۆكەكانیان وەك سەرۆكی كوردستان ئەقڵییەتی دەوڵەتمەداریان نییە و ناتوانن لە ئیرادەی نەتەوەكانیان نموونەیەكی جوانی حوكمڕانی دروست بكەن و پێشكەشی جیهانی بكەن، هەر بۆیە دوای تەواوبوونی دیدارەكە، سەرۆك ترەمپ، سەرۆكی كوردستانی وەك جەنگاوەرێكی مەزن وەسف كرد، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر كوردستان نەبوایە، شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش سەركەتوو نەدەبوو.
سەرۆكی كوردستان لە میانەی بەشداریكردنیشی لەو پەنێڵەی بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێكخرابوو، بۆ یەكەمین جار بە زمانی كوردی پەیامەكەی خۆی پێشكەش كرد و كۆڕبەندی ئابووری جیهانی بە زمانی كوردی ئاشنا كرد، دیارە سەرۆكی كوردستان بێجگە لە زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی، لە زمانی ئینگلیزیش وەك زمانێكی جیهانی بە باشی شارەزایە و لە دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆك ترەمپ بە زمانی ئینگلیزی قسەی كرد، بەڵام قسەكردنی بە زمانی كوردی لە پەنێڵەكەی داڤۆسدا، پەیامێكی دیكە بوو كە نەتەوەی كورد و كوردستان، تەنیا لە عێراقدا بەشێك نییە لەچارەسەركردنی كێشەكان، بەڵكو لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش كاراكتەرێكی چالاكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و فەراهەمكردنی ئاشتی و سەقامگیری و حوكمڕانیی باش و پاراستنی ژینگە لە جیهاندا.
Top